بەكورتی لەبارەی گەنجێتی نووسینەوە
زۆرجار كە قسە لەسەر ئەدەبی گەج دەكرێ كەسانێك پێیان وایە قسە لەسەر تایبەتمەندی گەنج دەكرێ، ئەم تێگەیشتنە بۆ ئەدەبیاتی گەنج و گەنجێتی ئەدەب بۆخۆێ كێشە و درز دەخاتە تەواوی ئەدەبیاتەوە، لەبنەرەتدا قسەكردن لەسەر ئەدەبی گەنج قسەكردنە لەسەر تێگەیشتن بۆ گەنجێتی ئەدەب، واتا ئەدەبێك لەرووی فیكرەوە گەنجە، نەك گەنجێك خاوەنی دەقەكەیە، ئەوەی ئەدەب و تایبەتمەندی ئەدەب پێویستی پێ نیە دیوە بایۆلۆجییەكەی گەنجێتییە، بیرمان نەچێ یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پێشكەوتنی ئەدەب تێگەیشتنە لەچەمكی ململانێ، ململانێی نێوان نەوەكان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی جیاواز بۆ فیكر و عەقڵ سەرهەڵدەدات، ئەوەی بەردەوام گرفت دەخاتە بەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ ململانێ جۆری بیركردنەوەیە لە تێگەیشتنی گەنجێتی، ئەوەی بەردەوام كایەی رۆشنبیریی ئێمە تووشی قەیرانی چەقبەستوویی و قبوڵنەكردنی ئەوی دی كردووە، قسەكردنە لەسەر نووسینی گەنج وەك تەمەن، راستە لەهەندێ بواردا تەمەن رۆڵی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام مومكین نیە بە پێوەری گەنجێتی بەمانا بایۆلۆجییەكەی بە شێوەیەكی گەشتی نووسین لە قاڵب بدرێت، مێژووی ئەدەبیاتی دونیا شایەتی ئەوەن، سەرهەڵدانی ململانێكان لەسەر هەمان بنەما تووشی بەریككەوتن دەبن، بۆیە بە بروای من بۆساغكردنەوەی ئەم جۆرە قسەكردنە لەسەر نووسینی گەنج یا گەنجێتی نووسین، دەبێ پشت بەتوانا مەعریفییەكەی گەنجێتی ببەستین، نووسن بۆ خۆی دەتوانێ گوزارشت لە گەنجێتی و پیرێتی عەقڵ بكات، ئەگەر تێگەشتن بۆ دونیا و فیكر تێگەیشتنێكی كۆنزەرڤاتیڤانە بێت مومكین نیە بتوانی جیاوازی نێوان گەنج و گەجێتی بخەیتەروو، نووسەر لەهەر قۆناغێكی تەمەنیدا بێت تۆ دەروانیتە عەقڵ و تێگەیشتنی نووسەر بۆ شتگەلەكان، بۆیە لەهەر قۆناغێكی رۆشنگەریی ململانێكان سەرهەڵدەدەن، ململانێكان لەسەر بنەمای تێگەیشتنە جیاوازەكانی نێوان ئەو دوو نەوەیەیە، واتا نەوەیەك بە عەقڵێكی مۆدێرنەوە گوزارشت لە عەقڵانییەت دەكات و نەوەیەكی تر كە نەوەی كۆنە بەدەسەڵاتێكی دیسپۆتیزمی مامەڵە لەگەڵ دۆخی عەقڵانییەت دەكات، بۆیە سەرهەڵدانی ململانێی و تێگەیشتنی جیاواز بۆ ئەدەبیات و عەقڵانییەت بۆخۆی گەنجێتی نووسینە نەك نووسینی گەنجانەیە،نووسینی گەنجانە واتا ناكامڵی لەعەقڵ، ئەمە نەك بەو مانایەی من تێگەیشتنێكی ناجۆرم لەسەر چەمكی گەنجێتی هەبێ، چونكە لەبنەرەتدا چەمكی گەنج لەڕووە سایكۆلۆجی و بایۆلۆجییەكەیەوە تووشی دەیان گرفتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و عەقلانی دەبێتەوە، بۆیە لێرەدا گەنج وەك پێوەرێك بۆ تواتای نووسین و تێگەیشتن لەنووسین بەرجەستە دەكەم، بۆیە بیرمان نەچێ بەردەوام ئەوەی ئەدەبیات و عەقلانییەت بەرەو پێشەوە دەبەن گەنجەكانن، واتا ئەوان لەناو فەزای چەقبەستووی رۆشنگەریی و ئەدەبیاتدا فۆرمی تازە بۆ رۆشنبیریی دەخەنەروو، ئەم فۆرمە پێی دەوترێت گەنجێتی نووسین، واتا ئەم جۆرە نووسینە لە شكلەدا تازەن، هەمیشە نووسینی تازەش جیگە بەنووسینی كۆن لەق دەكات، لەقیش نەك بەو تێگەیشتنەی بنبری بكات، دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێت ئەوانەی ئەمرۆ دەكەونە بەر رەخنەی گەنجێتی نووسینەوە بۆ خۆیان بەهەمان قۆناغدا تێپەریون و رۆژێك لەڕۆژان ئەوانیش بەهەمان شێوە توانیویانە تەكانێك بە دونیای رۆشنبیریی بدەن، بۆیە دەبێ زۆر بەئاسایی ئەم نەریتە قبوڵ بكەین، ئەم رێچكەیە هەموو كایەكانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتووەتەوە نەك تەنها ئەدەب و رۆشنگەریی، دواجار ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە نووسین بۆخۆی گەنجێتیە بەڵام لەفۆرمێكی عەقڵانیدا، واتا ئەوانەی دەنووسن مەرج نیە هەمووی نووسینگەلێكی گەنج بن، جارێكی تر دەیڵێمەوە گەنجانە نەك بە دیوە بایۆلۆجییەكەیدا، بەڵكو بە دیوەمەعریفییەكەیدا، خەڵكانێك هەن پیرن بەڵام بابەتەكانیان گەنجە، بەپێچەوانەوە هەیە گەنجە بابەتەكەی پیرە، بۆیە لێرەدا دەبێ نووسین لە سیاقی عەقڵەوە تەماشا بكەین نەك تەمەن.
داناعەسكەر
Apr 26, 2022
سەرچاوە: galawej