هونەری گەوجاندنی میللەت..

بەرزان حەمەسوور

 

دەگێڕنەوە،ڕۆژێک کۆنسڵی بەریتانی لەگەڵ میوانێکی ئینگلیزدا لە شاری نیودلهی پایتەختی هندستان بەئۆتۆمبیل دەگەڕێن، لەڕێگادا دەبینن گەنجێکی هندی کە بەرگی دانشگای لەبەردایە بە لەقە بەربۆتە مانگایەک.

کۆنسۆڵ بە شۆفێرەکە دەڵێ: خێرا بوەستە، دێتە خوارەوەو لەپێش چاوی گشت ئەوهاوڵاتیەهیندیانەی لەوێن دەقیژێنێ بەسەر گەنجەکەدا وچەند زلەیەکی لێ ئەداو بەپاڵ گەنجەکە لەمانگاکە دووردەخاتەوە. خێرا خێرا دەست دەهێنی بەسەروپشتی مانگاکە وداوای لێبوردن لەمانگای پیرۆزدەکا!

وەدەستی بە میزی مانگاکە تەڕ دەکاو دەیهێنێ بە کراسەکەی ودەم وچاوی خۆیدا و داوای لێبوردن لە مانگاکە دەکا!.

ئەوخەڵکەی کە لەوێن بە هاواری کۆنسوڵی ئەنگلیزبەئاگادێن.. کەئەمە دەبینن سەریان سووڕ دەمێنێ کە کابرایەکی پایەبەرزی ئینگلیز بەم پۆشاکە شیکەوە وادەکات بۆ مانگایەکی هیندی... زوو دێنە پێشەوەو هەمویان بەکۆمەڵ کوڕنوش بۆ مانگا دەبەن ،ئەوانیش دەست بەمانگادا دەهێنن و میزی مانگا بەدەم وچاوی خۆیاندا دەهێنن، هەرلەوێدا کۆمەڵێکیان کوڕە گەنجەکە پەلکێش دەکەن و دەهێنە بەردەم مانگای پیرۆز وە بەهەمویان دارکارییەکی باشی دەکەن لەتۆڵەی ئەوەی کە کردویەتی لەومانگاپیرۆزە!.

پاشان کۆنسۆڵ بەو دەم وچاو و کراسە میزاویەوە دێتەوە ناو ئۆتۆمبلەکەی خۆی ودەڕۆن، میوانەکەی لێی دەپرسێ ئەرێ ئەوە بۆ وات لەوگەنجە کرد؟.

ئایا تۆبەڕاستی مانگا پەرستی! وە ئەوەی ئەنجامت دا باوەڕت پێ یەتی؟.

جەنابی کۆنسوڵ لەوەڵامدا دەڵێ: " ئەوەی ئەوگەنجە کردی بەهۆش هاتنەوەی مێشکە ولەقە دانە لەو باوەڕە پروپوچانە کە ئێمە ئێستا پێویستمان پێیەتی بۆداگیرکردنی ئەم ووڵاتە، ئەگەر ڕێگابدەین فێر ببن لەقە بدەن لەم باوەڕە پڕوپوچانە هیندستان پەنجا ساڵ دەچێتە پێشەوە، ئەمەش خزمەت بەمانەوەی ئێمە لێرە ناکات وبەرژەوەندی یەکانمان دەخاتە مەترسی یەوە!.  

ئێمە باش دەزانین کە ئەرکی سەرەکی ئێمە لێرە ئەوەیە کە نەهێلین بەهیچ شێوەیەک باوەڕبە پیرۆزی و پەرستنی هێما پڕوپوچەکان جێگایان پێ لەق بێت! هەمیشە بڵاوکردنەوەی پیرۆزی باوەڕو پەرستن و وابەستەبوون بە شتە پڕوپوچەکان وە کەلە ڕەقی بۆ پیرۆزکردنی ئەو باوەڕە، سوپایەکی جێی متمانەی ئێمەیە بۆگەوجاندن و بەکۆیلە کردنی میللەت وە داگیر کردنی ئەم ووڵاتە "