د. ئەحمەد فاتح محەمەد
لەم گۆڕانکارییانەی سوریا کەئێستا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ووڵاتانی هەرێمایەتی سەرقاڵکردووە، بێگومان تورکیا سودمەندی یەکەمە لەو دۆخەی کەئێستا هەیە. بەر لە٨ی دیسەمبەر وهەڵهاتنی بەشار ئەسەد، تورکیا زۆر زیرەکانە فشارەکانی تەرجەمەی سەر ئەرزی واقیع کرد هەر بۆیە لەڕێگای هەیئەی تەحریری شام هێرش وپەلامارەکانی دەست پێکرد، بێگومان ئەمەش بەسود وەرگرتن لەو دۆخەی لە لوبنان وغەزە بەڕێوەدەچوو.
ئێران وڕووسیا بەجۆرێک دەستیان لە ئەسەد هەڵگرت کەپێشبینی نەکراوبوو. تورکیا زیرەکانە دەستی وەشاند هەژمونی خۆیان بەسەر دیمەشق دا سەپاند. پاشان لەئێستادا وەک داکۆکیکردن لەفەڵەستین ئاوارەکانی غەززە بەپارەی قەتەر لەسنوری نێوان سوریا وتورکیا نیشتەجێ دەکرێت کوردی سوریا و تورکیا لەیەک دادەبڕن ئەمەش بەدروستکردنی چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بۆ ئەمەش تا ماوەیەکی زۆر ئەم ئاوارانەی غەززە دەبنە دەستکەلای تورکیا وسنوری خۆی پێ دەپارێزێت، لەجیهانی ئیسلامیشدا خۆی وەک پاڵەوان نیشان دەدات.
تائێرە تورکیا سودمەندە لەم دۆخەی هاتۆتە ئاراوە، ئەگەرچی زیاتر سێ دەیەیە ئێران هەژمونی بەسەر سوریادا هەبووە، بەڵام تورکیا ئەو خەونەی هەیە جێگەی ئێران بگرێتەوە لەسوریا.
بەڵام خەونی تورکیا بەربەستێکی بەهێزی لەبەردەم دایە ئەویش وڵاتانی ئەوروپایە، ئەوروپییەکان باش لەوە تێگەیشتون تورکیا دەیەوێت پەلبهاوێت ومێژووی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بکاتەوە وبگاتە سنورەکانی ئەوروپای سەردەمی عوسمانی. بەڵام پڕۆژەی تورکی قەتەری ئەستەمە هەر وابەئاسانی سەربکێشێت، ئەگەرچی هەموویان لەپڕۆژەی گواستنەوەی هێڵی غاز بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا یەک خاڵ کۆیان دەکاتەوە، بەڵام ترسی مێژووش لەسەر فراوانبونی ئەنگێزەی عوسمانی تائێستاش لەنۆستالیژیایی تورکەکاندایە.
ئەگەرچی وادەردەکەوێت تورکیا وقەتەر براوەی یەکەمن، بەڵام نیشتنەوەی تەپوتۆزی دوای ئەسەد ڕەنگە جیاواز بێت.
سەرچاوە : سپی میدیا