لە یادی 42 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان

 

ئەمرۆ ( 42) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی جینۆسایدی بارزانییەكان، لە رێكەوتی ۳۱ / ۷ / ۱۹۸۳ یەكەمین قۆناغی ڕەشبگیری بارزانییەكان لە ئۆردوگای زۆرە ملێی قوشتەپە دەستپێكرد و بە سێ قۆناغ و لە ماوەی (۱۲) ڕۆژدا نزیكەی(۸٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان دەستگیركران و بێسەروشوێن كران, لە ناویاندا   315  منداڵ  هەبوو, 2225  ناویان ئاشكرایە كە تەنها 667 كەسیان لە دادگایەكی رووكەشدا دادگایكران, 1558 كەسیان  نەنێردران بۆ دادگا رووكەشەكەش ,  لە مافی یاسایی رووكەشیش بێبەش كران, تا ئێستا تەنها 696 كەسیان بە سێ قوناغ رووفاتیان هێنراونەتەوە كوردستان كە  لە پێنج گۆڕی بە كۆمەڵدا دۆزراونەتەوە ( 503 روفات لە رێكەوتی 17-10-2005, 93 روفات لە رێكەوتی 6-3-2014, 100 رووفات لە رێكەوتی لە مارتی 2022), ئەمانەش پرۆسەی ناسینەوەیان بۆ ئەنجام نەدراوە.

داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق كەیسی جینۆسایدی بارزانیەكانی بە بریاری ژمارە ( ٤ ج ١ ) لە رێكەوتی ۱۱ / ٥ / ۲٠۱۱ بە جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ناساندووە، هەرچەندە لە كاتی پرۆسەی دادگاییەكەدا لە مافی بڵاوكردنەوەی راستەوخۆ بێبەشكران, بۆیە ئەركی حكومەتی عێراقی فیدراڵە هەرچی زووە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی قوربانیانی ئەم تاوانە بكاتەوە, هاوكات لەم یادەدا داواكارین دادگای باڵای تاوانەكان  ئەكتیف بكرێتەوە تاوانبارانی تاوانە گەورەكان لە سزا رزگاریان نەبێت, سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ د. لەتیف رەشید بە فەرمی داوای لێبوردن بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە لە سەرجەم قوربانیانی جینۆساید و تاوانە گەورەكان بكات لە ناویاندا قوربانیانی جینۆسایدی بارزانی و بە زووترین كات عێراق  ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی  بۆ ئەوەی جارێكی دیكە جینۆساید  لەم وڵاتە دووبارە نەبێتەوە, عێراقی داهاتوو جیا بێت لە عێراقی رابردوو.

رێكخراوەكان

-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید-  kwg

-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی –  Koncicc

-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN

-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD

-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC

-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www

-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

-گۆڤاری تۆبزاوە

-رۆژنامەی نگرە سەلمان

- رێكخراوی مانەوە  بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان

-كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان