نوێترین به‌رهه‌می قوبادی جه‌لیزاده‌ بڵاو كرایه‌وه‌

خولێك بۆ فێربوونی گریان، نوێترین كتێبی قوبادی جه‌لیزاده‌یه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 171 ده‌قی سه‌رنجڕاكێش و له‌ چاپخانه‌ی كارۆ چاپ كراوه‌.
قوبادی جه‌لیزاده‌ به‌ "وشه‌"ی گوت، له‌ ماوه‌ی 171 رۆژدا 171 ده‌قم نووسی، به‌وه‌ش ئاڵنگاری ئه‌وانه‌م كرد كه‌ پێیان وایه‌ شیعر ئیلهامه‌ و له‌ شوێنێكی نادیاره‌وه‌ بۆ شاعیر دێته‌ خوارێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ بڵێن شاعیریش جۆره‌ پێغه‌مبه‌رێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی و له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌هاوه‌ لاپه‌ڕه‌ی پێ پڕ ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌و گوتی، شیعرسازی واتێده‌گه‌م ئه‌وه‌نده‌ی پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ بێت، نیو ئه‌وه‌نده‌ نووسین و داهێنان نه‌بێت، شاعیر ده‌بێ شوێنهه‌ڵگر بێت و جێپێی شیعر هه‌ڵبگرێت و به‌دوایدا بچێت تا ده‌ستگیری ده‌كات. هه‌ر چوارده‌وری شاعیر شیعره‌، به‌ڵام چاوی تایبه‌تی ده‌وێ بیبینێت و بیدۆزێته‌وه‌ و هه‌ڵیانگرێته‌وه‌ و بیانخاته‌ڕوو''.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ ڕوو، شاعیر كه‌ بووه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونی دوور و درێژ و قاڵبووی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوو، ئیتر شیعرسازی ده‌بێ به‌ جۆرێك له‌ پیشه‌ و شاعیریش به‌ جۆرێك له‌ پیشه‌وه‌ر، ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕیی ئیلهام ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ له‌ وه‌هما ده‌ژین و ئه‌و شتانه‌ش كه‌ به‌ناوی شیعره‌وه‌ ده‌یاننووسن، وه‌ك په‌شمه‌ك وان به‌ چركه‌یه‌ك له‌ناو ده‌می خوێنه‌ردا ده‌توێنه‌وه‌ و شوێنه‌وارێكیان نامێنێ، ئه‌و ته‌رزه‌ نووسینانه‌ كفنی خۆیان له‌گه‌ڵ خۆیاندایه‌.

به‌گوته‌ی جه‌لیزاده‌، ده‌قه‌كانی به‌گشتی گوزارشتن له‌ ئه‌ڤین و دڵداری و نیشتمانپه‌روه‌ری و جه‌سته‌ و جوانی و شه‌هید و سروشت، به‌ڵام له‌م كتێبه‌دا گوزارشتن له‌ مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشت و بوونه‌وه‌ر.

جێی باسه‌، ئه‌م كتێبه‌ له‌ شێوه‌ی ئه‌لبوومێكی ڕه‌نگاوڕه‌نگدایه‌، هونه‌رمه‌ند ڕێبوار سه‌عید وێنه‌سازی و باسم ره‌سام دیزاینی به‌رگ و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌یان به‌ شێوازێكی هونه‌ری و سه‌رنجڕاكێش كردووه‌.

كتێبه‌كه‌ 171 ده‌قی له‌خۆ گرتووه‌ و فازیل شه‌وڕۆ سه‌رنج و تێڕوانینی خۆی له‌سه‌ر ده‌قه‌كان و ئه‌زموونی شیعریی قوبادی جه‌لیزاده‌ نووسیوه‌، به‌ تیراژی هه‌زار دانه‌ له‌ چاپخانه‌ی كارۆ چاپ كراوه‌، له‌ ڕێی كۆمپانیای بلاڤ په‌یكه‌وه‌ به‌سه‌ر كتێبخانه‌كانی شار و شارۆكه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

قوباد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی "وشه‌"ی به‌هه‌لزانی و گوتی، "چیتر كتێبه‌كانم بێ به‌رانبه‌ر ناده‌م به‌ خوێنه‌ر و ئیتر ده‌یانفرۆشم، چونكه‌ به‌ یه‌كسانی دابه‌ش نه‌ده‌بوو به‌سه‌ر خوێنه‌ردا، تا ئه‌م ساته‌ش هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم چاپ كردووه‌  و هیچ كه‌س و لایه‌نێك هاوكارم نه‌بووه‌.''

قوبادی جه‌لیزاده‌، شاعیره‌ و خه‌ڵكی شاری كۆیه‌یه‌ و له‌ سلێمانی داده‌نیشێ، چه‌ندان به‌رهه‌می تری چاپ كراوه‌.

نمونه‌یه‌ك له‌ ده‌قه‌كانی ناو كتێبه‌كه‌.

سپی سپییه‌ پێستی به‌فر

لێ سێ منداڵه‌كه‌ی له‌ خۆی ناچن؛

نه‌ گوڵ

نه‌ گه‌ڵا

نه‌ كانی

قه‌ندیل وازی له‌ مه‌لایه‌تی هێناوه‌

مه‌ندیله‌كه‌ی فرۆشت به‌ هه‌تاو

ده‌ستپێك بارین، 

چه‌ند ڕێژنه‌ بارانێكی ڕووت بوو

كه‌چی ئێواره‌،

خۆی به‌ چارشێوێكی سپی داپۆشی.

ته‌نیا،

ئاوه‌ڵكراسێكی سپی سپی، كورت كورتی له‌ به‌ردایه‌

له‌ودیو مینای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌، 

گوێم له‌ چۆقه‌چۆقی ددانی به‌فره‌.

ده‌قی ژماره‌ 138

ئاوه‌ڵكراس
ئه‌م ده‌قه‌م له‌ ژووری نوستنی به‌فردا دۆزییه‌وه‌

 

سەرچاوە: wishe