هۆزی هەمەوەند و دەوڵەتی عوسمانی

هۆزی هەمەوەند لەچاو چەند هۆزێکی کەمی کورد ڕێژەیەکی کەمتری هەیە. بەڵام لەچەندین کاتدا خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکان بووە و لەنێو ئەرشیقی وڵاتانی دەوروبەر و لەچاوی گەریدە رۆژهەڵاتناسانەوە زۆر کاریگەر و جێگە و پێگەیەکی تایبەت و دیاریان هەیە. بەتایبەتی لە مەسەلەی بەرگری لەخۆکردن و نەچوونە ژێر باری هەموو فەرمانێکی عوسمانییەکان. تەنانەت لەچاوی رۆژهەڵاتناسێکی وەک (ئیدمۆنزەوە) کە دەڵێت: هەمەوەند یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی کورد و تا ساڵی 1925 یش لە بەناوبانگترین جەنگاوەر بوون، دەگوترێ ئەوان لە سەدەی هەژدەوە لەوان باکوری کوردستانەوە هاتوون کە خاکی ئێستایان چەمچەماڵ و بازیانە. (لەو کاتەی کە حکومەتی عوسمانی حکومی ناوچەی دا پێیان سنوری هۆزی هەمەوەند لە باکورەوە شوان و بازیان و شاخی تۆکمە، لە باشوورەوە تاووغ سو ، لە خۆرئاواشەوە قەرەحەسەن و شوانی خاسه، لە رۆژهەڵاتەوە زنجیرە شاخی تاسڵوجە و بن زەرد). نیشتەجێ بوون و شێوەی ئاخاوتنیان لە ئاخاوتنی کرماشانی دەچێت کە (زاراوەی ماچۆ)یە تێکەڵەیەک لە (زاراوەی هەورامی و زاوای زەنگەنە)یە. هەر لە سەرەتاوە بوونە پشتیوانی بابانییەکان و شەڕیان لەدژی عوسمانییەکان دەست پێکرد. لەبەر ئەم هۆکارەش هەمەوەندەکان بنیادنەری چەمچەماڵ دادەنێرن. هەروەک چۆن فەقێ قادر بۆ کۆچی دوای (سلێمان کوێخا رەسوڵ) برا گەورەی نووسیوە لە دێڕی پێنجەمدا دەڵێ :
سەردار زۆر مشت سیا ماڵم ڕۆ
عەمارەت نومای چەمچەماڵم ڕۆ

