فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” كە باس لە دایكانی خۆڕاگری شەنگال و ئەو ئازار و ناخۆشیانەی بەسەر خەڵكی شارۆچكەكە لەكاتی فەرماندا هاتووە، دەكات، بڕیارە ڕۆژی13ی ئەم مانگە لە حەوتەمین ساڵیادی ڕزگاركردنی شەنگال نمایش بكرێت.
فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” لەلایەن نووژییان پرۆدەكشن بەرهەم هێنراوە و لە لایەن دەرسیم زێرەڤان، كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، تۆماركردنی لە ساڵی 2018ـەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە ڕۆژی13ی ئەم مانگە، كە هاوكاتە لە گەڵ ڕۆژی ئازادكردنی شەنگال نمایش بكرێت.
فیلمەكە، هەم فكر و هەم دراما و فیلمی دیكۆمێنتاری لەخۆدەگرێت، باس لەو ناخۆشی و ئازارانە دەكات بەسەر خەڵكی شەنگال و ڕزگاربوواندا هاتووە، هەروەها تێیدا تێكۆشانی شەڕڤانانی ئازادی و ئەو دایكانەی كە هیوای سەركەوتن لە دڵیاندا هەیە نیشان دراوە.
فیلمەكە هەروەها باس لە هەنگاوەكانی ڕزگاریخوازان دەكات و جارێكی دیكە بە ڕزگاركردنی شەنگال هیوای گەلی ئێزدی نوێ دەكەنەوە.
فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” لە شەش بەش پێكهاتووە و لەسەر بنەمای ڕووداوی ڕاستەقینە دروست كراوە و هەروەوها ئەو كەسانەی وەك ئەكتەر ڕۆڵیان لە فیلمەكەدا هەیە، لە ڕووداوەكانی كاتی فەرمان، بەرخۆدان و كۆچكردن دا ژیاون.
لە 3ی ئابی 2014 چەتەكانی داعش هێرشیان كردە سەر شارۆچكە و گوندەكانی سەر بە شەنگال و لە ئەنجامدا زیاتر لە دوو هەزار كەس كوژران، نزیکەى شەش هەزار و 400 کەس لەلایەن چەتەكانی داعشەوە ڕفێندران، بەڵام لە ئەنجامی بەهاناوە چوونی 12 گەریلای ئازادی، توانرا گەلی شەنگال لە كۆمەڵكوژی زیاتر بپارێزن، دواتر لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 بە پێشانگایەتی گەریلا و بە هاوكاری هێزەكانی یەبەشە و پاڵپشتی یەپەگە و یەپەژە توانر شەنگال لە دەستی چەتەكانی داعش ڕزگار بكرێت.
سەرچاوە: rojnews