ماهیر ئه‌مین: گۆرانی‌ ئێسته‌ له‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر مه‌ترسیدارتره‌

هونه‌رمه‌ندێكی‌ كورد ره‌خنه‌ له‌ گۆرانی و هونه‌ری‌ ئێسته‌ ده‌گرێت و رای‌ ده‌گه‌یه‌نێت، وایه‌ رووخانی‌ هونه‌ری‌ گورانی‌ گوتن ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا ده‌بینین كه‌ بریتییه‌ له‌ ونبوونێكی ترسناك و له‌ده‌ستدانی ناسنامه‌یه‌كی گرنگ. 
هونه‌رمه‌ند ماهیر ئه‌مین له‌ واڵی‌ خۆی‌ له‌ فه‌یسبووك ڕه‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ گۆرانی‌ كوردی‌ گرتووه‌ و نووسیویه‌تی‌، ئه‌وه‌ی ئێسته‌ له‌ بازاڕی گۆرانیدا ده‌گوزه‌رێت ناوی چی لێ بنێین؟ داڕووخان؟  یان تێكشكانی زه‌وق؟ هه‌یه‌ ده‌ڵێ، ئه‌م وشانه‌ كه‌من بۆ ده‌ربڕینی حاڵه‌ته‌كه‌.

باسی‌ له‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێسته‌ هه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هونه‌ری گۆرانیی كوردی ده‌كا؟ ئه‌و هونه‌ره‌ی كه‌ پێشه‌نگه‌كانی بریتیی بوون له‌ سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر و حه‌سه‌ن زیره‌ك و خاڵقی و محه‌مه‌د عارفی جه‌زیری و تایه‌ر تۆفیق و عه‌لی مه‌ردان و حه‌مه‌ساڵح دیلان و محه‌مه‌د شێخۆ و ..ده‌یان داهێنه‌ری تر كه‌ هونه‌رێكی باڵایان به‌ ئێمه‌ به‌خشی.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ پێی‌ وایه‌ رووخانی‌ هونه‌ری‌ گورانی‌ گوتن ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا ده‌بینین كه‌ بریتییه‌ له‌ ونبوونێكی ترسناك و له‌ده‌ستدانی ناسنامه‌یه‌كی گرنگ كه‌ تا ئێسته‌ كوردی جیا كردووه‌ته‌وه‌ له‌ داگیركه‌رانی و له‌ ته‌واوی میلله‌تانی دنیا و سه‌ندنه‌وه‌ی شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ لێمان.

پێشی‌ وایه‌، مه‌ترسیداری‌ ئه‌م ونبوونه‌ زۆر ترسناكتره‌ له‌ مه‌ترسیی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌سه‌ر نه‌وه‌كانمان، چونكه‌ نازانین په‌یامی‌ ئه‌و جۆره‌ گۆرانییانه‌ چییه‌ كه‌ ئێسته‌ له‌ كایه‌ی هونه‌ری كوردیدا ڕه‌وایه‌تیان پێ ده‌ده‌رێت و ده‌كرێنه‌ پێشه‌نگ.

قسه‌كانی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوو چه‌ندان گۆرانی‌ جۆراوجۆر هاتنه‌ ناو هونه‌ری‌ كوردی‌ و ره‌خنه‌ی‌ زۆریان لێ‌ گیرا كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری‌ شاردنه‌وه‌ی‌ هونه‌ری‌ ره‌سه‌نی‌ كوردی‌. 

 

سەرچاوە: wishe