ئهبوبهكر عهلی
هەموومان لە چەند رۆژی رابردوودا شایەتی وەڵام و وەڵامکاری هەندێ لەبەرپرسانی یەکێتی و پارتی بووین، لەسەر خاوەندارێتی و ئێستاو چارەنووس و ئایندەی هەولێر؟! لایەك هەولێری وەك شارێکی داگیرکراوو دەرهێنراو لەدەستی خاوەنە رەسەنەکانی وێنا دەکرد، ئەویدیش دەیخستە روو کە واقیعی لەئارادابووی ئێستا ، گووزارشت لە دۆخی خود خاوەنی شارەکە دەکات، ئەوەی واش بیرناکاتەوە دەتوانێ هەولێرێ لە خەیاڵی خۆیدا بکێشێت و ئایندەو خاوەنی بۆ دەستنیشانبکات. ئەمەش بەکردەوە ئەوە دەگەیەنێت کە دوای ئەوەی کەرکوك، لە شارێکی ناکۆکی لەسەری نێوان هەرێم و بەغداوە گۆڕا بۆ شارێکی ناکۆکی لەسەری نێوان یەکێتی و پارتی- بەحوکمی ئەوەی شتێکمان بەناوی بریارو ستراتیژی هاوبەشی نیشتیمانی نەبوەو نییە، تا بەهەناسەو دیدو ئیرادەیەکی تۆکمەو هاوبەشەوە بەرامبەر بەغدا خۆمان وەك ناسیۆنالیزم و گەل پێناسە بکەین و پێداگری لەسەر مافەکانمان بکەین و خاوەندارێتی نیشتیمانیانەی هاوبەش لەشارەکەو کۆی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بکەین.
کەهەر ئەوەش لە کەناری لەدەستدانی کۆتایی نزیکی کردۆتەوە - هەولێریش بەجۆرێکی تر خەریکە بەهەمان دەرد بچێت!
رۆژ بەڕۆژ لە پایتەختی کۆکەرەوەی جیاوازیی و فرەییەکان و سەنتەری دروستکردنی بریاری نیشتیمانی و رەمزی هاوبەشەوە، بەهەمان شێوەی کەرکووك ببێت بە شارێکی ئاسایی و پانتاییەکی جووگرافی و دانیشتوانیی کێشە لەسەرو جێناکۆکی نێوان دوو حیزبەکە! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەهێشتا زۆرێ لەکاربەدەستە حیزبییەکان و نوخبەی حوکمڕانی هەرێم ، پەی بە پێگە، ڕۆڵ، ئاماژە، وەزیفەو رەمزییەتی پایتەخت نابەن ، یاخوود پەی پێدەبەن و فەرامۆشی دەکەن و لەسۆنگەی رق و بەرژەوەندی حیزبیی و تاکەکەسیەوە، لەبیر خۆیانی دەبەنەوە!
بەحوکمی ئەوەی عەقڵی سیاسی زاڵ، هاوشێوەی مێژوو واقیعی بەشێکی بەرچاوی ناوچەکە، غەنیمەت پاڵنەری سەرەکی ئاراستەکردنی بیرکردنەوەو رەفتاری سیاسیەتی؟ پێوەری سەرەکیشی بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی گووتارو داڕشتنی بریار، هەژموونی حیزبییە بەلۆژیك و میکانیزمەکانی کەلتوری زۆنی کۆنترۆڵکراو، نەك بەهاو پێوەرو بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان و دیموکراسی. چوونکە ئەگەر ئێمە بەتەواوی مانا لە ئاماژەو ڕۆڵ و رەمزییەتی پایتەخت لە دەوڵەتی نوێدا تێبگەیشتینایە، لەوە تێدەگەیشتین، کە هەرگیز ناکرێت هەولێر بە پایتەخت بزانین و بەم زمان و هەناسەوە دەربارەی ئێستاو ئایندەی بدوێین، لەوەحاڵی دەبووین پایتەخت هی هەمووانەو هی کەسیش نییە، سەنتەری بەیەکەوە بەستنەوەی گۆشەو کەنارەکانی وڵاتە بەیەکترەوە، شوێنی نمایشکردنی ئیرادەی نیشتیمانی و پیادەکردنی ناوەرۆکی نوێنەرایەتی گەل و ڕێکخستنی پەیوەندییە بەدنیاوە.
بۆیە ئەگەر دەوڵەت فیدراڵیش بێت، دەبێت پایتەخت هەرێمێكکی سەربەخۆ بێت، چوونکە رۆڵی کۆکەرەوەو هەماهەنگی و ناوبژیوانی و بەیەگکرتوویی هێشتنەوەی وڵات و گەلەکەی دەگێڕێت.
لێرەشەوە پایتەخت پانتاییەك نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی حیزبیی، کە بەداخەوە زمانی قسەکردنی هەردوولا دەربارەی هەولێر ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، کە ئەویش درێژەدانە بەهەمان عەقڵییەت و گووتاری شەری ناوخۆی نەوەدەکان، لەوسۆنگەوە کە شەری ناوخۆ تەنها راگیراوەو کۆتاییی پێنەهاتووە! بەپێچەوانەی دنیاشەوە لە ئەزموونە کوردییەکەدا سیاسەت درێژکراوەی شەرە.
سەرچاوە : خەندان