مەسەلەکە هەرچۆن بێت
راوە رۆژنامەنووس
خەڵەف غەفور
دەستووری تورکیا لە رێگەی چەسپاندنی چەند مادەیەکەوە، ئازادیی قسەکردن و نووسین و بڵاوکردنەوەی سەلماندووە و وەکو مافی هەر هاووڵاتییەک دانی پێداناوە، بەڵام بوونی ئەو مادانە بەس نین بۆ هاتنەکایەی رۆژنامەگەریی ئازاد، ئەمە بۆ زۆر وڵاتی دیکەش راستە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
رێژەی هەبوونی ئازادی، هەموو کات بەستراوە بە لۆژیکی سیاسیی پارت و سەرۆکەکانەوە کەوا تا چەند دەتوانن گوێ بۆ رەخنە بگرن و کاری لەسەر بکەن.
دوای دەستبەکاربوونی ئەردۆغان، وردە وردە رێکارەکانی سەر رێی ئازادیی رادەربڕین تەسکتر کرانەوە، ساڵی 2004 کۆمەڵێک رێوشوێن گیرانەبەر کە سزای شەش مانگ بۆ دوو ساڵی بۆ ئەو کەسانە دانا بوو کە دەبنە هۆی "لەکەدارکردنی سیما و ناوبانگی نەتەوەی تورک"، ئەوە بووە سەرەتای هەڵگرتنی کۆمەڵێک هەنگاو کە دواتر ئازادیی رۆژنامەوانی لە تورکیا سنووردارتر کرد.
بەدوای ئەوەدا و ساڵی 2011، بەپێی هەموارێک دەسەڵاتی داخستن و راگرتنی پەخشی تەلەفزیۆنی درایە حکومەت، بەپێی کۆمەڵێک رێوشوێنی لەبەرچاوگیراو، ئەو دەسەڵاتپێدانە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە و کەناڵەکانی راگەیاندن دابخرێن، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان زیندانی بکرێن.
زۆرجاران، سیاسەتوانان رووداو دەکەنە دەرفەت بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانیان، لە تورکیا، دەسەڵات کودەتاکەی ساڵی 2016ی کردە بیانوو بۆ کپکردنی زیاتری ئازادیی رۆژنامەگەری، بەپێی ئامارە باوەڕپێکراوەکان رێوشوێنەکانی کودەتاکە بووە هۆی داخستنی زیاتر لە 100 پێگەی رۆژنامەوانی و زیندانیکردنی 81 رۆژنامەنووسی دژە دەسەڵات، بەڵام راپۆرتەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس لە دەستگیرکردنی 152رۆژنامەنووس دەکەن تا ساڵی 2017، دەسەڵاتیش دەڵێت تەنها 30 رۆژنامەنووس بە تۆمەتی " وەستانەوە لە دژی دەوڵەت" گیراون.
ئەمە وایکردووە، بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، تورکیا وەکو دەوڵەتێکی دژە ئازادیی رۆژنامەگەری پۆلێن بکرێت.
کودەتاکەی ساڵی 2016، بووە دەرفەتێکی رەخساو بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بۆ دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان، هەریەک لە نازلی ئیلی جاک، توێژەر و رەخنەگری سیاسی، قەدری گورسێلی نووسەری سیاسی، هەروەها دێنیز یوسێلی رۆژنامەنووسی بیانی کە بووە یەکەم رۆژنامەنووس بەو شێوەیە دەستگیر بکرێت و کاردانەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
یوسف خەڵەف، تۆمەتبارترین رۆژنامەنووس بوو کە دەستگیرکرا بە تۆمەتی شێواندنی رای گشتی و ئەردۆغانیش وتی "تا من لە دەسەڵاتدا بم، ئەو لە زیندان ئازاد ناکرێت".
هەڵمەتی ئەردۆغان بۆ سەرکوتکردنی رۆژنامەنووسە نەیارەکانی، لایەنی کوردیشی گرتەوە، بۆیە کودەتاکەی کردە دەرفەت و زۆرینەی راگەیاندنە کوردییەکانی داخست بێ هیچ سڵەمینەوەیەک.
لەنێوان ساڵی 2014 بۆ 2016، نزیکەی 1800 سکاڵا لەسەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراون بە بیانووی بێڕێزی کردن بە کەسایەتیی ئەردۆغان، هەر یەکەشیان سزای جیاوازیان هەبووە.
هەر ساڵی 2016، رێوشوێنی توند لەپای کوشتنی ئەندریە کاڵسۆف، کونسوڵی گشتی روسیا لە تورکیا گیرایەبەر، حکومەتی تورکیا قەدەغەکردنی فەیسبووک، تویتەر و واتسئاپی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوەش بووە سەرەتایەکی دیکەی رێگرتن لە ئازادیی بڵاوکردنەوە.
بە کوردی و کورتی ئەوەیە، بارودۆخی رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەری لە تورکیا، لەوپەڕی مەترسیدایە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێ، تورکیا هەر ئەو پێناسەیەی پێ دەبڕێ کە وتراوە بۆتە زیندانی رۆژنامەنووسان.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