هێرش و مەترسی پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم لەسەر ناوچەکە

 

بەهرە حەمەڕەش

 

بە پێی ئەزموون و مێژووی گەلان، کە گرفت و قەیران لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبن، جۆرێک لە هزر و مۆدێل بەرهەم دێن. وەک قەیرانەکانی شاری ئەسینای یۆنانی کۆن، خۆی لە ئایدیالیزمی "کۆماری پلاتۆنی/ ٣٨٠ پ.ز" دەبینێتەوە. 
 ئاریشەکانی دووبەرەکی و پرت و بڵاوی ئیتاڵیا، خۆی لە پەرتوکی میکاڤیلیدا "میری/ ١٥١٣" دەبینێتەوە. بەهەمان شێوە دەرئەنجامی هەردوو شەڕی جیهانی، کۆمەڵێک ئەڵقە و رێباز، وەک "دادائیزم/ ١٩١٦، سوریالیزم/ ١٩٢٠ و بێهودەیی/ ١٩٤٢" بەرهەمهێنا.

لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم، رەوشی نالەبار و بێهیوایی خەڵکی ئەوروپا، رێگەی دووبارەبوونەوەی دوو چەمک، پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم بەرهەمهێنا. ئەمەش وایکرد، کە هزری فاشیزم ببێتە دەروازەیەک بۆ رزگارکردنی خەڵك، لە ئەنجامدا لە ئیتاڵیا ئەم پارتە سەرکەوت و فاشیزم هاتە سەر دەسەڵات بە سەرۆکایەتی مۆسۆلینی/ ١٩٢٢. بەهەمان شێوە، دەرئەنجامی ئەم رەوشە لە ئەڵمانیا، هزری نازیزم لەناو خەڵکی ئەڵمانیا گەشەی کرد. ئەمەش بەشێکە لە دەرئەنجامی پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم، لە ئەنجامدا نازیەت و هیتلەر/ ١٩٣٣ هاتنە سەر دەسەڵات.

دیارە زۆربەی ئەم نموونانە، کە لە ئەنجامی پۆپۆلیزمی و ئەنارشیزم دەسەڵاتیان بەدەستهێنا، وەکو رووخانی دیواری بەرلین/ ١٩٨٩، کەواتە کەوتنی بلۆکی سۆشیالیزم، لە زیهنیەتی مرۆڤی ئەم بلۆکەدا ژینگەیەکی دروستکرد، کە بۆریس یڵسن/ ١٩٩١ هاتە سەر دەسەڵات. بەهەمان شێوە، گرفتی یەک جەمسەری سەرمایەداری، کە گەشەی بە نیو لیبراڵیزم دا، جیهان خۆی لە قەیرانی ئابوری/ ٢٠٠٨ دا بینییەوە. لە ئەنجامی ئەم قەیرانە، دۆناڵد ترەمپ/ ٢٠١٧ ـــ ٢٠٢١ چووە سەر کورسی دەسەڵات لە ئەمریکا. ئەمە ئەگەر وەک دوێنێ بێت، ئەمڕۆ بەهەمان شێوە و لەسەر هەمان هۆکار، ئەردۆگان لە تورکیا خەون بە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی نوێی عوسمانییەوە دەبینێت. پوتینیش، خۆی وەک ئیپمپراتۆریەتی بلۆکی سۆشیالیزمی جیهانی دەبینێت.

