ئەوکاتەی ڤۆڵتێر بەهۆی نامەی مۆرکراو، یاخود (letter de cachet) کە تایبەت بوو بەو کەسانەی نەخوازراون، یاخود ڕەخنەگرەکانن، زیندانی کرابوو. بەجۆرێک بەندکراوان بێ دادگاییکردن بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەسەر دەکرێن. هەرچەندە باوکی دەستتێوەردانی کرد بە بەکارهێنانی نامەیەکی لەم چەشنە بۆ دوورخستنەوەی ڤۆڵتێر لە (ئۆلێمپی دنوێرا)ی خۆشەویستی لەهەمان کاتیشدا دایکی دنوێراش بەو پەیوەندییە قایل نەبوو. لە کۆتایی نامەکە هەڵوەشاییەوە و دنوێرا کۆتایی بە پەیوەندییەکە هێنا، چونکە ترسی لە ناڕوونیی داهاتووی هەبوو لەگەڵ ڤۆڵتێر.
بە فەرمانی پاشا من لێرەدا بەندکراوم، ئەوان دەتوانن ژیانم لێ وەربگرنەوە، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی کە هەستی پێ دەکەم بۆ تۆ ناتوانن لێم وەربگرنەوە. دەزانیت، دولبەرە ئازیزەکەم، ئەمشەو دەتبینم، گەر سەر و ماڵیشم لەو پێناوەدا داناوە شاد دەبمەوە پێت.
تکا دەکەم بۆ خاتری خوا بەو چەشنە ئازاربەخش و ناخۆشەی کە دەنووسیت لەگەڵمدا مەدوێ؛ دەبێت بژیت و وریابیت. وەک خراپترین دوژمنی خۆت ئاگات لە دایکت بێت.
چی ترت پێ بڵێم ئازیزم؟
متمانە بەکەس مەکە و خۆت لە ئامادەباشیدا بهێڵەرەوە. هەر ڕووناکی مانگ لەبەر چاو بێت بە نهێنی هۆتێلەکە جێدەهێڵم، گالیسکەیەک دەگرم و پەڕاو و مەرەکەب لەگەڵ خۆم دێنم و نامەکانمان دەنووسینەوە، چەشنی با بەرەو شێڤینینگین دەڕۆین. گەر منت خۆشدەوێت، خۆت ئاسوودە بکە، تەواوی مێشک و توانات وەگەڕ بخە تا یارمەتیت بدەن، مەهێڵە دایکت ئاگاداری هیچ شتێک بێت، هەوڵ بدە و وێنای خۆت بکە.
ئازیزەکەم، دڵنیابە تۆقاندن و هەڕەشەکان بە قورسترین ئەشکەنجە نابنە بەربەست تا خۆشمنەوێیت. نا، هیچ شتێک ناتوانێت من لە تۆ جودا بکات، خۆشەویستیمان لەسەر بنەمای چاکە و و ڕەوشتە، تا دنیا مابێت و ژیانمان مابێت خۆشەویستیمان بەردەوام دەبێت.
هیچ شتێک نییە لەپێناو باشییەکانی تۆدا من بوێریم هەبێت و بیکەم.
ماڵئاوا، تۆ شایەنی زۆر لەوە زیاتریت ئازیزی دڵم، ماڵئاوا...
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: تارا فارس
سەرچاوە: galawej