لە هەرێمی کوردستان خۆرگیران روودەدات

رۆژی 25ی ئەم مانگە خۆر دەگیرێت و سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان دەڵێت، "دیاردەکە لە کاژێر 1:00 تاوەکو 3:00ی پاشنیوەڕۆ روودەدات."
رۆژی دووشەممە 03-10-2022 ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 25ی ئەم مانگە، دیاردەی خۆرگیران روودەدات و لەنێوان کاژێر 1:00 بۆ 3:00ی پاشنیوەڕۆ دەبێت، خۆرگیرانەکەش 50% دەبێت.

پەیجی تەلسکۆبی عێراقی لەوبارەوە رایگەیاندووە، خۆرگیرانەکە نیمچەییە و کاژێر 1:18 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە بەغدا دەستپێدەکات و لە کاژێر 2:30 خولەک بە روونی دەبیندرێت، لە 3:42 خولەک تەواو دەبێت، واتە دوو کاژێر و 24 خولەک دەخایەنێت."

نیمچەخۆرگیرانەکە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا، باکووری ئەفریقا و رۆژئاوای ئاسیا دەبیندرێت، بەڵام زۆرترین ماوەی لە سیبریا و رووسیا دەبێت.

لەڕووى فەلەكییەوە خۆرگیران سێ جۆرى هەیە و هەركاتەو لە ناوچەیەكى جیهاندا روودەدات و دەبیندرێت، ئەوانیش:

1- خۆرگیرانی تەواو Total: ئەوكاتەى مانگ لە نزیكترین خاڵە لەگەڵ زەوى و بەمەش تەواوى دیسكى خۆر دادەپۆشێت، بەڵام بەپێی جیاوازیی شوێنكەوتەى جوگرافیی وڵاتان و گۆڕانى گۆشەى بینین، لە هەندێک شوێن نیمچەگیران دەبیندرێت.

2- خۆرگیرانی نیمچەیی Partial: بەهۆی دووریی لە زەوى یان لاریی گۆشەى خولانەوەى مانگ بەدەورى زەویدا، بەشێكی خۆر لەڕێگەى دیسكى مانگەوە دەگیرێت و هەر بەو شێوەیەش لە تەواوى ئەو ناوچانە دەبیندرێت كە ئەو دیاردەیە تێیدا روودەدات.

3- خۆرگیرانی ئەڵقەیی Annular: ئەوكاتە روودەدات كە مانگ لە دوورترین خاڵدایە لەگەڵ زەوى، هەربۆیە ناتوانێت تەواوى دیسكى خۆر دابپۆشێت، لەكاتى خزانى بۆ نێو دیسكى گەشی خۆر دەگاتە سەنتەرى ئەو دیسكە و ئەڵقەیەكى بریقەدار لە دەوروبەرى دیسكى رەش و تاریكى مانگدا دەردەكەوێت.

 

سەرچاوە: rudaw- سیروان عەباس