هونەرمەند عیزەت رەئووف ناسراو بە 'ئاغا' کۆچی دواییکرد

هونەرمەندی دیاری سلێمانی عیزەت رەئووف کە بە "ئاغا" ناسراوە، کۆچی دواییکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.9.2022 هونەرمەند کەمال عەلی، هاوڕێی عیزەت رەئووف، هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەی پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە شاری یۆتۆبۆری لە سوێد کۆچی دواییکردووە.

لەبارەی هۆکاری کۆچی دواییەکەی، کەمال عەلی گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر تووشی کۆرۆنا ببوو، هەرچەندە تێیپەڕاندبوو، بەڵام هێشتا نیشانەکانی بەسەر هەناسە و جەستەیەوە مابوو و، ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد."

عیزەت رەئووف عەبدولڕەحمان، ناسراو بە ئاغا، ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی 1983 پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی 2000 چووەتە وڵاتی سوێد. 

عیزەت رەئووف ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆیی شار لە سلێمانی، لە دەیان شانۆ و درامادا وەکو ئەکتەر بەشداریکردووە.

 

سەرچاوە: rudaw