لەیلا بەدرخان؛ شازادەی کوردستان لە ستۆکهۆڵم (1925)

 

رۆهات ئالاکۆم

 

 

شازادەی کوردستان لەیلا بەدرخان لە ستۆکهۆڵم (1925) وێنە: ئەرشیڤی Rohat Alakom
شازادەی کوردستان لەیلا بەدرخان لە ستۆکهۆڵم (1925) وێنە: ئەرشیڤی Rohat Alakom

 

 

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ دا، پێش 100 ساڵ (17-2-1925) هونەرمەندی سەما و بالێ لەیلا بەدرخان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد ئێوارەیەکی سەمای گەورەی لە ئەکادیمیای مۆسیقا پێشکەش کردووە. هەر لەو کاتەدا لە شانۆی گەلەری (فۆلکتیاتێرن، فۆلکان) هەندێک ریڤیوی پێشکەش کردووە. سەبارەت بەم سەردانەی لەیلا بەدرخان بۆ سوێد، پێش چەند ساڵێک وتارێکی من لە تورکیا بڵاو کرایەوە. [1] هەمان وتار بە کوردی بەشێک لە کتێبێکی منی پێکهێنابوو. [2] بە چەند تێبینی، زانیاری و وێنەی نوێ ئەم وتارە کوردییە دەوڵەمەند کرا. ویستم بە بۆنەی 100 ساڵەی سەردانی لەیلا بەدرخان بۆ ستۆکهۆڵم بیری بهێنمەوە و لەگەڵ خوێنەران هاوبەشی بکەم.

هەندێک جار سوێدیییەکانیش لەیلا بەدرخان بەبیر دەهێننەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2024 دا بە ناوی ئێگزۆتیکا لە ماڵی سەما (دانسێنس هوس-ئێلڤێرکێت) چالاکییەک بەڕێوەچوو. بابەتی چالاکییەکە "ئەستێرە لەبیرکراوەکانی سەما" بوو کە لە سەدەی 20 دا لە وڵاتەکانی خۆیان دوورکەوتبوون و لە شارە گەورەکانی ئەورووپا ژیابوون. ئانا ئێنگسترۆم کاتێک ئەم چالاکییە دەناسێنێت ناوی چەند لەو هونەرمەندە بیانییانە دەهێنێت، ناوی شازادەی کورد لەیلا بەدرخانیش لێرەدا باس دەکرێت. ئەو دەڵێت کە لەیلا بەدرخان چەند کولتوورێکی جیاوازی لە مۆسیقا و سەماکانی خۆیدا کۆکردووەتەوە.[3] ئەم جۆرە چالاکییە یادەوەرییانە پێش چەند ساڵێک لە وڵاتی لەیلا بەدرخان (نەمسا)ش بەڕێوەچوون. هونەرمەندانی وەک نیۆتا ئینیۆکاس (هیندی)، ئارمێن ئۆهانیان (ئەرمەنی) و لەیلا بەدرخان (کورد) کە لە ئەورووپا سەمایان کردووە بوونەتە بابەتی ئەم لێکۆڵینەوانەی مێژووی سەما. لەیلا بەدرخان بە سەماکانی خۆی لە ئەورووپا وەک نیشانەیەکی مۆدێرن بوون هەڵسەنگێندراوە و ناسێندراوە.

دیمەنێکی ئێوارەی سەمای لەیلا. وێنە: (Dagens Nyheter, 17-2-1925)

تا پێش 10 ساڵ ئەو سەرچاوانەی کە لەسەر هونەرمەند و سەماکاری کورد لەیلا بەدرخان (1908-1986) نووسرابوون، باسی گەشتەکەی بۆ ستۆکهۆڵمیان نەکردبوو. [4] کاتێک سەیری بڵاوکراوە خولییەکانی سوێدی دەکەین، دەبینین کە لەیلا بەدرخان پێش 100 ساڵ لە رۆژی 17-2-1925 لە ستۆکهۆڵم ئێوارەیەکی سەمای پێشکەش کردووە.[5] ئەم ئێوارەیە دەکرێت بە یەکێک لە ئێوارە سەماییە هەرە سەرەتاکان هەژمار بکرێت کە لەلایەن لەیلا بەدرخانەوە پێشکەش کراوە. دوای نەمسا و رۆمانیا هاتووەتە سوێد. لەیلا بەدرخان لە نێو ئەو شەش کوردەدا جێ دەگرێت کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی 20دا هاتوونەتە سوێد. بەپێی ساڵی هاتنی، لەیلا لە نێو ئەم شەش کەسەدا کەسی چوارەمە: میرزا سەعید (1893)، شەریف پاشا (1898)، محەممەدئەمین زەکی (1915)، لەیلا بەدرخان (1925)، سلێمان کنوتاس (1929) و سەلاحەدین راستگەڵدی (1947). نەک تەنیا رۆژنامەوانیی سوێدی، جێگرتنی بابەتی لەیلا بەدرخان لە رۆژنامەوانیی تورکیشدا سەرنجی منی راکێشا.[6] ئەمەش بوو بە بابەتی وتارێکی دیکەم. بەم لێکۆڵینەوانەی خۆم ویستم هەندێک بۆشایی ژیاننامەی لەیلا بەدرخان پڕبکەمەوە.

هێلمەر ئێنواڵ یەکەم هەنگاو دەنێت 

سەرۆکی کۆمپانیای کۆنسێرت (Konsertbolaget) بە ناوی هێلمەر ئێنواڵ (1889-1974) بڕیاری داوە لەیلا بەدرخان رابکێشێتە ستۆکهۆڵم. رۆژنامەکە دەنووسێت کە لەیلا سەرنجی بینەرانی شاری ڤیەننای راکێشاوە و بە تایبەتی بە سەمای وڵاتەکەی خۆی بە ناوی (شۆپی) هەست و سۆزی ئامادەبووانی جووڵاندووە.[7] لە رۆژنامەیەکی سوێدی دیکەدا فێر دەبین کە لەیلا بەدرخان پێش هاتنی بۆ سوێد لە ساڵی 1924دا یەکەم جار لە ڤیەننا لە بەردەم بینەران دەرکەوتووە.[8] نزیکەی دوو هەفتە پێش هاتنی لەیلا، بە پێی رۆژنامەی (داگێنس نیهێتەر)، ئەکادیمیای مۆسیقا هاتنی لەیلای خستووەتە بەرنامەی کاری خۆی.

شازادەی کوردستان. وێنە: (Aftobladet, 20-12-1926)

زۆربەی هەواڵە سوێدییەکان کە لە رۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە، پێش یان دوای شەوی سەمای لەیلا لە ساڵی 1925ن. رۆژنامە سوێدییەکان لەبارەی گەشتەکانی لەیلا بەدرخان لە وڵاتانی دیکەش زانیاری بەسوودیان بڵاوکردووەتەوە. یەکێک لە رۆژنامە گەورەکان (سڤێنسکا داگبلادێت) نووسینێکی درێژ لە ساڵی 1924دا پێش هاتنی بڵاودەکاتەوە، نووسینەکە بەم وشانە دەست پێدەکات: "لەیلا بەدرخان کێیە؟". لێرەدا باسی بنەماڵەی بەدرخانییەکان و میر بەدرخان دەکرێت.[9]

رۆژنامە سوێدییەکان لە کاتی مانەوەی لەیلا بەدرخان لە سوێد، بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو پێشکەش کردووە و چەند چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵی ئامادە کردووە. هەندێک رۆژنامەنووس ئەویان بە جوولەکە[10]، مەجار [11] و هەندێکی دیکەش بە هیندۆ-ئەورووپیی راستەقینە[12] شوبهاندووە. لەیلایان وەک کچێکی جوان و ئەورووپی ناساندووە. ئەو نزیکەی شەش زمانی زانیوە. لە نێوانیاندا زمانی عەرەبی و یۆنانیش هەبوون. لەم چاوپێکەوتنانەدا لەیلا بەدرخان زۆر جار باسی بنەماڵەی خۆی، باوکی عەبدولڕەزاق بەدرخانی کردووە و دۆخی کوردانی ناساندووە. رۆژنامەکان باوکی لەیلا بەدرخانیان وەک حوکمدار (قەیسەر) ناو بردووە و لەبەر ئەمە لەیلا بەدرخانیشیان وەک "شازادەی کوردستان" (Prinsessan av Kurdistan) ناساندووە.

بەپێی لەیلا بەدرخان، باوکی سەردەمێک بووەتە حوکمداری شاری وان. رۆژنامەی (ستۆکهۆڵمس-تیدنینگن) روونی دەکاتەوە کە لە وڵاتێکی وەها کە وەک کوردستانی پارچەیەک لە ئێران، دەوڵەتی عوسمانی و مێزۆپۆتامیا پێک دێنێت، هیچ حوکمدارێک لە رووداو و مەترسییەکان رزگاری نابێت. لە شوێنێکدا بۆ نموونە ئەو دەڵێت کە باوکی زۆر هەوڵی داوە لەگەڵ رووسەکان یەکێتییەک پێک بێنێت بۆ ئەوەی کورد رزگار و ئازاد بن. بەڵام ئەو سەرکەوتوو نەبووە و کوژراوە.[13]

رۆژنامەکان کە باسی شەوی سەما (dansafton)ی لەیلا بەدرخان دەکەن سەرنجی خوێنەران رادەکێشن بۆ ئەو بابەتە کە چۆن میرزادەیەکی کورد بووەتە هونەرمەندی سەما و سەرسام بوون. لەبەر ئەمە وشەکانی (شازادە) و (سەماکار) زۆر جار پێکەوە بەکار هاتوون.[14] رۆژنامەیەک ئەمە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: "رۆژگار وەهان" (Sådana äro tiderna)، ئیدی سەردەم گۆڕاون!

ئاگر و بڵێسەی سەماکانی لەیلا دەگاتە ستۆکهۆڵم

شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە رۆژنامەکانی سوێد نەک تەنیا دەربارەی ساڵی 1925 کە لەیلا هاتووەتە سوێد باسیان کردووە، هەردوو رۆژنامە گەورەکەی سوێد پێش هاتنیشی هەواڵیان بڵاوکردووەتەوە. بۆ نموونە رۆژنامەی سوێدی (سڤێنسکا داگبلادێت) دەنووسێت کە مرۆڤ دەتوانێت شوێنە سەرەتاییەکانی "ئاگر و بڵێسەی لەیلا" (en Leila-feber) کە لە ئەورووپادا بڵاودەبێتەوە، ببینێت. رۆژنامەکە لە کۆتایی نووسینەکەدا بەم شێوەیە دەڵێت "...مرۆڤ ناتوانێت حیساب نەکات کە شازادە جوانەکە هەروەها سەردانی دیارەکانی باکووری ئێمە بکات".[15] ئەم ئاوات و خواستەی ساڵی 1924 لە ساڵی 1925 دا راست دەرچوو و لەیلا بەدرخان پاییزی ئەم ساڵە هاتە سوێد. (سڤێنسکا داگبلادێت) دەنووسێت کە لەیلا کەسێکی تاقانەیە کە لە جیهانی سەمادا وەک شاژنێک جێگای خۆی گرتووە.[16]

هەندێک رۆژنامە لە سەردێڕەکانیاندا وشەی "ئێگزۆتیک"یان بەکار هێناوە. رۆژنامەی (داگێنس نیهێتەر)، لەیلای شوبهاندووە بە ئارتیستی هیندی نیۆتا ئینیۆکا کە ساڵێک پێشتر سەردانی سویدی کردبوو.[17] پێش شەوی لەیلا رۆژنامەکان دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو. بۆ نموونە رۆژنامەی (ئافتۆنبلادێت) دەنووسێت کە "ئەم خانمە گەنجە لە رۆژی سێشەممە ستۆکهۆڵمییەکان بە سەمای شاهانەی خۆی دێنێتە ئەکادیمیای مۆسیقا لە بەر پێی خۆی". پاشان رۆژنامەکە بەردەوام دەبێت: "کۆمەڵگای پیاوانی ستۆکهۆڵم بوونە خاوەنی بابەتێکی نوێ کە پیرۆزی بکەن".[18]

پاشناوی لەیلا، وشەی (بەدرخان) لە رۆژنامەکاندا هەندێک جار بە شێوازی جیاواز نووسراوە وەک: Bedrkhan, Beder-Schan, Bederkahn, Bederkhani...[19]

لەیلا لە ستۆکهۆڵم 

دەبینین کە لەیلا بەدرخان لە ئێوارەی 17-2-1925 لەبەردەم ستۆکهۆڵمییەکان دەرکەوتووە. ئێوارەکە لە هۆڵی ئەکادیمیای مۆسیقای شاهانە (کۆنگل. موسیکالیسکا ئەکادێمیێن) بەڕێوەچووە و زۆر ستۆکهۆڵمی چوونە پێش نمایەشەکەی لەیلا بەدرخان. ئەم بینا مێژووییەی کە ئێوارەی لەیلا بەدرخانی تێدا بەڕێوەچووە دەکەوێتە ناوەندی ستۆکهۆڵم. ناونیشانی ئەکادیمیای مۆسیقا دەکەوێتە "نیبرۆکایێن 11" لە شەقامی ناوداری ستراندڤێگن و دەڕوانێتە شانۆی شاهانەی درامەتێنە. بینای ئەکادیمیای مۆسیقا لە ساڵی 1878 دروستکراوە. یەکێک لە گەورەترین هۆڵەکانی کۆنسێرت لە بیناکەدا هەیە. یەکەم جار خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1901لەم هۆڵەدا پێشکەش کراوە. لەو هۆڵەکەدا جێی دانیشتن بۆ 474 کەس هەیە. بەپێی زانیارییەکان، هۆڵەکە لە کاتی ئێوارەی سەمای لەیلا بەدرخان بە تەواوی پڕ بووە. بە لێدانی پیانۆ هونەرمەند مارسێل لۆربێر لەگەڵ لەیلا بەدرخان ئامادە بووە. وەک دەبینین وشەکانی (مۆسیقا، سەما) و (شانۆ) لەم گەشتەی لەیلا بەدرخاندا زۆر بەکارهاتوون کە سێ کۆڵەکەی کولتووری جیهانی پێکدەهێنن. رۆژنامەی سوێدی داگێنس نیهێتەر نووسیویەتی کە لەیلا سەمای کوردی، ئێرانی، تورکی، میسری، ئیسپانی و قەفقازی پێشکەش کردووە.[20]

دوو رێکلامی ئێوارە سەمای لەیلا بەدرخان لە (17-2-1925).

رۆژی 12-2-2015 بۆ سەردان چوومە ئەکادیمیای مۆسیقای شاهانە. لەبەردەم هۆڵەکە کە لەیلا تێیدا ئێوارەیەکی سەمای پێشکەش کردبوو، پەیکەری کچێکی گەنجم بینی. بە مەڕمەڕی سپی دروستکرابوو، کچێک لە لەیلا دەچوو. دەستبەجێ لەیلا بەدرخان هاتە بەر چاوم!

بۆچوونی تەماشەڤان و رەخنەگران 

هەندێ جار بۆچوونی بینەران و رەخنەگران لە یەکدی جیاواز بوون. بینەرانی ستۆکهۆڵم بە گەرمی و بە چەپڵەی بەهێز باوەشیان بۆ  ئەم خانمە کوردە کردووەتەوە و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە. هەندێک جار چەپڵەکان تەواو نەبوون بۆ ئەوەی هونەرمەندەکە جارێکی دیکە هەمان نمایشی دووبارە بکاتەوە (دا کاپۆ) و کەیفی بینەران بهێنێت. فرەڕەنگی جلەکانی لەیلا لەلایەن بینەرانەوە زۆر پەسەند کراوە.[21] بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکان بە سەدان کەس چوونەتە ئێوارەکەی و هۆڵەکە بە ستۆکهۆڵمییەکان پڕ بووە. ئەو گوڵانەی کە لەیلا بەدرخان لە کۆتایی ئێوارەی سەماکەدا وەریگرتوون بەپێی رۆژنامەی (ستۆکهۆڵم داگبلاد) لەگەڵ جلە جوانەکانی زۆر گونجاو بوون. دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە دەکرێت ئێوارەکەی ستۆکهۆڵم بە یەکێک لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی لەیلا بەدرخان هەژمار بکرێت.

لەیلا بەدرخان لەم ساڵەدا (1925) هەرچەندە هێشتا لە سەرەتای پلیکانەی پیشەکەیدا بووە، زۆری هەوڵداوە بچێتە دڵی ستۆکهۆڵمییەکانەوە. ئەستێرەکەی، وەک دەزانرێت بەتایبەتی دوای ساڵی 1930 زیاتر گەشاوەتەوە و وەک هونەرمەند ناوی خۆی لەم ساڵانەدا لە هەموو جیهاندا ناساندووە. کاتێک مرۆڤ هەواڵەکانی پێش ئێوارەکە و دوای ئێوارەکە بەراورد دەکات، دەبینێت کە رەخنەگرانی سەما چەند بۆچوونی جیاوازیان پێشکەش کردووە. ئێوارەی سەمای لەیلا بەدرخان لە دوو بەش پێکهاتووە. رەخنەگران زیاتر بەشی دووەمیان پەسند کردووە، بەتایبەتی سەماکانی بە ناوی (سەمای کوردی) و (بیبی). رۆژنامەکان باسی دووبارەکردنەوەی فیگەرەکان و کەمیی تێمپێرامێنت (زیندوویی و دڵخۆشی) یان کردووە، بۆ نموونە رۆژنامەی (سڤێنسکا داگبلادێت) دەنووسێت کە لەیلا وەک (پەرییەک) سەمای کردووە، جووڵەی (نهێنیئامێزی) نەبووە، جووڵەکانی زۆر سادە بوون.[22] رۆژنامەی (داگێنس نیهێتەر) چەند بۆچوونێکی دیکە دەخاتەڕوو. رۆژنامەکە لە جووڵەکانیدا باسی کەمیی هونەری جوانیی خۆجووڵاندن و ناسکی دەکات. لە شوێنێکیشدا دەگوترێت کە بینەران هەندێک جار زۆر چەپڵەیان لێداوە و ئەو ئەمە وەک بەڵگەی بوونی بۆچوونی جیاواز هەڵدەسەنگێنێت: "لەو کوردستانەی کە تا ئێستا باوەڕم پێ هێناوە زیاتر لە بەشی خۆی (کوردستان) لە ستۆکهۆڵم هەن". وەک دیارە هیواکانی رەخنەگرانی سەما زۆر بەرز بوون.[23]

لەیلا لە شانۆی گەل 

دوای ئەو ئێوارە سەمایە لە ئەکادیمیای مۆسیقا دەبینین کە لەیلا بەدرخان نزیکەی دوو هەفتە دیسان لە ستۆکهۆڵم ماوەتەوە، لە گەڕەکی ئۆستێرمالم لە شانۆی گەلەری (فۆلکتیاتێرن، فۆلکان) وەک میوان نمایشی کردووە.[24] بەم شێوەیە لەیلا دەرفەتێکی باشی دەستکەوتووە تاوەکو سوێدییەکان و ستۆکهۆڵمی پایتەخت کەمێک بناسێت. لەیلا بەدرخان پێش 100 ساڵ لە ستۆکهۆڵم لە شانۆی گەلەری هەندێک نمایشی کردووە (1925). پاشان 66 ساڵ تێدەپەڕێت ئەمجارە (1991) لە دەرەوە و ناوەوەی هەمان شوێن گالایەکی هونەرمەندانی سوێدی و کوردی بەڕێوەدەچێت. ئەم گالایە بە ناوی (گالای هونەرمەندان بۆ کوردستان) (ئارتیستگالا فۆر کوردستان) بۆ ئەو کوردانەی کە لە زوڵمی سەدام هەڵاتن و لە نێوەڕاستی زستاندا دەرچوونە سەر چیاکان، بەڕێوەچوو. دڵی ستۆکهۆڵم ئەو رۆژە بۆ کوردان لێیدەدا، هەموو شوێنێکی ستۆکهۆڵم بە پۆستەری ئەم گالایە رازێنرابوونەوە.[25] ئەم گالایە دەکەوێتە گۆڕەپانی گەڕەکی ئۆستێرمالم لە ناوەندی ستۆکهۆڵم. لە بەرامبەر شانۆی گەلەری بینای بەهادار و جوانی سالوهاڵ (بازاڕی داخراو) دەردەکەوێت کە لە ساڵی 1888 دروستکراوە، جوانییەکی گەورە بە گۆڕەپانەکە دەبەخشێت. شەریف پاشای کوردیش نزیکەی 10 ساڵ لەم گەڕەکە ژیاوە (1898-1908).

"ناوی ئەم جوانە رۆژهەڵاتییە لەیلا بەدرخانە" (Scenen, cild 13, 1927, لاپەڕە436)

پاش سەردانەکەی سوێد 

شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە رۆژنامەکانی سوێد تەنیا باسی هاتنی لەیلا بۆ سوێد لە ساڵی 1925 ناکەن. دەبینین کە دوای هاتنی بۆ ستۆکهۆڵم، لەیلا بەدرخان ناوی خۆی لە سوێد ناساندووە. بۆ نموونە لە رۆژنامەیەکی ساڵی 1926دا دەبینین کە لەیلا بەدرخان لە پاریس لە ئێوارەیەکدا بەشداری کردووە. هەمان رۆژنامە دەنووسێت کە جوانی و توانای ئەو، لەنێو ئەستێرەکاندا جێگای کردەوە. [26] لە گۆڤارێکی سوێدیدا لەیلا بەدرخان وەکو یەکێک لە کەسە سەرنجڕاکێشە گەورەکان بینراوە. [27]

ئەنجام 

وەک دەبینین ناوی لەیلا بەدرخان لە نووسینی مێژووی بزووتنەوەی ژنانی کورد بەردەوام گرنگتر بووە. بۆ شکاندنی تابۆکان (بابەتەکانی کە کەس ناتوانێت/ناوێرێت لە ترسان باسیان بکات) و بۆ ئازادیی ژنان بووەتە نموونەیەکی مێژوویی. لەلایەکی دیکەوە لەیلا بەدرخان یەکێکە لەو ژنە کوردانەی کە لە سەدەی 20دا یەکەم جار هاتووەتە ئەورووپا، سوێد. ئەم سەردانە لە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد-سوێد لاپەڕەیەکی درەوشاوە پێکدێنێت. بەم شێوەیە کوردەکان کە یەکەم جار هاتوونەتە سوێد، روویان کردووەتە ئەم وڵاتە باکوورییە، ژنێکی وەک لەیلا بەدرخانیشیان خستووەتە ناو ریز و مێژووی خۆیان. لەیلا بەدرخان بەم گەشتەی مێژووی کوردەکانی سوێدیشی رازاندووەتەوە. بە جلوبەرگە سووک و کورتەکانی بووەتە نیشانەی مۆدێرن بوون و ئازادی. بەڵێ، وەک دەبینین شازادەی کوردستان لەیلا بەدرخان لە ساڵی 1925دا ستۆکهۆڵمی هێنایە بەر پێیە هونەرییەکانی. بە پێی رۆژنامەی (ستۆکهۆڵمس داگبلاد) لەبارەی لەیلا بەدرخانەوە لە سوێد زۆر قسە کراوە و زۆریش لەسەری نووسراوە.[28]

سەرچاوەکان

[1] Rohat Alakom, Leyla Bedirhan Stockholm’de, Toplumsal Tarih, nr 9-2015.

