كتێبی نامۆ و نامۆبوون "نامۆیی"، لە هەندێ شیعری حاجی قادری كۆییدا، لە نووسینی د. شوكرییە رەسووڵ، لە دووتوێی 60 لاپەڕەدا لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە لە سلێمانی چاپ و بڵاو كرایەوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە شوكرییە رەسووڵ بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە دوو بەشە، بەشی یەكەم بریتییە لە پێناسەی نامۆبوون و شیكردنەوەی زاراوەكە، مێژووی نامۆبوون لە شیعری كوردیدا و جۆرەكانی نامۆبوون لە شیعری حاجی قادردا، بەشی دووەمیش، باس لە خودی نامۆیی لە كۆمەڵگە و نیشتیمان، كە بە گەشتكردنمان بە ناو مێژووی ئەدەبیاتی هەموو میلەتاندا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بابەتی نامۆبوون پانتایی و مێژوویەكی دێرینی داگیر كردووە.
زیاتر گوتی، لە ئەدەبی كوردیدا، تا ئێستە لە دوو تا سێ لێكۆڵینەوە زیاتر چیتر لەسەر نامۆبوون نەنووسراوە، بەتایبەتی لە شیعری حاجی قادری كۆیدا، بۆیە تا ئێستە ئەمە یەكەم كارە كە من كردوومە، مەسەلەی نامۆیی و نامۆبوون لە ئەدەبی كوردیدا، وەك بابەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، تەنانەت لێكۆڵەرانیش هەمووی چەند ساڵێكە، پەیان بە نامۆ و نامۆبوون لە ئەدەب و فەلسەفەی ئەورووپی و عەرەبیدا بردووە.
رەسووڵ ئاماژەی كرد، ئەوەی لەلام گرنگ بوو شیعرەكانی حاجی قادرە، كە ئاوڕیان لێ بدەمەوە و لەم روانگەیەوە شیكردنەوەیان بۆ بكەم، نامۆ و نامۆبوون "نامۆیی"، لە هەندێ شیعری حاجی قادری كۆییدا، لە دووتوێی 60 لاپەڕەدا لەلایەن دەزگای جەمال عیرفان لە سلێمانی چاپ و بڵاو كراوەتەوە، ئێستە لەبەر دیدی خوینەردایە.
د. شوكرییە رەسووڵ، لە ساڵی 1951 لە سلێمانی لەدایك بووە، لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەب و كەلەپووری كورد لە زانكۆی مۆسكۆ بەدەست هێناوە، لە ساڵی 1978 بووەتە مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و ساڵی 2005 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2002 وەك یەكەم ژنی كورد پلەی پرۆفیسۆری لە زانكۆ سەڵاحەدین وەرگرتووە و خاوەنی 47 كتێبە.
نموونەیەك لە شیعری نامۆیی حاجی قادر شاعیری مەزنی كورد:
هەرمنم ئێستە وارسی عیسا
بێ كوڕ و ماڵ، بێ ژن و مەئوا
غەریبی غوربەتی كردم بە ئەوتان
سەراپا ئەرزی لێ كردوومە زیندان
قوڕی كوێ كەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نایە داخی مووڵك و میلەت.
سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد