نا..بۆ میدیای دەستەمۆکراو..

د.توانا

 

بۆچی لەم  کۆمەڵگە خێڵەکییە نادیموکراتیە بریندارەدا ،دەنگدانەوەکانی بێدەنگی  سفرە ؟

باسی مەکینەی میدیای  زەبەلاحی پارتەکانی کوردستان ناکەین...!

باسی ئەومیدیا سەربەخۆیانەی ئەوروپا ی دیموکرات دەکەین کەهەمیشە چاوکراوەو بەئاگان ولەسەنگەردان ..

گەندەڵەکانی ئەوروپا  تۆقیون لەمیدیاکاران ، چونکە مانشێتێک دەتوانێت حکومەتێک بهەژێنێت..ووتاری ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد پەردە لەسەرکارە نایاساییەکانی سەرکردە سیاسییەگەندەڵەکان  هەڵدەماڵێ .ڕۆژنامەگەری ئازاد گوێی لێدەگیرێ و حیسابی بۆ دەکرێ .. لەلای هاوڵاتیە بێدەنگەکانەوە خۆشەویستە. ئاخر ئەو  تەنها مانشێت وڕاپۆرت لەسەر کەشوهەوا نانوسێ...!

ڕۆژنامەگەری ئەرکێکی پیرۆزە نەک پیشەیەک، نەک بزنسێک بەڵکو مەشخەڵێکە  لە بەرامبەر تاریکی ودرۆ وپێچ وپەناو نادادپەروەری دەستڕۆیشتووەکانی پارتەکانی دەسەڵات، ئەو هەرگیز قبوڵناکات لغاوبکرێت ،چونکە سەبەخۆیە وخۆ ڕاگرە.

بەڵام لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وکوردستان ئەو کاریگەریە گؤڕدراوە بۆ ژمارەیەکی سوک لەدراو، بەبەردەوام دەخلیسکێتە گیرفانی هەندێ لەخاوەن  دەزگاکانی  بەناو میدیاکاروڕاگەیاندنەوە...

ئەمڕۆلەنیشتمان  زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەک شێر هاوار ناکەن. بەڵکو وەکو بەچکەپشیلەکان بەئەسپایی دەمیاوێنن ، بە نەرمی ئەو دەستانەدەلێسنەوە کە خۆراکیان پێدەدەن ودەست بەسەروپشتیانا دەهێنن ..

ئەوان دەریانخست کە لە بەرامبەر پارەدا بێدەنگی دەکڕدرێت.

لە بەرامبەر نزیککەوتنەوە لە دەسەڵات، حەقیقەت دەفرۆشرێت...

لەو شوێنانەی کە ڕۆژێک میدیا وەک قەڵایەک لە دژی گەندەڵی و ستەم وەستابوو، ئێستا زۆرێک لەڕۆژنامەنوسان تەنها وەک نووسەرێک لەحەوشەی پشتەوەی ماڵە بەرپرسێکی دزی سەربەپارتێکی دەسەڵات دەلەوەڕێن ..

بۆیە ئەمڕۆئەم بەناومیدیاکارانە  تەنها بەرپرسن لە هەواڵی ‌هاتنی موچەوهەڵچوون وداچونی نرخی دراو ،ئەوان  بەنرخی دراو و ساڵنامە و نەخشەی هەورەکان  خزمەت دەکەن ، زۆر دەمێکە نرخی خۆیان وقەڵەمەکانیان بێنرخکردووە..!

ئایا ئەمە ڕۆژنامەگەرییە؟

کاتێ.. دەزگایەکی میدیایی دەستەمۆ دەکر ێت !  کاتێک خاوەن قەڵەمێک گوێڕایەڵی هەڵدەبژێرێت لەبری سەربەخۆیی ، ئەوسا تەنها متمانەی میللەت  لەدەست ئەدات. بەڵکوڕۆح وناوەڕۆکی خۆی وەک میدیاکارلەدەست دەدات ودەبێت بەدەزگایەکی چەواشەکار بۆپەردەپۆشکردنی تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی پارتێکی گەندەڵ..

کاتێ ..زەبری قەڵەمی نووسەرێک بە ئارەزووی سەرانی پارتێکە ، نووسین دەبێ بە خزمەتکارو کۆیلە ، دەبێت بەدەنگدانەوەی دەنگی تاکە سەرکردەیەکی گەندەڵ وخۆسەپێن  نەک ئازار و هاوارەکانی نەتەوەیەک .. ئەمە خزمەت بە خەڵک نییە. بەڵکوخیانەتەلەخەڵک .