دوای پێشکەوتنی گلۆبال و تەکنەلۆژیا، کە جیهانی بچووک کردەوە، دەرئەنجامی پۆپۆلیزمی و ئەنارشیزم، دوور و نزیک کاریگەری لەسەر ئێمەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گشتی و کورد بە تایبەتی دروستکرد. ئەمەش هەم ئەزموونی کورد کەمە، هەمیش جوگرافیای سیاسی وایکردووە، کە کوردستان بکەوێتە ناو چوارگۆشەی دەوڵەتانی داگیرکار، بۆیە لەسەر ئێمە کاریگەرتر دەبێت. کەواتە دەرئەنجامی ئەم ئەزموونە، کاریگەری راستەوخۆشی لەسەر حوکمڕانی ناوچەکە کرد. بۆ نموونە، چۆن دوای نەمانی فاشیزم و نازیزم، ئەندام و لایەنگرانی ئەوان، چوونە ناو پارتە راسیستەکانی ئەوروپا. بەهەمان شێوە، دوای دەرئەنجامی بەهاری عەرەبی و کەوتنی کۆمەڵێک سەرکردە و پارتەکانی عەرەبی، ئەندام و لایەنگرانی ئەم پارتانە چوونە ناو گروپی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی، وەکو قاعیدە، داعش، جیهادی و تەکفیرییەکان.

ئەگەر ئەم ئەم نموونانە بکەینە پێوەر بۆ خۆمان، دوای سەرهەڵدانی ١٩٩١ و کەوتنی حزبی بەعس لە ٢٠٠٣، ئەندام و لایەنگرە کوردە بەعسییەکانیش هاتنە ناو حزبە کوردییەکان، ئەم پێکهاتە و رەوشە، جۆرێک لە دیسیپلین و پێداگیری نیشتیمانی و شیرازەی حزبایەتی لە کوردستان تێکدا.

لە جیاتی ئێمە بۆ پەروەردە و ئاراستەی دروستی خەڵکی خۆمان، سود لە ئەم هەموو کەناڵە تەکنۆلۆژییانە وەربگرین، بە ئامانجی کاریگەری لەسەر بیر و هوشیاری مرۆڤی کورد، کردمانە هۆکارێک بۆ لێدانی داب و نەریت و رەمزی نیشتیمانی و ئایینی، چونکە هەموومان دەزانین تەکنەلۆژیا وەک شمشێرێکی دووسەرە، دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.

دەرئەنجامی ئەم پەرەسەندنە، بازاڕی ئابوری سەرمایەداری، بەسەر بازاڕی ئابوری ناوچەکەدا زاڵبوو، وەک ئەنجام، بێکاری زیاد کرد. سەرباری حوکمڕانی ستەمکاری ناوچەکە. ئیتر شەپۆل شەپۆل خەڵکی ئەم ناوچانە، روویان لە دەرەوە کرد. دوای چوونی خەڵک بۆ دەرەوە و ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری تیرۆرستی ئیسلامی سیاسی لە دەرەوە. دووبارە زەمینەسازی هزری نازیزم و فاشیزم، رێگای بۆ پارتە راسیستەکان خۆشکرد. هەموو ئەوانە جۆرێک لە بێهیوایی لەناو خەڵکدا دروستکرد، هەر وەک باسمانکرد، سەرهەڵدانی چەمکی پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم، دەرئەنجامی بێهیوابوونی خەڵک بوو لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.

بەپێی پسپۆڕانی ئەم بوارانە، هەتا ئێستا هێچ پێناسەیەک بەرامبەر بۆ ئەم دوو چەمکە نییە، بەڵکو ئەم چەمکانە خۆی لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێك چەمک پێکدێن، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی. زانایەک دەڵێت پێناسەی پۆپۆلیزم "هەموو ئەو شتانەیە، کە تۆ لێی تێیناگەی کۆبکەیەوە و بیخەیە ناو کیسێک"، ئەمە پۆپۆلیزمە. هەروەها پێناسەی ئەنارشیزم کراوە، کە "خۆی لە دەرەوەی هەموو جۆرە رێکخستن و پرەنسیپ و دیسیپلینەکان دەبینێتەوە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێ بڵێت، جۆرێک لە بەرەڵاییە".

ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان دەیبینین، لە رووی نەمانی واتای حزب و ئینتیما، نەمانی دیسیپلین و پرەنسیپەکان، هەمووی لە ژێر کاریگەری ئەزموونی پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم دا پەیدابووە. هەروەها بە درێژایی مێژوو نادادپەروەری و ستەمکاری، کە لەناو کۆمەڵگەکاندا هەبووە، بەڵام ئامراز و دەرفەتی دەربڕین و خۆپیشاندان نەبووە. ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی کەناڵی تەکنەلۆژیا وایکردووە، کە خەڵك شتەکان زیاتر هەست بە ناخۆشی و ناکۆکی و گەندەڵی بکەن.

ئەنارشیزم خۆی وەک ئەلتەرناتیڤی ئیلیتە و کاریزما دەبینێت، بەهەمان شێوە پۆپۆلیزم بە مانای گەل بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە. راستە ئەم گلەیی و گازاندەی، کە ئەمڕۆ هەیە و نەبوونی رۆڵی رۆشنبیران لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان، دەرئەنجامی ئەم مۆدێلەی لە سیستەمە، کارتێکردنی زیاتر لە سەر ئێمە هەیە.

سەرباری ئێمە شار، میترۆپۆل و دەوڵەتیشمان نییە، کە بتوانێ بەردەوام هێز بداتە خەڵك بەرامبەر بە گلۆبال بەرگری لە خۆیان بکەن. لێرەدا دەمەوێ بڵێـم، راستە ئەم دوو چەمکە، کارتێکردنی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی و کورد بە تایبەتی هەیە، بەڵام بەداخەوە دەنگی بەرهەڵستکاری بەرامبەر بەم تەوژمە لەسەر ئاستی کوردستان زۆر کەمە. ئیتر ئەگەر ئاوڕێک لە سۆسیال میدیا بدەینەوە، زۆر بەکەمی باسی کاریگەری و مەترسی ئەم دوو چەمکەی کردووە.

 لەگەڵ ئەوەش، لەم قۆناغەدا هەموو مرۆڤایەتی بەدەست ئەم دوو چەمکەوە دەناڵێنێت، چونکە ئەم سیستەمە زۆر بە ساردی و بە نەرمی لە خاڵی گرنگی کۆمەڵگە دەدات. هەروەها سەرقاڵکردنی خەڵك لە بوارێکدا، کە زۆر لە کێشەکانی خەڵکەوە دوورن. بۆ نموونە، کێشەی هاورەگەزبازی بە هەزاران ساڵە لەناو مرۆڤایەتیدا هەیە، بەڵام ئێستا هەر دووبارە بە کۆمەڵێک کێشەی ترەوە دەناڵێنن. وەک دیالۆگ و گەنگەشەی بێزەنتییەکان، کە لەسەردەمی خۆی خەریک بوو عوسمانییەکان ــ پایتەختی ئەوان بگرن، ئەوانیش مناقەشەیان لەسەر ئەوە دەکرد، کە ئایا فریشتەکان نێرن یان مێ! لەبەرئەوە، ئێمە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینین، کە لە جیاتی ئەوەی هزر پێشکەش بکرێت، پیشان دەدرێت.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، کارتێکردنی ئەم دوو چەمکە نەک بەس ئەمڕۆ وەک کورد لە سەر ئێمە دەبێت، ئەگەر بە وردی بەرامبەری نەوەستین، بەڵکو نەوە دوای نەوە کاریگەری نەرێنی لەسەرمان دەبێت. وەک ئەنجامیش بەرەڵایی لەناو کۆمەڵگە دروستکردووە، چونکە خەڵك لە جیاتی لەسەر جوگرافیای مێشک و عەقڵ قسە بکات، بەشێک لە خەڵک، قسە لەسەر جوگرافیای سک و بن سک دەکەن. ئیتر ئەم رەوشە وایکردووە، کە بەربەرە هزری کۆن و دواکەوتوو، شوێنی هزری نوێ بگرێتەوە!

 

سەرچاوە : نووچە نێت