لە زەهاوەوە تا قەسری شیرین
کاتێک لەبەهاری ساڵی 1850زاینیدا بەفەرمانی عەبدولکەریم نادر پاشا ناسراو بە (عەبدی)والی، عەبدوڵڵا پاشا لە قایمقامی سلێمانی لابراو دوورخرایەوە بۆ بەغداد ، ئیسماعیل پاشای میسر جێگای گرتەوە، عەزیز بەگی مامی بەمەبەستی رزگارکردنەوەی سلێمانی ، بەهاوەڵی هەریەکە لە حسێن بەگی برای ، محەمەد ئەمین بەگی کوڕی، عوسمان بەگی برای، قادر بەگ و حەسەن بەگ کوڕانی سلێمان پاشای برای لەگەڵ چەند بەگزادەیەکی دیکەی بابانی و 500 سواری هەمەوەند لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان یاخی بوون کە چەلەبی قەدیمی هەمەوەند یەکێک بوو لە دوانزە سوارەی مەریوان. دوای رووخانی مرنیشینی بابانیش، هەمەوەند بوونە بەربەست و دڕکی بەر پێی عوسمانییەکان. چەندین ساڵ لە شوێنی خۆیان دەربەدەر بوونە و شوێن گۆڕکێیان کردووە. سنووریان دەرباز کردووە و لە زەهاوەوە تا قەسری شیرین چوونە. هەر دوو حکومەت لەدەستیان پەرێشان بوونە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی کوڕە گەورەی ناسرەدین شاری قاجاری وا بەباش دەبینێ کە جوامێر ئاغای هەمەوەند وەک حاکم و دەسەڵاتداری ناوچەی زەهاو دابمەزرێنێت. بەڕای من سەرکەوتنی هەمەوەندەکان لەبەرگریان دژ بە هەوڵەکانی بەمەرکەزیکردنی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەوا بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافی لەباری ئەوان، ئەمەش چ لەنێو شاخەکان چ لەناوچە دەشتاییەکانی سەرسنوور. 
چەند هێرشێکی سەرکەوتوو
مێجەرسۆن لە کتێبەکەیدا دەڵێت :هەمەوەندەکان لە 1874 دا هێرشیان بۆ باشوور کرد و شارۆچکەکانی سەر سنووریان سەغڵەت دەکرد ، لەڕاستیدا ئابڵوقەی مەندەلییان دابوو، کە شاریکی گرنگی سەرسنوورە. بەهۆی لێدانی سوپا و تیرەکانی ترەوە، کشانەوە و چەند هێرشێکی سەرکەوتوویان بۆ باکوور کرد تا گوندەکانی مەسیحییەکان لە دەوروبەری بایەزید، ئیدی گەڕانەوە.
دوای چەندین ساڵ لەناکۆکی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی. بڕیار دەدەن هەمەوەندەکان دوور بخەنەوە. لە ساڵی 1876 بەفەرمانی سوڵتان لەلایەن نوێنەری ئیسماعیل پاشاوە لە کەرکووک لەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێک کۆدەبێتەوە. هەمەوەندیش وەک هەموو هێزەکانی ئەم ناوچەیە 200 سوار دەنێرن بۆ پێشوازی. ئەویش دەڵێ دەمەوێ لەگەڵ هەمەوەندەکان کۆببمەوە نووسراوی سوڵتانم بۆیان هێناوە. ڕۆژی دواتر بەهەمەوەندەکان دەڵێت دەمانەوێ ئێوە بهێنین بۆ رومادی و دوای دووساڵ بڕۆنەوە بۆ ناوچەی خۆتان و دەبێت خێزانەکانیشتان بێنن. بەڵام ئەگەر وانەکەن دەتانبەین بۆ موسڵ. ئەوانیش رازی دەبن و خێزانەکانیان دێنن بەهەموویان دەچنە 900 ماڵ. بەڵام ئەوان درۆیان لەگەڵ دەکەن و بە پیادە دەیانبەن بۆ موسڵ. لەوێ ماوەیەک سجن دەبن. لەوێ چوار پیاو رادەکەن و دێنەوە سنوری چەمچەماڵ. یەکێک لەوانە (مەحمود خدر) دەبێت. دواتر هەر ئەوان خەڵکی موسڵ هاندەدەن کە نابێ ئەمانە لێرە بن. دووبارە بەپیادە دەیان بەن بۆ ئەدەنە لە تورکیا. دوای سێ مانگ دابەشدەکرێن بەسەر ئەم دورگانە قوبرس ، مالتا ، رۆدس ، گرید ، باکوری ئەفریقیا ، جەزائیر و تەرابلوس. ئەم دابەشکردنە چەند ساڵێکی پێچوو.
بە یارمەتی ئەستێرەناسێک
دوای 20 ساڵ هەمەوەندەکان کۆدەبنەوە لە بنغازی و بڕیاری گەڕانەوە دەدەن بۆ نیشتیمان. دوای نۆمانگ بەپێ بە یارمەتی ئەستێرەناسێک کە (محەمەد عەلی غوڵام) بوو دێنەوە بۆ چەمچەماڵ. شایەنی باسە کە لەساڵی 1880 جوامێری هەمەوەند لەتیرەی (بەگزادە) سەری هەڵداو ناوی دەرکرد و (قەسری شیرین)ی کردە مەڵبەندی خۆی. ئەمیش لەگەڵ عوسمانییەکان ناکۆک بوو. لەگەڵ قاچارییەکانیش جاروبار ئاشت و دۆست و جاروباریش ناکۆک بوو چەقۆیان لەیەک ئەسوی ، تا دوایی لەگەڵ ئێران تێک چوو. لە ئەنجامدا هەردوو حکومەت، عوسمانی و قاچار، قسەیان کرد بەیەک و سوپای ئێران بە سەرکردەی (حسام المللک) و هێزی عوسمانی بەسەرکردایەتی (قۆرت ئیسماعیل پاشا)ی دیاربەکرد، لەگەڵ هێزی بەغداد کەوتنە ڕێ. سەرکردە ئێرانییەکە بەبەڵێنی ئاشت بوونەوە جوامێری بەفێڵ بانگ کردو و کوشتی. ئەمە لەساڵی 1886 دا ڕوویدا. پاش ئەمە هۆزی هەمەوەند کشانەوە بۆ قەرەداغ.
دوای ئەوەی کە بەشێک لەهەمەوەندەکان لە بنغازییەوە گەڕانەوە. هەندێکی تریش لە تورکیا مابوون. ئەمانیش خۆیان پڕ چەک کردوو و چوار دەوری موسڵیان گرت و داوای ئەوەیان کرد کە ئەوەندەی کە ماوە بیگەڕێننەوە بۆ ناوچەی چەمچەماڵ. ئەگەر وانەکەن کاولکاری دەکەین لە موسڵ.ئەوانیش بەم داواکارییە ڕازی بوون و ئەو چەند ماڵەی لەتورکیا مابوون. بۆیانی هێنایەوە ناوچەی بازیان و چەمچەماڵ. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە شاکر فەتاح لە ڕۆژنامەی چەمچەماڵ ساڵی 1946 دا دەڵێت : لەکاتی تەنگ و چەڵەمەشدا هەمەوەند سەربەستن و سەر دانەواندن نازانن ، هەر کەسێ ئازاریان بدات دوو جار ئازاری دەدەنەوە و بێ باکن. 

سەرچاوەکان :
1- 
کۆمەڵە شیعری فەقێ قادری هەمەوەند ، کۆکردنەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم. چاپی یەکەم 1980 لاپەڕە 43.
2- هەمەوەند لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، سەرتیپ حەمە ئەمین. چاپی یەکەم 2008 لاپەڕە 73-74.
3- الهماوند بین الوگن و المهجر ، اعداد رشید ملا. 
2010 گبع اول 70.
4- هۆزی هەمەوەند و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی ، کەریم ئاغای هەمەوەند. چاپی یەکەم 2010 لاپەڕە 251 ، 266.
5- مامەڵەی ستراتییژیانەی هۆزی هەمەوەند لە قۆستنەوەی دەرفەتەکانی ململانێی سنوورەکانی عوسمانی و ئێرانی، نووسینی : باربارا هێنیگ، وەرگێرانی : حەیدەر هەمەوەند. چاپی یەکەم 2016 لاپەڕە 25.
6- دوانزە سوارەی مەریوان ، عومەر ئیسماعیل مارف. چاپی یەکەم 2020 لاپەڕە 65.
7- فەقێ قادی هەمەوەند لە بەڵگەنامەی عوسمانی و قاچاریدا ،
کۆکردنەوەی هێمن عومەر خۆشناو. 
چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 18 ، 73.
8 - ڕاپەڕینی ناوچەی چەمچەماڵ ، ئومێد ختاب وەهاب.
چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 23.
9- کۆمەڵە ڕۆژنامەی چەمچەماڵ 1946 ، کۆکردنەوەی گۆران سەلام . چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 105.

محەمەد هەمەوەندی

سەرچاوە: knwe