سۆران
نەوا ژنێکی بەهرەمەندە لە سۆران و خۆڕسکانە دەستوپەنجەی لەگەڵ هونەری شێوەکارییدا نەرم کردووە، ئەو هونەرمەندە دەڵێت: لەداهاتوودا دەمەوێت خەم و ناسۆری ژنان، سەرکەوتن و ڕۆڵ و پێگەیان لەناو تابلۆکانمدا بنەخشێنم.
نەوا حەیدەر، ژنێکی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و دایکى یەک منداڵە، بەبێ ئەوەی بڕوانامەی هەبێت و خوێندکاری بەشی هونەربێت، لە هونەریی شێوەکارییدا خاوەن بەهرەیەکی تایبەتە، توانا هونەرییەکانی لە پێشانگایەکی شێوەکارییدا، بە ٣٦ تابلۆ نمایشکرد.
نەوا لەبارەی بەهرەمەندییەکەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: من دایکى منداڵێکم و هیچ بڕوانامەیەکیشم نییە، بەس ئەوە نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم خەونەکانم و نیشاندانی ئەو هونەرەی کە هەمە، بۆیە بەردەوام وێنەم دروست دەکرد.
لەبارەی بایەخدان بە پرسی ژنان و ڕەنگدانەوەیان لە تابلۆکانیدا نەوا وتی، بۆ ئەم پێشانگایە تەنیا یەک تابلۆی ژنم داناوە، کە تەعبیرە لە دەرخستنی ژنێکی ئازا و ئازاد، کە دڵخۆشە و سەما دەکات، بەڵام لەداهاتوو دەمەوێت خەم و ناسۆری ژنان، سەرکەوتن و ڕۆڵ و پێگەیان لەناو تابلۆکانمدا بنەخشێنم و بایەخی تایبەت بە پرسەکانی ژنان دەدەم.
هەر لەبارەی توانا هونەرییەکانی نەوا حەیدەرەوە باپیر ڕواندزی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سۆران بە ڕۆژنیوزی وت: مەبەستمان لە کردنەوەی پێشانگا بۆ تابلۆکانی نەوا ئەوەیە، کە تواناکانی دەربخەین و نیشانی خەڵکی شارەکەی بدەین، چونکە ژنان و کچانی ئەم شارە دەست ڕەنگینن و بەهرەمەندن و پێویستە پشتیوانی بکرێن.
وتیشی، دەمانەوێت تەواوی خەڵکی ئەم سنوورە تواناکانی ئەم ژنەی سۆران ببینن لەبواری شێوەکارییدا.
سەرچاوە؛ ڕۆژنیوز