لە روی زانستیەوە، بۆ دەبێ گومانی تەزویر بکرێ؟!

 

 

 

 

بەختیار ئەمین

 

ڕەنگە هەریەکەمان ئەو پرسیارەمان لا دروست ببێ، ئایا ئەو ئامێرەی، کە ئەم دەنگە دەخوێنێتەوە، پشت بەچی دەبەستێ بۆ هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەران؟ ئەم ئامێرە چۆن دەزانێت ئەو دەنگە هی کام کاندیدەیە؟ ئایا پرۆسەکە هاوشێوەی هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست ئاسانە؟

گرنگە ئەوە بزانرێ، هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی پێویستی بەداتایە واتە (زانیاری) بۆ بڕیاردان، یان بۆ هەر کردارێک بیەوێ ئەنجامی بدات. بەهەمان شێوە، چۆن من و تۆ یان کارمەندێکی کۆمسیۆن بڕیار ئەدەیەن لە سەر ئەو فۆرمەی کە دەنگدەر دەنگی لەسەر داوە، دوای ئەوەی داتای سەر فۆرمەکەمان بینی.

وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

ئامێرەکانی هەژمارکردن و ناسینەوەی فۆڕمی دەنگی  دەنگدەر بە ئامێری ئۆپتیکاڵ سکانەر ناسراون (Optical Scanner سکانەری بینایی). نەک هەر ئەو ئامێرە، بەڵکو هەموو ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر، کە بۆ هەر مەبەستێک دروست کرابن، جا ئەگەر تەنها بۆ هەژمارکردن بێ، یا ڕاکێشان و هەژمارکردن، سەرجەمیان پشت دەبەسن بە تەکنەلۆژیای Optical Character Recognition (OCR))، واتە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی هێما و کارێکتەرەی بینایی سەر هەر کاغەزێک، کە بەم ئامێرانەدا تێپەڕ دەبن.

ناسینەوەی کاراکتەری بینایی (OCR) لە ڕاستیدا تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە، توانای ناسینەوەی دەقی وێنە و بەڵگەنامە سکان کراوەکان یان سەرچاوە بینراوەکانی تری هەیە. OCR پشت هەم  بە هاردوێر (ئەگەر داتاکە لەوەوە وەربگرێ)، وەکو خودی سکانەرەکە (بەسەرجەم پارچەکانیەوە هەر لە سێنسەر و کامێرا و بەشە ڕەقەکانی تر)، هەمیش پشت بە سوفتوێر دەبەستێ بۆ ئەنجامدانی هەر کردارێک یان کارێک کە پێی بسپێردرێ.

ئەی ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن کاردەکات، یان پشت بەچی دەبەستێ؟

ئۆ سی ئاڕ، سۆفتوێرکە بە ئەلگۆریثم دیزانکراوە، ئەلگۆریثمیش ئەو پرۆگرامەیە، کە لەڕێگای سۆفتوێرێکەوە بە ئامێرەکە دەڵی چی کردارێک ئەنجام بدە و چۆن؟

ئەلگۆریثمەکان زۆرکات پشت بە کۆمەڵێ کرداری ماتماتیکی وەکو ژیرەکانی دەستکرد (AI) دەبەستن، بۆ ناسینەوەی دەقی چاپکراو، دەستنووس، یان تایپکرا، تەنانەت وێنە و دەنگیش. هەر ئەو ئەلگۆریثمی ژیری دەستکردەیە، کە توانای گۆڕینی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی من و تۆی هەیە بۆ دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی کەسێکی دیکە. لە زانستی ژیری دەستکردا ئەلگۆریثمەکان هەموو زانیاری و داتاکان دەکەنەوە بە دەقی دیجیتاڵی (دەقەکە ژمارە بێ یان تێکست) ئینجا دەتوانن سودی لێ وەربگرن.

بەزمانێکی سادە، ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر هەمان ئەو دەورە ئەبینن، کە چۆن ئەندامێکی کۆمیسیۆن لە ڕێگای چاوەوە یان ژماردنی دەستەوە ئەنجامی دەدەن بۆ ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان.  بەنمونە، کاتێک دەنگدەر فۆرمی دەنگدانی دەخاتە ناو ئەو سندوقەی کە  بۆی دانراوە، لە سەر ئەو سندوقە دوو شت هەن، یەکێکیان ئەو ئامێرەیە، کە وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر ئەگرێ و پێیدا تێ دەپەڕێ، دووەمیشیان سندوقەکەی ژێر ئامێرەکەیە کە فۆرمەکانی تیادا هەڵدەگیرێ.

