ماڵەکەمان پەپووی لێ دەخوێنێ

 چیرۆک 

 مادی ئەرجومەندی


هەتا شەو زرینگاوە هەر خۆم لێرولەوێ دا، چاوم هەر دەبیرەخەو ڕۆ نەچوو، بە گاگۆڵە هەتا نیزیک دەرگای ژوورەکە هاتم و خۆم مات دا، ڕووناکیی مانگەشەو لە پەنجەرەکەوە تەشەنەی کردبوو، کەژێ ڕوو بە پەنجەرە، چاوی بڕیبۆ وێنەی ژێر تاقە، دەستێکی خستبوووە ژێر چەنەگەی و لەبەر خۆیەوە دەیگووت: «حەزم بەوە نەدەکرد نامەت بۆ بنێرم، لەبەر ئەوەی دەترسام بەر لەوەی نامەکە بگاتە دەستت، کەسێکی دیکە بیخوێنێتەوە، خۆزگە توانیبام، بەرامبەرت دانیشم، چۆکم وە چۆکت دەم، چاوم دە چاوت بڕم و ئەوەی لە دڵم دایە هەڵی ڕێژم. ماوەیەکە، هە ڕۆژەو بە شێوەیەک بیر لە...». دەرگاکەم کردەوە، سەرم بە ژوورەکەدا کرد، یەکەم وێنە کە هاتە بەرچاوم باڵانوێنێک بوو، لە سووچی چەپدا خۆمم دەدیت، لە سووچەکەی دیکەدا کەژێ، خۆی هەڵکێشابووە سەر پەنجە، ئەوەی لەبیرم مابێ، کەزییەکانی ڕەنگاوڕەنگ، هەر دوو دەستی بەرەو نزا، لە گەردنی بەرەژێر لە من دیار بوو، ملوانکەکەی لە جاران گەشاوەتر و درێژتر بوو، شۆڕ ببۆوە بەر پێی، زاتم نەدەکرد سەر دانەوێنم ڕووخساری ببینم، قەت جارێک نەبوو سەر بە ژوورەکە داکەم و خۆی کۆ کاتەوە.
چاردە ڕۆژی بەهار مابوو، لەو شوێنەی بڕیارمان دابوو بە یەک گەیشتین، سەر لە ئێوارە تا تاریکان پیاسەمان کرد، بە بێ ئەوەی مرتەقمان لێ بێ، بە شەقامەکەدا دەهاتینە خوار و تێ هەڵدەچووینەوە، ئیتر تاقەتمان بڕا، لە شیناوەردەکەی دەم شەقام دانیشتین.
"مەڕۆ، هەر ئەوەندەم بەقسە بکە مەڕۆ، بڕۆی غەریب دەبم"، جارناجارێ سەری بەرز دەکردەوە، فرمێسکەکانی دەسڕیمەوە. باشە ناڕۆم بەقوربان، بەڵام تۆش ئاگات لێم بێ، دەمرم، بمرم کەس پێم نازانێ، بێ کەسم. دەستی بەسەرم دا دەکێشاو بە دەم گریانەوە دەیگووت: وەرە با چیتر یەکترمان خۆش نەوێ، تێدا دەچین، ئێمە تێدا دەچین!.
لە هیچ ماڵێک پێڵاوەکانم دانەکەند، ماڵەوماڵ لە دەرگام دا و ئاگادارم کردنەوە، سبەی دوایین ڕۆژی ژیانی منە، سێهەمین هەنگاوی پاییز من دەمرم. دەمزانی پێبگا من دەبێ بمرم.

کەژێ، کەژێ، کەژێ ێ ێ، بۆخۆت سڵامەت، بۆخۆت سڵامەت، ئەوە دوو پاییزە ئەو ماڵە پەپووی لێ دەخوێنێ، دوو پاییزە جگە لە تۆ کەس سەری بەم ماڵەدا نەکردووە. ئێوە قەت بیرتان لەوە نەدەکردەوە وەها ڕۆژێک دابێ، خۆشەویستی هەموو شتێکی لەبیر ئێوە بردبۆوە، هۆشتان لە خۆتان بڕا بوو، قەت بیرتان لەوە دەکردەوە ڕۆژێک لێک دابڕێن؟ وەها کە قەت یەکتر نەبیننەوە؟
ئەو ماوەیەی سەردانی ژوورەکەم دەکرد، جار دەگەڵ جار دیمەنەکە لاربوونەوەی پێوە دیار بوو، جار دەگەڵ جار لارتر، هەستم بەوە دەکرد جگە لە من کەسێکی تر سەردانی ئێرە دەکا.
هەر کە دەهاتمە کووچەکە، دەستم دەگەیاندە تەقوولبابەکە، هاوکات دەگەڵ دەنگی دەرگا، پیرێژنێکی بەساڵاچوو، دەنگی هەڵدەبڕی: ڕۆڵە کەسیان لەماڵ نییە، لە دەرگا مەدە، ئەو ماڵە دوو ساڵە پەپووی لێ دەخوێنێ، دوو ساڵە کەس سەری بێرەدا نەکردووە.
وەک هەموو جارێ، تاریکوڕوونی بەیانیی، شانم وەبەر دەرگا چەپرەکەکە دەدا، بە ئەسپایی لەبەریەکم دەبرد، خۆم بە حەشەکەدا دەکرد و بە ئەسپایی دەرگاکەم دادەخستەوە، ئەوەی لێی دەترسام ئاشکرام کا، خشپەی گەڵا وەریوەکان بوو، هەر شتێک بە مێشکم گەیشتبا و وەبەر چاوم هاتبا وێنەم دەگرت، لە دیوی ژوورەوەی دەرگاکەوە دەستم بە وێنە کێشان دەکرد، ئەوەندەم وێنەی ئەو حەوشە گرتبوو، هەموو مێروولەکانم دەناسییەوە، گەڵا نەمابوو هەزار وێنەی نەبێ. بەختەوەرترین دارهەنار، دارهەناری حەوشەکەمان بوو، ئەوەندەی من وێنەم گرتبوو، دارهەنارەکە، حەوزە بێ ماسییەکە، گەڵا وەریوەکان و من، هەموومان پاییزمان پێوە دیار بوو، سەرم بەسەر حەوزەکەدا دەگرت، دیمەنێکم دەهاتە بەرچاو، خەوفم لە ڕووخساری دەکرد، لێکدا لێکدا وێنەم دەگرت، باوەڕم بەخۆم نەدەکرد، جگە لە من کەسێ تر سەردانی ئەو ماڵە بکا، بەڵام ئەو دیمەنە زیاتر دڵنیای دەکردم.

سەرچاوە : بنکەی ئەدەبی موکریانی مەهاباد (ئەنجومەن ئەدەبی )