دیالۆگی نیشتمان..
لەوەڵامی بانگەوازی کورد بۆ ئاشتی ، بێدەنگی دەوڵەتی تورک .. زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانی سویدی دۆستی کورد (یواخیم مەدین ) درێژەپێدانی سیاسەتی گۆشەگیریکردنی دەنگی کورد لە تورکیا
لە سەردەمێکدا کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی یەکتر بە یەکێک لەبەهاترین ستوونی ناوەندی کۆمەڵگا دیموکراسیەکان دادەنرێت، ڕاستیەکان لە تورکیادا هێندەی تر شۆککەر دەردەکەوێت. درێژەپێدانی سانسۆرو گۆشەگیریی سەر چالاکانی کورد، لایەنگرانیان و چاودێرانی نێودەوڵەتی، کەلێنێکی قووڵی نێوان قسە و کردار- لە نێوان بانگەوازی ئاشتی و سەرکوتی بەردەوامی دەوڵەتی تورکدا دەردەخات.
نموونەیەکی مەترسیدار بە تایبەتی دۆسیەی ڕۆژنامەنووسی سویدی یواخیم مەدینە کە لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٥ لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ دەستگیرکرا، تا ئەمڕۆش دوای زیاتر لە هەفتەیەک، هێشتا لە دەستبەسەریدایە – بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی ئاشکرای بۆ بکرێت و لە ژێر بێدەنگییەکی زۆردا لەلایەن دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتییەوە.
یواکیم مەدین لە ناوچەکەدا نامۆ نییە. یەکێکە لەو کەمترین ڕۆژنامەنووسە ئەوروپیانەی کە ساڵانێکە بە چڕی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ناوبراو لە سوریا و تورکیا و عێراقەوە بۆ ڕۆژنامەی سویدی داگێنس ETC ڕاپۆرتی داوە. چەند جارێک سەفەری هەرێمی باشووری کوردستانی کردووە، سەردانی چیای قەندیلی کردووە و چەندین جار گەشتی ڕۆژئاوای کوردستان (رۆژاڤا)ی کردووە. لە نێوان کارەکانیدا چاوپێکەوتنێکی هەستیاری لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدا.
دوو کتێبەکەی بە وردی باس لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد و ڕۆڵی ژنان لە ڕۆژاڤا و دینامیکی سیاسی لە ناوچەی سنووری نێوان تورکیا و سووریا دەکەن. مەدین چالاکوان نییە، بەڵکو چاودێرێکی ڕەخنەگرانە – ڕۆژنامەنووسێکە کە سەیری ئەو شوێنە دەکات کە ئەوانی دیکە چاویان لێ دوورە. ئامانجی ئەو هەمیشە ئەوە بووە کە دەنگێک بە بێدەنگەکان بدات تابەهۆی ژاوەژاوی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە نەخنکێنرێت.
زیندانیکردنی مەدین ئاماژەیەکی نیگەرانکەر دەنێرێت. ئەوە دەردەخات کە حکومەتی تورکیا تەنها چالاکوان و سیاسەتمەدارانی کورد ناکاتە ئامانج، بەڵکو ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیش کە هەوڵی دۆکیۆمێنتکردنی ئەو دۆخە ناهەموارەی مرۆڤی کورد دەدەن. ئەمە حاڵەتی یەکەم نییە. پەیامنێرانی بیانی چەندین جار لە سنوورەکان دوور دەخرانەوە، دەستگیر دەکران یان دەخرێنە ژێر فشارەوە. ئایا وشەی ئازاد لە چی دەترسێت لە دەوڵەت؟
سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان و حکومەتەکەی بەردەوام دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی کورد ڕەتدەکەنەوە. بەڵام ئەوە بە کردەوە مانای چییە؟ لە کاتێکدا کوردەکان لە تورکیا و سوریا و دەربەدەری بەردەوامن لە خەبات بۆ چارەسەری سیاسی، دەوڵەت بە نەخشە کۆنەکان بەردەوامە: دەرگای زیندانەکان لە جیاتی کرانەوە دادەخرێن، ڕۆژنامەنووسەکان لەبری ئەوەی لە لاپەڕەکانی یەکەمدا دەربکەون، لە زینداندا ون دەبن.
تورکیا ئەگەر بەڕاستی دەیەوێت بەشێک بێت لە کۆمەڵگەی دیموکراسی دەوڵەتان، دواجار دەبێت دەست بە مامەڵەکردنی جیاواز بکات. دیموکراسی تەنها بە مانای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پڕگومان نییە. واتە دیالۆگ ،ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە ، پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بینینی ئۆفەرەکانی ئاشتی بەرامبەرنەک وەک هەڕەشەیەک، بەڵکو وەک دەرفەتێک.
ئازادکردنی دەستبەجێی یواکیم مەدین دەبێتە یەکەم نیشانە و ڕوون لەم ئاراستەیەدا. هەنگاوێک دەبێت بۆ ئەوەی نیشان بدەین کە تورکیا نەک تەنها هێز بەڵکو دادپەروەری دەیەوێت نیشان بدات.
تا ئەو کاتەی سەرانی تورکیا تەنها زیندان وبەکارهێنانی هێزوچەک وشەڕیان پێچارەسەرە، بانگەوازی کورد بۆ ئاشتی بێ بیستن دەمێنێتەوە.. بەڵام بەردەوامە لە دەنگدانەوە – لە زیندانەکاندا، لە بابەتەکاندا، لە دەنگە نێودەوڵەتییەکان کە بێدەنگ نابن.