مێژوی بنیادنانی ئەلقوش

فۆتۆ ڕاپۆرت ـ شۆڕش وەهبی

 


مێژوی بنیادنانی ئەلقوش دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی حەوتەمی پێش زایین.

ئەلقوش لەئێستادا ناحیەیە و سەر بەقەزای تلكێفە لە دەشتی نەینەوا، سێ كۆمەڵگە و 83 گوند لە سنورەكەیدا هەن، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 50 هەزار كەسە و زۆرینەیان كریستیانن. 

ئەم شارە دەکەوێتە دامێنی چیای باترا .

دانیشتوانی شاری ئەلقوش زیاتر پەیڕەوی ئایینی مەسیحن و سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆژهەڵاتن، بەڵام باوەڕدارانی ئایینی جووش لەم کۆمەڵگەیە بوونیان هەیە و مێژووش دان بە ڕەسەنایەتی جووەکانی ئەلقوش دەنێت.

لە شاری ئەلقوش زیاتر لە دە کەنیسە و شوێنی کۆن هەیە کە مێژوویەکی دێرینیان هەیە و وەک سایتێکی شوێنەواری گرنگ پارێزراون

شاری ئەلقوش یەکێک لە شارە کۆن و میژووییەکانی کوردستانە و لەڕووی مێژووی و ئایینییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، نەک تەنها لە ناو کوردستان بەڵکو لە سەر ئاستی جیهان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

مێژووی ئەم شارە بۆ سەردەمەکانی پێش لەدایکبوونی پەیامهێن مەسیح دەگەرێتەوە و لە کتێبی پیرۆز باس لە پەیامهێنێکی گەنج کراوە کە بە ناوی (ناحوومی ئەلقوشی) کە یەکێکە لە کەسە مەزن و گەورەکانی ئایینی یەهوودە و توانی پارێزگاری لە بنەماکانی ئاینی جوو بکات و پەرەی پێبدات و چەندین کەسی ئایینی پەروەردە بکات و بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ئایینەکەیان، بیانێرێتە شار و ناوچەکانی دیکە. 

هەروەها لە ساڵی ١٥٠٨ کاتێک خەڵکی ئەلقوش سیقە و بڕوای تەواویان بە پاشای تورک "موراد بیگ" هەبوو، پاشا هیرشی بەرەو ئەلقوش برد و کوشتارێکی زۆر لەوێ روویدا. 

ناوی ئەلقوش لە سەرچاوە مێژووییەکان کە بە زمانی ئارامی نووسراوە لە دوو بەش پێکهاتووە. Al بە واتای خودا و qush بە واتای باشی هاتووە بۆیە مانای وشەی ئەلقوش واتا خواوەندی باشی. بۆچونێک هەیە کە دەڵێ رەنگە ناو یان وشەی ئەلقوش بە Elu-Qushu) یان Elo-Qashto یان (El Qashto بەم سێ شێوازە هاتبێت و ئەگەری هەیە لەگەڵ هێما و نیشانەی خوداوەندی ئاشور کە قەوس یان کەوانێکی بە دەستەوەیە یەک بگرێتەوە، واتا ناوی ئەلقوش بە مانای ناو و هەبوونی ئەم خواوەندە بێت. 

لە شوێنە مێژووییەکانی تری شاری ئەلقوش دەتوانین ئاماژە بە کەنیسە مارمیخا، دێر مار سادونا، دێر ماریوهانان، زیارەتگەی مار شیمون، حرم مار یوسیف، کلیسای مارقەرداخ، دێری خاتینا مە، زیارەتگەی مارت شمونی بکەین.

 

سەرچاوە : هەتوانی کوردستان