هاوار رەحیمی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دوو بەرهەم لە 26مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فلیکەرز رۆد لە ئەمریکا بەشدار دەبێت.
کورته فیلمی 'کاتژمێر سفر' له نووسینی و دەرهێنانی هاوار رەحیمی، لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارە و بۆ قۆناخی پێش کۆتایی فیستیڤاڵ بەربژێرکراوە و پێشتر لە 13یەمین فیستیڤاڵی فیلمی ئانجلیکای ئەمریکا بەشداربووە.
ماوەی فیلمەکە 10 خولەکە و چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە بەشەو کار دەکات، هاوژینەکەی لە ترس و دڵەڕاوکێی خۆی لە تەنیایی شەوانە و بێزاربوونی ئاگاداری دەکاتەوە و داوای گەڕانەوەی لێدەکات، بەڵام ئەویش ئەگەر بگەڕێتەوە کارەکەی لە دەستدەدات.
ئەم بەرهەمە لە جۆری فیلمە دراماییە جۆش و خرۆشەکاندایە و رووداوەکانی لە ناوچەی زاگرۆس روودەدەن.
هاوار رەحیمی، بە رووداوی راگەیاند، فلیکەرز رۆد پرۆگرامێکە، کە لە شەش فیستیڤاڵ پێکدێت، ئەم فیلمە لە یەکێک لە فیستیڤاڵەکانی بەشدارە و براوەی فیستیڤاڵەکە دەبێتە بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار و بافتا. گوتیشی "فلیکەرز رۆد یەکێک لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی ئەمریکا و دنیایە کە پاڵپشتی لە فیلسازە سەربەخۆکان دەکات".
بەرهەمی دووەمی ئەو دەرهێنەرە کە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارە، سیناریۆی کورتە فیلمی 'کچی زەریا'یە و لە ژانری بەرهەمە فانتازی، ریالیتی وجادووییە و هێشتا وەک فیلم بەرهەم نەهاتووە.
سەرچاوە: rudaw