لە شەڕی 1336ی هیجری - کە شەڕی ڕووس...

لە شەڕی 1336ی هیجری - کە شەڕی ڕووس و تورک کرا - چەند کەسێ لە عولەما بۆ ئەوەی خەڵک بنێرن بۆ شەڕ چوبوون بۆ ناو عەشیرەتی «مەنگوڕ و مامەش». لە دیوەخانی حەماغای مامەش، ڕەئیسی عەشیرەتەکان وەکوو هەمزاغای مەنگوڕ و حەمەمین ئاغای بڵباس و هی تریش کۆ ئەبنەوە. یەکێ لە مەلاکان وەعزیان بۆ ئەخوێنێ ئەڵێ: ئەمە غەزایە و پێویستە لە سەر موسوڵمان بیکا. هەر کەس بچێ ئەگەر بکوژرێ شەهیدە، پایەی شەهادەت زۆر گەورەیە، خۆ ئەگەر نەشکوژرێ ئەبێ بە غازی، پایەی غازیش دیسان زۆر گەورەیە. کە مەلا لێ ئەبێتەوە کوێخایەکی بڵباس هەڵئەستێ و ئەڵێ:؟ مامۆستا ئەگەر خوا ئارەزوو بکا هەرچی ڕووس هەیە ناتوانێ بە سەعاتێک بیانکوژێ؟ مەلا ئەڵێ: بەڵێ ئەتوانێ، کوێخا ئەڵێ: ئینجا خوا کە خۆی پێی ئەکرێ بۆ چی خۆی هەموویان ناکوژێ و بۆچ فیتنەکە بە ئێمە ئەگێڕێ؟!