هیندستان چەند خول ‌و ۆركشۆپێك رادەگەیەنێت

حكومەتی هیندستان چەند خول ‌و ۆركشۆپێكی بەهێزكردن بۆ خوێندكاران و كارمەندانی هەردوو كەرتی گشتی ‌و تایبەت لە هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت، كە چەندین بواری جیاواز لەخۆ دەگرێت و داوا لە فێرخوازانیش دەكات، بەپێی مەرج ‌و رێنماییەكان داواكاریی پێشكەش بكەن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی كونسوڵخانەی كۆماری هیندستان لە هەرێمی كوردستان، كە كۆپییەكی رەوانەی وێبسایتی پارێزگای سلێمانی كراوە، سەرجەم فێرخوازانی هەردوو كەرتی گشتیی ‌و تایبەت دەتوانن داواكاریی پێشكەش بكەن بۆ چەندین بواری جیاواز، بەهەردوو شێوازی ئۆنلاین ‌و ئۆفلاین.
هەر بەگوێرەی نوسراوەكە، سەرجەم تێچووی كۆرسەكان لەلایەن حكومەتی هیندسانەوە دابین دەكرێن ‌و فێرخوازان دەتوانن لە رێگەی ئەم لینكەی خوارەوە داواكاریی پێشكەش بكەن، یاخود زانیاریی پێویست لە بارەی كۆرسەكان وەربگرن:
www.itecgoi.in/index
ئەوەش لە كاتێكدایە، لە ماوەكانی رابردوودا د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لەسەر داوای حكومەتی هیندستان، بەشێوەیەكی فەرمی سەردانی ئەو وڵاتەی كرد ‌و لەگەڵ چەندین بەرپرس ‌و دەزگای حكومیی هیندستاندا تاووتوێی چەند پرسێكی كرد، بەتایبەت پتەوكردنی پەیوەندیی كەلتووریی ‌و خوێندن و بازرگانیی سلێمانی ‌و هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری هیندستان.

 

سەرچاوە: slemani