مامۆستا مەسعود محەمەد

(مه‌سعوود موحه‌ممه‌د)، کوڕی (مه‌لای گه‌وره‌) و له‌ بنه‌ماڵه‌ی (جه‌لیزاده‌) بوو‌.

ساڵی (1919) له‌ شارۆچکه‌ی (کۆیه‌) له‌دایکبووه‌.

کۆڵێژی یاسای له‌ شاری (به‌غدا) ته‌واوکردووه‌.

ساڵی (1952) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی (عێراق) بوو.

چه‌ندین کاری فه‌رمی ده‌وڵه‌تیشی بینیوه‌ و تا پله‌ی شالیار ڕۆیشتووه‌. ئه‌ندامی کۆڕی زانیاری کورد و ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌ی (عێراق)یش بوو.

چه‌ندین به‌رهه‌می گرنگ و پڕ بایه‌خی، به‌ هه‌ردوو زمانی کور‌دیی و عه‌ره‌بیی، سه‌باره‌ت به‌ زمان، وێژه‌، کێشه‌ی بیر، فه‌لسه‌فه‌ و ڕامیاریی نووسیوه‌.
مامۆستا (مه‌سعوود)، دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی هه‌موو جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و زۆردارییه‌ک بوو. ده‌س و دڵی زۆر ئاواڵه‌ بوو، ڕووی خۆش و زمانی شیرین بوو. زۆر ساکار و بێ فیز بوو. نیشانه‌ی زانایه‌کی گه‌وره‌ی پیوه‌ دیاربوو. تا بڵێی، پیاوێکی زیره‌ک و به‌ڕیز بوو. خاوه‌نی بۆچوونی تایبه‌تی خۆی بوو. بیریارێکی گه‌وره‌ و فه‌یله‌سووفێکی هه‌ڵکه‌وتووی کورد بوو.

نووسینه‌کانی ‌زۆر قووڵ و پڕ بایه‌خن. نه‌وه‌یه‌کی به‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی و ڕاستیپه‌رستی گۆشکرد. ناو و ناوبانگی، نه‌ک هه‌ر له‌نێو کورددا، به‌ڵکوو له‌نیو خوینده‌وار و ڕووناکبیرانی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیشدا ده‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و ناسراوه‌.

 

هزرڤان و نووسەری بیروردی کورد و کەسایەتی ناسراوی کوردستان مامۆستا مەسعود محەمەدی جەلیزادە لە ساڵی 1919دا لە شاری کۆیە لە بنەماڵەیەکی ئایینی و وێژەیی و زانست پەروەر هاتۆتە جیهانەوە و گەشتی خوێندنی لە ساڵی 1926دا لە کۆیە دەست پێکردووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر لە ساڵی 1940دا تەواوکردووە و لە ساڵی 1945یشدا خوێندنی کۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووە و بووەتە پارێزەرێکی یاساناس.
لە خوێندنی کۆلیژی مافدا هاوپۆل و دۆستی دڵسۆزی دڵداری شاعیری لێهاتووی کورد بووە و بە یەکەوە زۆربەی ئێواران سەردانی ساڵۆنی وێژەی خاتوو (بەهەیە فەرەجوڵڵا) ی کچەکوردی میسریان لە گەڕەکی ئەعەزمیەی بەغدا کردووه، کە ئەوسا ئەو خاتوونەزانایەی کورد مامۆستای (کۆلیژی کچان) بووە لە بەغدا. لەو ماڵەدا بەردەوام کۆڕی فەلسەفی و هزری دەبەسترا. مامۆستا مەسعود لەو ساوە بیری کەوتەسەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئەو مامۆستایە لێهاتووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری گەلێک فەرمانی گرتەئەستۆ وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەڕڵەمانی ئێراق لە هەردوو خوولی ساڵانی 1953 و 1954 و لەدوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958یشدا کرا بەئەندامی لیژنەی چاکسازی کشتوکاڵ لە ئێراق و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێریان دانا و ئەو یاسایەلە30ی ئەیلوولی 1958دا بەناوی (یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری ئێراق) دا بڵاوکرایەوه.
مامۆستا مەسعود محەمەد لە ساڵی 1964دا بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرا بەشالیاری وڵات لەکابینەی (تاهیر یەحیا) دا تاکوو ساڵی 1965 و لەدوا دوای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کرا بەئەندام لە (ئەنجوومەنی گشتی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردی لە1970.08.29دا لە شاری بەغدا کرا بەئەندامی کارای ئەو کۆڕەی زانیاری و بەجێگری سەرۆکی دەستەی کۆڕو کاتێکیس لەدوای هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆڕی زانیاری ئێراق دەستەی کورد مامۆستا مەسعود وەک سەرۆکێکی کارا لەکۆڕەکەدا مایەوه.
لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشوور لەبەهاری ساڵی 1991و کێشانەوەی دەسەڵاتی سەنتەری ئێراق لە کوردستان، گەڕایەوەکوردستان تاکوو لە ڕۆژی 2002-04-01 لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر کۆچی دوای کرد و هەواڵی مەرگی ئەو ناودارەبەهەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوبووەو بۆ ڕۆژی 2002-04-02دا لە گۆڕستانی دەروێش خدر لەکۆییەلە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکیدا بەخاکی سپێردرا.
مامۆستا مەسعود محەمەد بیرمەندێکی گەورەی کورد بوو ڕووناکبیرێکی مەزنی کوردستان بوو سەرچاوەکانی فەلسەفەی هێگڵ و مارکسی بەوردی خوێندبوەو لەگەڵ باری ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان بەراورد دەکرد و لەگەڵ هەندێ لایەنی پۆزەتیڤ و لە دژی هەندێ لایەنی نێگەتیڤی بوو.
مرۆڤ سەربەستەلەوەی باوەڕیی پێ یەتی دەری ببڕێ. نەک باوەڕیی پێی نەبێ و ڕووکەشەو لەترسی ئەم و ئەو نەوێرێت ڕاستی هزر و بۆچوونی خۆی دەربڕێ.
مەسعود محەمەد بە نووسین دەهاتە گۆڕەپانی دەمەتەقێ و وتووێژوو ڕاستی باوەڕی خۆی بوێرانە دەردەبڕی. با ئەو کەسانەی بۆچوونیان لە بیروبۆچوونەکانی ئەو نەبوو بە نووسین وەڵامیان بدایەوه.
شێوازێکی تایبەتی هەبوو لەنووسینەکانی، کەلەگەڵ بەرنامەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەک ئەوەی ئەوەندەگوێی بەپۆڵین کردنی بابەتی نووسینەکانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەکی و سەردێڕی لاوەکی بەسەر یەکەوەپێشکەش دەکردن و باکی نەبوو گەر پتر لەسەد لاپەڕە لە نووسینەکانی لەژێر یەک ناونیشانی یاخود بێ ناونیشان بخاتەبەردەم خوێنەری بابەتەکانی بخوێنێتەوه.
مەسعود محەمەد لەژیانی بیرمەندیندا زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی بەپێزی لەدوو توێی پەرتووکی زلدا بەچاپ گەیاندووه، کەئەمانەی خوارەوەبەشێکیانن:
پەرتووکەکوردییەکان:
1- حاجی قادری کۆیی - بەشی یەکەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد 1973
2- حاجی قادری کۆیی - بەشی دووەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد 1974
3- حاجی قادری کۆیی - بەشی سێیەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد 1976
4- وردبوونەوەیەک لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی - کۆڕی زانیاری کورد 1974
5- چەپکێک لە گوڵزاری نالی - کۆڕی زانیاری کورد بەغدا 1976
6- چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد 1976
7- مرۆڤ و دەوروبەر - بەغدا - کۆڕی زانیاری ئێراق - دەستەی کورد 1984
8- بەرەو شەقامی ئاخاوتنی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد 1978
9- گەشتی ژیانم - سوید - ستۆکهۆڵ

 

سەرچاوە: کوردیپیدیا