فیلمسازان، هونەرمەندان، رەخنەگران و هۆگرانی سینەمان، لە چاوەڕوانیدان بۆ بینی فیلمێکی بڵندی ترسناک کوردی لە سینەمادا. 'شەوە' فیلمێکی نوێی کوردییە، پێشاندانی تایبەتی لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر بەڕێوەچوو و دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە لە نمایشەکەدا ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین.
ماوەی فیلمەکە یەک کاژێر و 15 خولەکە، ئەوانەی دەتوانن بیبینن، دەبێت تەمەنیان لە 15 ساڵ بەرەوە سەرەوە بێت، چونکە دیمەنی ترسناک لە خۆدەگرێت.
'شەوە' باس لەجۆرە رۆحێکی ترسناک دەکات کە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە دایکان و منداڵان دەدات بۆ ئەو ئازارانە لە ژیانی رووبەڕووی بووەتەوە.
شادی ئارام، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە و رۆڵی کارەکتەری شەوە دەگێڕێت، لەبارەی رۆڵەکەی، دەڵێت بۆ ئەو رۆڵێکی جیاواز بوو و پێشتر لە فیملمەکاندا ئەو رۆڵەی نەگێڕاوە.
دلۆڤان زەندی، نووسەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و ئەکتەری فیلمەکەیە و دەروونناسە و ناوەڕۆکی فیلمەکە لە پسپۆڕییەکەیەوە نزیکە، رایگەیاند، بڕیارە ئەم بەرهەمە لە 12 مانگەوە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک پێشانبدرێت، دواتریش لە سینەماکانی دهۆک و بەغداد و پلانیشی هەیە بیبات بۆ ئەوروپا.
فیلمەکە بە هەوڵی تاکە کەسی دەرهێنەر بەرهەمهاتووە و وەک خۆی باسی دەکات، هیچ پشتیوانییەکی دارایی نەکراوە، فیلمساز و رەخنەگرانیش بە فیلمێکی سەرکەوتوو دەیناسێنن. پشتیوان عەبدوڵڵا، نووسەر و رەخنەگری سینەمایی بە فیلمێکی سەرکەوتوو لە رووی دەرهێنان و چیرۆکەوە دەیناسێنێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نووسەر دەبوو بەدواداچوونی زیاتر بۆ چیرۆکی شەوە کردبا.
لە فیلمی 'شەوە' لاڤا مەهدی و شادی ئارام، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، هەرمان هێرش، مازیچن عەزیز، بانوو بەهائەدین و کەژان عەبدول، وەک ئەکتەری لاوەکی بەشدارن، بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکە محەممەد شێروانییە و هێمن باجەلانی وێنەگریەتی و تاریق گەردی کاری مۆنتاژی بۆ کردووە.
دلۆڤان زەندی، لە سوورداشی قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لە منداڵییەوە لە ئوسترالیا دەژی، 12 ساڵە هۆگری هونەری سینەمایە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی هەبووە و سەرەتا بە نووسینی سیناریۆ دەستیپێکردووە، دواتریش دەرهێنەری و ئەکتەری، یەکەم فیلمی بە هاوبەشی بەناوی 'هێڵی سوور' بەرهەمهێناوە.
سەرچاوە: rudaw