تەکنەلۆژیای (OCR) چۆن کاردەکات یان ئەو کردارانە چین کە لە توانای ئەم تەکنەلۆژیایەدان؟

ئامانجی ئۆ سی ئاڕ لە ئوپتیکاڵ سکانەردا ئەوەیە پرۆسەی ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان زۆر خێراتر بکات بە هێندەی سەد ئەوەندەی توانای مرۆڤ. وە ئەم تەکنیکە پشت بەم قۆناغانەی خۆارەوە دەبەستێ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی سەر فۆڕمی دەنگدەر و هەژماکردنیان  لەو کاتەی وێنەی دەنگەکە دەگرێ:

قۆناغی یەکەم:  (Image Capture) پرۆسەی گرتنی وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر: لەم قۆناغەدا سکانەرەکە هەڵدەستێ بەگرتنی وێنەی فۆرمی دەنگدەر لەڕێگای کامێرای ناو سکانەرەکەوە بەخێرایەکی زۆر بێ ئەندازە، هاوشێوەی لەیزەر، دواترهەڵگرتنی وێنەکە لە ناو ئامێرەکەدا، یان ئەو میمۆریەی بە ئامێرەکەوە بەستراوە.

مەترسی ئەم پرۆسیە چیە؟ دەکرێ وێنەی ئەو فۆڕمەی، کە ئامێرە گرتویەتی بگۆڕدرێ بە وێنەی فۆڕمی کاندیدێکی دیکە. چۆن؟

ئەو ئەلگۆریثمەی، کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد هەرخۆی دەتوانێ وێنەی ئەو فۆرمە بگۆڕێ. گرنگە ئەوە ڕونبێت، تەنها وێنەکە دەکرێ بگۆڕدرێ نەک فۆرمەکە، چونکە لەم قۆناغەدا فۆڕمەکە تێپەڕبوە بە ئامێرەکەدا، ئەوەی لە سەر فۆڕمەکەیە ئەوە دەگرێ، بۆیە لەڕێگای هەژماری دەستیەوە دەکرێ بەوردی ڕاستی و دروستی ئەم فۆرمە دووبات بکرێتەوە.

قۆناغی دووەم: (Pre-processing): لەم قۆناغەدا کواڵیتی وێنەی فۆڕمەکان یان کۆنتراستی وێنەکان دەکرێ چاک بکرێن یا با بڵێن دەستکاری بکرێن. واتە ئەگەر هەر پەڵەیەک یان مارکێک لەسەر وێنەکە بوو، کە (بەپێچەوانەی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆنەوە بوون) دەکرێ لاببردرێن. ئەم تەکنیکەش زۆر باوە لە زانستی کۆمپیوتەر (بەتایبەت ژیری دەستکردImage Processing ) دا. دەکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی کرداری فیلتەرەوە ئەنجام بدرێ هاوشێوەی ئەم وێنەیەی خوارەوە. وەکو دیارە دەتوانرێ سەرجەم ئەو پەڵانەی لە وێنەی لای چەپدان لاببرێن و تەنها ژمارەکان بمێننەوە. 

لەوانەیە هەندێ هاونیشتیمانی پرسیار بکەن، ئایا لەم قۆناغەدا دەکرێ دەستکاری فۆڕمەکە بکرێ؟

بەڵێ، دەتوانرێ فیلتەر لە سەر هەر بەشێکی فۆڕمەکە دابنردێ کە بمانەوێ. ووردتر بڵێم، ئەگەر بمانەوێ دەتوانین ئەلگۆریثمەکە وا پرۆگرام بکەین بۆ هەر بەشێکی سەر وێنەی فۆرمەکە، بۆ نموونە لابردنی مۆر، پەڵە، یان نەخشی پاشبنەما نەخوازراوەکان. دەکرێ لەم ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر وردی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکان دروست بکەیت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە دیزان بکەی کە مەبەستە.  واتە دەستکاری وێنەی فۆرمەکە بکەی یان (سەری لێ بشێوێنی)، بە ئامێرەکە بڵێی: ئەو فۆرمەی مۆری لەسەر نیە، پوچەڵی بکەوە، ئەم پەڵەیە زیادە لەسەر فۆرمەکە ڕەشی بکەوە...هتد.

بۆ دڵنیای لەم کردارە تەماشای ئەم وێنەی خوارە بکەن، لەوێنە دەستی چەپدا دەردەکەوێت و دایارە کە سەرجەم ئەو پەڵە و نوسینانەی سەر ئەو کاغەزانە دەکرێ لا دەبرێین. وە ئەم کردارە لە ئیمج پرۆسێسینا (mage Processing) زۆر باوە.

سەرچاوە : هاوڵاتی