[2] Rohat Alakom, Jinên kurd di çavkaniyên swêdî de, Apec, 2016 (Binêre beşa Prensesa Kurdistanê Leyla Bedirxan li Stockholmê-1925, rûp. 61-69). 

[3] Anna Ängström, Ceremoni väcker upp glömda dansstjärnor, Svenska Dagbladet, 8-9-2024.

[4] Leylâ Saifeye, Leyla-Bir Kürt Prensesinin Öyküsü, Avesta, 2004. Leylâ Safiye, Searching for Leila the Kurdish Princess of Dance, Avesta, 2012. Nivîskar Leylâ Safîye çawa li vir jî xuya dibe piştî pirtûka xwe ya bi navê Leyla-Serpêhatiya Prenseseke Kurd (bi tirkî) vê carê bi çapeke firehkirî ev xebata xwe bi zimanê îngîlîzî weşand. Di sala 2021an de wê çapa tirkî jî fireh kir: Dansın Kürt Prensesi: Leila Bederkhan (Avesta). Di herdu xebatên pêşîn de ew qala gera Leyla Bedirxanê ya Stockholmê nake. Wisa xuya dibe ku nivîskar ji wê demê vê gera Leyla Bedirxanê agahdar nebûye.

[5] Leila, Stockholms-Tidningen, 17-2-1925.

[6] Rohat Alakom, Leyla Bedirhan 1930'lu yıllar Türk basınında, Gazete Duvar (2-4-2024).

[7] Exotisk höghet i antågande?, Dagens Nyheter, 8-2-1925.

[8] Emirens dotter danserska, Aftonbladet, 24-2-1924.

[9] Prinsessan som blir dansös, Svenska Dagbladet, 29-7-1924.

[10] Den kurdiska danserskan här, Dagens Nyheter, 17-2-1925.

[11] Kvällens danserska, Stockholms-Tidningen, 17-2-1925.

[12] Den kurdiska danserskan här, Dagens Nyheter, 17-2-1925.

[13] Kvällens danserska, Stockholms-Tidningen, 17-2-1925.

[14] Prinsessan av Kurdistan och dansös, Svenska Dagbladet, 17-2-1925.

[15] Prinsessan som blir dansös, Svenska Dagbladet, 29-7-1924.

[16] Exotisk dansös till Stockholm, Svenska Dagbladet, 8-2-1925.

[17] Exotisk höghet i antågande? Dagens Nyheter, 8-2-1925.

[18] Den dansande prinsessan, Aftonbladet, 15-2-1925.

[19] Leila Bedr-Schan dansade,  Dagens Nyheter, 18-2-1925. Leila Bedr-Schan’s dansafton, Aftonbladet, 18-2-1925.

[20] Den kurdiska danserskan här, Dagens Nyheter, 17-2-1925.

[21] Den dansande prinsessan, Aftonbladet, 15-2-1925.

[22] Leila Bedr-Schan dansade,  Dagens Nyheter, 18-2-1925.

[23] Teater och musik, Dagens Nyheter, 18-2-1925.

[24] Kurdistan-Prinsessan till folkteatern, Stockholms-Tidningen, 25-2-1925.

[25] Rohat Alakom, Kurdên Swêdê, Apec, 2006, rûp.179-180.

[26] Prinsessan av Kurdistan, Aftonbladet, 20-2-1926.

[27] Kurdisk prinsessa som danserska i Paris, Hvar 8 Dag, nr 14/1927.

[28] Prinsessan Leilas dansafton, Stockholms Dagblad, 18-2-1925.

سەرچاوە : ڕووداو