له‌گه‌ڵ ئاگردزه‌كاندا

    شیرین ك

زۆرجار رۆژنامه‌نووسان ئه‌و دیدارانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌دیب، هونه‌رمه‌ند یان كارەكته‌ره‌ سیاسییه‌كاندا ده‌یكه‌ن، كۆی ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یكه‌ن به‌ كتێب، به‌ڵام كه‌مجار كتێبێكی پڕ چێژ و سوود و سه‌ركه‌وتووی لێده‌رده‌چێت، كتێبی له‌گه‌ڵ ئاگردزه‌كاندا-ی جومانه‌ حه‌دادی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی لوبنانی یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌، سیازده‌ چاوپێكه‌وتنی ناوازه‌ی له‌خۆگرتووه‌، دیداره‌كان له‌نێوان ساڵی2003 بۆ 2005 كراون، ساڵی 2007 كراوه‌ به‌كتێب، ساڵی 2008 ته‌یب جه‌بار-ی شاعیر ئه‌م كتێبه‌ی به‌دیاريی بۆ هێنام.
كۆمێنت: (جومانه‌ حه‌وت زمانی زیندوو ده‌زانێت، باكگڕاوندێكی مه‌عریفی باڵای هه‌یه‌، توانیوێتی دیالۆگێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕچێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌رانه‌دا بكات، چه‌ند به‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كان سوودمه‌ند و خۆشحاڵ بووم به‌قه‌د ئه‌وه‌ به‌ پرسیاره‌ وردو زیره‌كه‌كانی جومانه‌ی رۆژنامه‌وان سه‌رسامم!! ).
 جگه‌ له‌ دیداره‌كان پێشه‌كییه‌كی بۆ نووسیوه‌ تیایدا باسی دیالۆگی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات و ده‌ڵێت: (ده‌بێت بزانی چۆن، له‌كوێدا و كه‌ی، به‌ چ جۆر و ئاڕاسته‌یه‌ك پرسیاره‌كان ده‌كه‌ی، ده‌نا رۆڵه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌و ناتوانی متمانه‌ی پرسیارلێكراو به‌ده‌ست بهێنیت، هه‌موو ئه‌مه‌ش به‌شێوازێكی نه‌رمونیان، به‌ڵام بێ موجامه‌له‌ و پیاهه‌ڵدان، بوێرانه‌ به‌ڵام دوور له‌ خۆنواندن و برینداركردن، بوێری رۆژنامه‌نووس ئه‌وه‌یه‌ بتوانێ راستییه‌كان چه‌ند سه‌ختیش بن بخاته‌ روو، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی دیداریان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت هه‌موویان سه‌ره‌تا ده‌مامكێكیان پۆشیوه‌، رۆژنامه‌وانی زیره‌ك ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌مامكه‌ لادا، كۆده‌كانیان بكاته‌وه‌).
جومانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت ئه‌و سیازده‌ ئه‌دیبه‌ی دیداری له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌رسام بووه‌ پێیان، ویستوویه‌تی بزانێت ئاخۆ ئه‌و ئه‌دیبه‌ی به‌ وشه‌كانی سیحری لێكردووه‌ له‌هه‌مان ئاستی ئه‌و ئینسانه‌دایه‌ كه‌ هه‌یه‌؟ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت دوای ئه‌و دیدارانه‌ زۆر شتیان لێوه‌ فێربووم كه‌ نه‌متوانیبوو له‌كتێبه‌كانیاندا  بیبینم.. 
 من وه‌كو خوێنه‌رێكی كورد له‌نێو ئه‌و سیازده‌ ئه‌دیبه‌دا به‌رهه‌می حه‌وتیانم خوێندۆته‌وه‌: (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ، پاولۆ كۆیلۆ، ماریۆ بارگاس یۆسا، ساراماگۆ، تاهیر بن جه‌لون، ئه‌نتۆنیۆ تابۆكی، پۆل ئۆسته‌ر.. دواتریش خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ كتێبه‌كه‌ كردووه‌ له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بڵاوبۆته‌وه‌. 

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