هەرچەندە تیمە میدیاییەكەی ناویان ناوە سەرۆك وەزیرانێكی خۆڕاگر، بەڵام مەسرور بارزانی، لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان شكستی خواردووە و لە ئێستاشدا سێ مانگە نەیتوانیوە مووچە كە ئەركێكی سەرەتایی حكومەتە دابینی بكات.
لە سەرەتای دەستبەكاربوونی، لایەنگرانی حزبەكەی مژدەی ئەوەیان دەدا بە خەڵكی، كە لەژێر سایەی مەسرور بارزانی خەڵكی كوردستان ژیانێكی خۆش و ئاسوودە بەڕێدەكەن، بەڵام لەدوای چوارساڵ دەركەوت كە سەرۆك وەزیرانەكەی پارتی، شكستی خواردووە.
لە كابینەكەی مەسرور بارزانی، هەموو سێكتەرەكان پاشەكشەی كردووە، بۆنموونە لەگەڵ دەست بەكاربوونی، كێشەی دەرمان بۆ نەخۆشخانە حكومییەكانی هەرێم دروست بووە، هاوڵاتیان بە نرخێكی گران و لە بازاڕ ئەو دەرمانانە دەكڕن، كە كۆمپانیا حزبییەكان دەیانهێننە هەرێم.
كێشەكەی تەنها لە كەرتی تەندروستی نییە، نرخی بەنزین بە نزیكەیی 300 دینار زیادی كردووە، باج و رسوماتەكان زیادی كردووە و لەتازەترین داهێنانی سەرۆك وەزیران، پلانی ئەوەی هەیە نرخی پارەی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان زیاد بكات.
جگە لە گرانی و قورستربوونی ژیانی هاوڵاتیان، حكومەتە پۆلیسییەكەی مەسرور بارزانی، دژی ئازادی رادەربڕین وەستاوەتەوە و چەندین چالاك و ڕۆژنامەنوسی بە تۆمەتی جیا جیا زیندان كردووە.
هەرچەندە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان قورستر بووە، بەڵام كابینەی نۆ نەیتوانیوە مووچەی هاوڵاتیان بە تەواوەتی دابەش بكات و هەموو ساڵێك تەنها 10 مانگ مووچەی دابین كردووە، واتا لەماوەی چوارساڵدا زیاتر لە 8 مانگ مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، لە ساڵیادی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لە 10-7-2023، تیمە میدیاییەكەی فیلمێكی بەڵگەنامەییان لەسەر بڵاوكردەوە و مەسرور بارزانیان ناونا “سەرۆك وەزیرانێكی خۆڕاگر”.
ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی، بە تەواوەتی شكستی هێناوە و ماوەی سێ مانگە نەیتوانیوە مووچە دابین بكات و ئەوەی خۆڕاگر بووە فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستانن كە بەردەوامن لەگەڵ حكومەتە شكستخواردووەكەی مەسرور بارزانی.
سەرچاوە : سنورمیدیا