ڕۆژئاوای کوردستان پێنج خولەک بۆ هەڵەبجە بە بیدەنگی لەسەر پێبوون لە رۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری، پێنج خولەک لەسەر پێبوون و یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەلەبجەیان کردەوە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ (١٦ی ئازار)، ٣٥ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا تیدەپەڕێت کە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی بێتاوانی کورد شەهید بوون.
کوردان لە چوار پارچەی کوردستان و جیهان، ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا یادی شەهیدانیان کردەوە. یەکێک لەو هەرێمانە، رۆژئاوای کوردستان بوو.
هاوڵاتیان، کارمەندانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو شارەکانی رۆژئاوا، پێنج خولەک بە بێدەنگی بەپێوە وەستان و یادی شەهیدانیان کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بەم بۆنەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا، پەیەدە یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵبجەی کردەوە و وتی، " پاراستنی دەوتکەوتی شەهیدان، تاکە رێگەی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆر قڕکردنێکە لەسەر گەلی کورد."