کنێر عەبدوڵا
کاتێک لە پایتەختی کوردستانەوە (دەنیزجەودەت) بە شەهیدکراوی دەنێرێتەوە باکوری کوردستان دایکەکەی لەسەر تەرمی کوڕەکەی دەڵێت: "کوڕەکەم شەهیدی کوردستانەو هی هەرچوارپارچەی کوردستانە ...." شەهیدکردنی دەنیزو ووتەکەی دایکی کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی شەهیدبوونی سێ گەنجی دژە تیرۆر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەرئەنجامە ،وهۆکارو کێشەو باسکردنی زۆر لەخۆدەگرێت کە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی وحکومەت وحزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاوڕدانەوەو هەڵوێستی یەکگرتوو ویەکلاکەرەوەی جدی وراشکاوانەیان هەبێت لەبارەی ئەنجامدەرانی کە لای هەموو کەس روونە کێ وبۆچی ئەم روداوە یەکلەدوای یەکانە ڕوو دەدەن؟
من لێرەدا نامەوێ بچمە نێو شیکارکردنی ئەو دۆخە و باسکردن لەو واقعە ؛ هێندەی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هەڵوێستی ئەو دایکەی پاش چەندین ساڵ نەبینینی کوڕەکەی بە شەهیدکراوی لە خاکی کوردستاندا تەرمەکەی دەباتەوە و لە قسەکانیدا هەستی نیشتنمانپەروەرێتی و خاكی کوردستان وهاوڵاتیبوون و کوردبوون وخەباتکردن لە کوردستاندا بۆ ئامانجە گەورەکە کە کوردستانە بەیەک پاکێج دەخوێنێتەوە ؛ ئەمە لەکاتێکدا گەر کەسێک بە ووردی خوێندنەوەی هەبێت و بە ووردی سەیری هەڵوێستی زۆرێک لە میدیا، حزبە سیاسییەکان ، حکومەت و خەڵک وهتد لە باشوری کوردستان بکەین لە هەمان رۆژدا ، دەگەینە ئەوەی بڵێین پاش زیاد لە ٣٠ ساڵ حوکمڕانی باوەر بەو پەندە کوردییە بکەینەوە کە وتراوە: "ئاش لە خەیاڵێک وئاشەوان لە خەیاڵێک"
بە واتایەکی تر لە هەموو ئەو کاراساتانەدا درک دەکەیت هیچ کاردانەوەیەکی جدیی ویەکگرتوو وەک کوردو خەڵکی کوردستان بەدیناکرێت لە بەرامبەر بکەراندا کە دژە کوردو کوردستانە ، ئەوەی ئەکرێت ناڕەزاییە لە ڕێی بەیاننامەیەک یان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی کە دەرئەنجام وەک هەموو جارێک زمانی هەمووان هاوشێوەی یەکتر دەبن وزۆرجارئەکەویتە گومانەوە لەوەی کێ لایەنگر وکێ نەیاری مەسەلەکەتە وەک کورد؟!
بە نمونە تەلەفزیۆنێک ،نیشانەی پرسەی بە شاشەکەوە نەکرد، حکومەت پرسەیەکی سەرتاسەری گەر بۆ ساتێکیش بێدەنگی بێت بۆ ئەو کارە تیرۆریستانەی رویدا ئەنجام نەدا، رۆژنامەیەک لەبری راگەیاندنی ماتەم ،لە یەکەم لاپەڕەی رۆژنامەکەیدا بابەتی هەمەڕەنگ وباسکردن لە هومنەرمەندە جیهانییەکان دەبێتە جێی باسی ،و لەبری نیشاندانی هەڵوێستی ناڕەزایەتی ویەکگرتووانەی خەڵک لەسەر شەقام و کوچەو کۆڵانەکاندا، بێدەنگی وهاوخەمیی وبێئومێدی و بێچارەیی بۆتە دەرئەنجامەکان لایان و هەندێ جاریش لێرەولەوێ وەک هەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبین دەوترێت:" هیچ نەماوە نەیکەین"،"هەر ئەڵێین وکەس گوێمان لێناگرێت"، " شتێک نەماوە بە ناوی کوردایەتی و نیشتمان " وئەمانەو چەندینی تر. خودی هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن: بەرنامەی حوکمڕانی لە باشوری کوردستاندا پێویستی بە پیاچونەوە هەیە، حزبە سیاسییەکان پێویستیان بە گۆڕینی بەرنامەو کلتوری سیاسی هەیە، خەڵکی کوردستان دەبێت خۆیان چارەنوسیان دیاری بکەن ، ولە هەمووی گرنگتر پێمان دەڵێت:
" نیشتمانپەروەرێتی لە قەیراندایە و گەر فریای خۆمان نەکەوین هەموو دەگەڕێینەوە خاڵی سفر و خراپتر، چونکە بێ بەهاکان ،وهەستکردن بەهاوڵاتیبوون ،و ئینتیمابوون بە نیشتمان، ئەوانیتر رێچکە راست وراستەقینەکەی خۆی ناگرێت".
سەرچاوە : سپی میدیا