هیچ بڕگەو زمانێکی شیعریی شاعیرێک ، هیچ سەرنووسەرێکی زیرەک ونیشتمانپەروەر وبەویژدان ، ناتوانێت  دەرگا بەڕووی زیانەکانی ئەو جۆرە خیانەتانە بکاتەوە. ئەم دەرەچەیە وەک جادوگەرە درۆینەکانن، لەبری ڕاستییە ڕەقە بەئازارەکان، وشەی ئاسوودەیی وشادی درۆ دەفرۆشنەوە. ئەوان بۆ چاککردنەوەی نەخۆشیەکان نانووسن، بەڵکو بۆ ئەوەی میللەت هەرلەبێهۆشی وبەنجیدا بمێنێتەوە..!

کۆمەڵگەکان تەنها بەهۆی شەڕەوە خوێنیان لێ ناڕژێت. ئەوان لە بێدەنگی ڕۆژنامەنوسانیش وزەوخوێنیان فرەترلێدەچۆڕێت .

 هەموو بێدەنگیەپڕوکێنە گەشە دەکەن کاتێک ڕۆژنامەنووسان  چاویان لێدەپۆشن.. کاتێک مانشێتی لاپەڕەکانی یەکەم نەک بۆ ڕاستیە دزراوەکان وگەندەڵی و ئابڕووبەرانەی بەرپرسانی پارتەکان ، بەڵکو بۆ خشتەی کاتی هاتنی موچەو درخی دراو و پلەکانی گەرما تەرخان دەکرێن، لە کاتێکدا بڵێسەی ڕاستەقینەی ئازار و نادادپەروەری بەبێدەنگ لەناخی میللەتدا وبێباسکردن دەسوتێت.

بۆ میللەتێکی بەش مەینەت میدیاکار چی دەگەیەنێت کاتێک میدیاکانی لە جیاتی خزمەت بەگەل ونیشتمان  دەبنە خزمەتکارودەروێشی فیرعەونە دەستڕۆیشتووە گەندەڵەکانی سەربە پارتەکانی دەسەڵات ؟

کەگەندەڵی بێ کۆنتڕۆڵ دەمێنێتەوە. ئەوسا خیانەتکاران متمانەی گشتی بەردەوامیان دەبێت. لە زەردەخەنەکردن بۆ کامێراکان، وەک گاڵتەکردن بە حوکمێکی سی وچوارساڵ نەگۆڕی دەست لێنەدراو. کە هەژارەکان بەردەوام باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا دزە دەوڵەمەندەکان لەژێرچەتری دەسەڵاتی کوردی بەردەوام  بێدەنگی قەڵەمەکان بەچەندەها شێوە دەکڕن و دەکڕنەوە..!

نەخۆشی وبرینەکانی ئەمڕۆی جەستەی کۆمەڵگە لە هەژاری، بێکاری ،جیاوازی چینایەتی،حوکم بەعەقڵ وپێوەری خێڵەکی ،نادادپەروەری،نادیموکراتی ونایەکسانی  داهاتووی دزراوی نەوەکانمانن.. بە وشەی گوێڕایەڵی میدیاکارێکی دەستەمۆکراو ساڕێژ نابنەوە. پێویستیان بە بوێری ویەکدەنگی هەیە، گەڕانەوەیەک بۆ ئەو ئازایەتییەی کە سەردەمانێک قەڵەمەبوێرەکان پێناسەیان دەکرد..!

تاچیترمیدیا نەبێتە نوشتەو دوعایەک کە شێخێکی درۆزن بەحەزی گرفتارێک دەینوسێ . پێویستە نوکی قەڵەمەکان  جارێکی تربوێرانە تیژبکرێنەوەوبێنەوە مەیدان وەک نوێنەری گشت دەنگە نەبیستراوەکان و قەڵغانی چەوساوەکان وبەویژدانی میللەتی بەشخورا بنووسن .

ئەو کاتە دەتوانین بەڕاستی هەنگاو بنێین بەرەو چاکبوونەوەئاهەنگ بگێڕین بە لەدایکبونەوەی ڕۆژنامەی ئازادوسەربەخۆی کوردی .