ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك لە چوارچێوەی کارەکانیدا گرووپی میوزیکی «خاک»ی راگەیاند و دەسپێکی کارەکانیان کۆنسێرتێکی هونەری دەبێت لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی.
ئەحمەد مەحمود بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك رایگەیاند، گرووپە میوزیکییەکە لە کۆمەڵێک هونەرمەندی گەنج پێکهاتوون کە ژمارەیان 15 میوزیکزانە لەگەڵ حەوت گۆرانیبێژ، بەستایلێکی گەنجانەی میکس لە نێوان فۆلکلۆر و ئەو ستایلەی هەیە لە دنیای تازەی میوزیکدا لە رۆژئاوا، کاردەکەن.
وتیشی، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک کارەکانی لەگەڵ گرووپەکەدا رێکخستووە و بۆ هەموو بۆنەیەکیش دەتوانین بەو شێوازەی دەمانەوێت هونەرمەندی تر بەشداری پێبکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپی میوزیکی «خاک» گرووپێکی رەسمیی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک دەبێت، ئێستا تەنها لە شاری سلێمانی کۆنسێرتیان هەیە و پلانیشیان هەیە گرووپەکە لە داهاتوودا لە شارەکانی تریش کۆنسێرتیان هەبێت.
ئەحمەد مەحمود بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك باسی لەوەشکرد، گرووپە میوزیکەکە خۆیان ئەو گۆرانیبێژانە هەڵدەبژێرن کە لە کۆنسێرتەکاندا گۆرانی دەڵێن و کەسانی گەنجیشی تێدا دەبێت کە سەرەتای دەرکەوتنیان بێت.
بەبۆنەی دامەزراندنی گرووپەکەوە، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر - سلێمانی رۆژی 5/11 گرووپی میوزیکی «خاك» کۆنسێرتێک ساز دەکات بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەندی بەهرەمەند لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی و هەموان دەتوانن لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربن.
ناوهندی چاپهمهنی راگهیاندنی خاك ناوەندێكی کەلتوری هونەرییە و له سهرهتای دامهزراندنییهوه له ساڵی 1997 وهك دامهزراوهیهكی سهربهخۆ مۆدێلێكی نوێی كاركردنی راگهیاند، كه تا ئهندازهیهكی زۆر جۆرێك له رچهشكێنی بواری راگهیاندنی دروستكرد و ئێستا ناوهندەکە له چوار بهش پێكهاتووه ئهوانیش بریتین لە تهلهفزیۆنی خاك، رادیۆی خاك، گۆڤاری سیخورمه و سایتی خاك.
سەرچاوە: knwe- ئەسرین محەمەد