نمونەیەکی زیندوی ،سەرکەوتنی لاوێکی کورد ی باشوری کوردستان لەپرۆسەی تێکەڵاوی کلتورەکان لەووڵاتی ئاڵمانیا ( Integration )

 

مامۆستا جەعفەر

ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN

 

 

هەر لە ئێستاوە كاكە ( سان جۆڵا ) بناسن !

 

میدیاكانی ئەڵمانیا پێشبینی ئەوە دەكەن ; گەنجێكی كوردی بیست ساڵان ، لەو وڵاتەدا ، داهاتوویەكی گەش و جوانی هەبێت .

ماوەیەكە كاك سان جۆڵا دەناسم . هەموو جارێك یەك دوو كتێبی گەورەی ئەڵمانی یان كوردی پێیە . هەموو جارێك وەكو پێشەوایەكی سیاسی گەورە دەدوێت . نازانم كوردیەكەی یان ئەڵمانیەكەی پاراوترە . كوڕێكی زیتەڵەی وتووریایە .

میدیای ئەڵمانی بەهۆی چالاكی و توانای دەربڕین و بەهرەمەندییەوە بایەخێكی زۆری پێدەدەن . كەناڵی ئاسمانی WDR ئەڵمانی بەرنامەیەكی نایابی لەسەر ئەم لاوە كوردە زیرەكە بلیمەتە ساز كردووە . من ڤیدیۆكەم بۆ هەشت نۆ ئەڵمان نارد . ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە ، كە ئەم لاوە كوردە ، ئەگەر لە ئەڵمانیادا بمێنێتەوە و درێژە بە چالاكی سیاسی خۆی بدات ، داهاتوویەكی زۆر گەش و رووناك چاوەڕوانی دەكات . شایانی ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان ببێتە كانسلەری ( سەرۆك وەزیران ) ئەڵمانیا .

ساندرای پێشكەشكاری بەرنامەی Lokalzeit كەناڵی ئاسمانی WDR بە ئەوپەڕی سەرسووڕمانەوە گوێی لە شیكاری و توانای دەربڕین و داڕشتنی كاكە سان دەگرت .

 

كاكە سان نوێنەراتی لاوانی ئەڵمانیای لە كۆڕبەندی داڤۆس- Davos كردووە . یەكێك لە خەونەكانی ئەوەیە خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی وەربگرێت . بێگومان سان چالاكوانێكی سەرسەخت و رۆشنبیرێكی خاوەن هەڵوێستە . ئەو بە حوكمی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەیان كەسایەتی گەورەی ئەڵمانیا وەكو ئۆلاف شولتس سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئەڵمانیا و ( فرانس مونتەفێری ) سەرۆكی پێشووی حزبی سۆسیال - دیموكراتی ئەڵمانی و كاندید بۆ پۆستی كانسلەر ئەڵمانیا ( سەرۆك وەزیران ) و پرۆفیسۆر لاوتەباخ وەزیری تەندروستی و سەرۆكی پەرلەمان و چەندین پرۆفیسۆر و كەسایەتی ناسراوی ئەوێ ، كە ئەم زۆر بە جوانی كێشەی كوردی بۆ روونكردوونەتەوە .

كەم گەنجی كورد ئەو هەلومەرجەی بۆ هەڵدەكەوێت ، ئەو ئەڵمانیە جوانە فێربێت و سەرنجی میدیای ئەڵمانی بۆ لای خۆی رابكێشێت .

راستە میدیای كوردی و ” چینی ” سیاسی كوردی هێشتا ئەم لاوە بەهرەمەندە ناناسن ، هەروەكو چۆن سەدان بەهرەمەند و داهێنەری كوردی ئێرە ناناسن . گرنگ ئەوەیە لاوێكی بیست ساڵانی كورد ، لە تاراوگەدا ، جێگەی خۆی بە ئاسانی كردۆتەوە و دەتوانێت ; دەنگی كورد بگەێنێتە هەموو جیهان .

كاكە سان بەخێر بێیتەوە بۆ نیشتمان . لای ئێمە تۆ وەكو لووتكەی پیرەمەگروون و گمۆ و زمناكۆ بەرز و بڵندیت . هەربمێنیت و نمونەتان زۆرتر بێت .