کاتێک تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێت پەیدابوو، ئەو کاتە دونیا پڕبوو لە کۆمپانیای فشەڵ و لاواز، بەڵام حکومەتی ئەمریکی بڕیاری دا رێکیان نەخات و رێگەیان پێبدا چاونەترسانە چەند بیانەوێت گەشە بکەن، ئەوەش لە راستیدا لە مڕۆدا روویداوە، کاتێک دەبینین ئەو کۆمپانیایانە بوونەتە ناوی ناسراو لەسەر ئاستی دونیا و بگرە لە گەورەترین کۆمپانیاکانن لە جیهاندا، کە بەهای هەندێکیان زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلارە، بەڵام بەداخەوە هەندێکیان ئەو هێزەیان بە لوتبەرزییەوە بەکارهێناوە بۆ جێگیرکردنی پێگەکانیان لە سەروو بەرژەوەندی بەکاربەران و هەموو کێبڕکێکارەکانەوە، لەو بارەیەوە جیمی سسکیند پارێزەری بەریتانی و خاوەنی کتێبی «سیاسەتی داهاتوو» (کە پڕفرۆشترین کتێب بوو لەجیهاندا و چەندین خەڵاتی جیهانیی بردۆتەوە) لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی «کۆماری دیجیتاڵی» دەربارەی ئازادی و دیموکراتی لە سەدەی بیست و یەکدا نووسیوێتی و باس لەم مەسەلەیە دەکات و پرسیار دەکات ئایا ئینتەرنێت کە دیارترین بەرهەمی تەکنەلۆجیایە چی لە مرۆڤبوونی مرۆڤ هێشتۆتەوە؟ لە رووی پەیوەندی خەڵکی بە یەکەوە؟ ئەو چەندین ملیارە لە خەڵکی بەرەو کوێ دەچن کاتێک بێ دەسەڵاتن و ناتوانن پەنجە گەورەیان لەو ئامێرە بچووکانە دووربخەنەوە؟
ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە
کێشەی سەرەکی ئینتەرنێت ئەوەیە «هێزەکەی ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە» لە کاتێکدا لە رۆژەکانی سەرەتای بۆشایی ئەلیکترۆنیدا، ئەو دەسەڵاتە تا راددەیەکی زۆر ئەوانە بەڕێوەیان دەبرد کە مەیلی ئازادیان هەبوو هەروەها داتاکردن و دانانی کۆدیان دەکرد، بەڵام لەمڕۆدا لە دەستی ئەو کۆمپانیا و دەوڵەمەندانەدایە کە دژی رێکخستن و بە سیستەمکردنن و حەزیان لە جۆرێک لە «تاکڕەوییە لە بازاڕدا» بەپێی وتەکانی ئەو نووسەرە بێت بە پێچەوانەی زانستی پزیشکییەوە هیچ جۆرە مەرجێکی ئەخلاقی نەسەپێندراوە بەسەر کاری ئەندازیاری بەرنامەدانان و داتاکردن یان جێبەجێکاری تەکنیکیدا، هیچ نووسراوێک نییە دەربارەی بنەماکانی رەفتاری کارکردنی پیشەسازی کە دەبێت پەیڕەوبکرێت، هەروەها هیچ بڕوانامەیەکی سەپێندراو نییە بەوەی دەبێت جەماوەر پێش پارە و قازانج بخرێت، تەنیا هەندێک دەرهاویشتەی کەم نەبێت دەربارەی شکستی ئەخلاقیی مەترسیدار نەک ترسی راستەقینە لە راگرتن یان پووچەڵکردنەوەی کارەکانیان، هێزی ئەوان بەو مانایە دێت ئێمە هەمومان ئازاد نین و دەبێت فەرمانەکانیان جێبەجێبکەین، دەبێت دەستبەرداری هەر مافێک بین لەو مافانەی وادەزانین هەمانە لەو «رێکەوتنانەی» لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەکرێت کە هیچ کەسێک کاتی نییە بیانخوێنێتەوە یان لێیان تێبگات، ئەگەر پێشتر یەکێک لەو رێکەوتنانەت خوێندۆتەوە، ئەوە دەزانیت بە ئەنقەست نامۆ و گوماناوین و پڕن لە دەستەواژەی دیارینەکراو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەتوانن چۆن بیانەوێت لە کاتی پێویستدا شیکردنەوەی بۆ بکەن، بۆیە پێویست ناکات ئەو بەڵگەنامانە بخوێنیتەوە، چونکە ئەگەر لە خاڵێکی رازی نەبیت ناتوانیت لایبەریت یان گفتوگۆی لەسەر بکەیت، بۆیە دەبێت پێش دەستپێکردن و چوونە ناوەوە دەستبەرداری هەموو مافەکانت بیت یان ئەوەتا ناتوانیت بچیتە نێو ئەو بەرنامەیە یان پێگەیەوە و زۆربەی کات ئەو رێکەوتنە یەک لایەنانە لە دادگادا هیچ بەڵگەیەک پێکناهێنن
چاونەترسیی مرۆڤ
جیمی سسکیند دەڵێت مرۆڤ حەزی بە چاونەترسیی هەیە، ئەوەی هەموان حەزیان لەوەیە لە بنەماکان لابدەن و بۆ ئەوە مرۆڤ تا ئەو پەڕی دەڕوات بۆ نموونە هەوڵدەدات پارەی میترۆ نەدات، دەیانەوێت کاتێک لە سینەمایە تەماشای دوو فیلم بکات، لە ئۆتۆمبێلدا بێ ئاگادارکردنەوە لابدات و چەندانی دیکە، ئەو نووسەرە پێشنیاری ئەوە دەکات نووسراوێک یان کۆمەڵە یاسایەک دابنرێت تاک لە یاریپێکردن و زەوتکردن بپارێزێت لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ ئەوە دەکات حکومەت کەمترین دەستێوەردان بکات، بۆ ئەو مەبەستە نووسەر شێوازێکی وریا و مەنتیقی دەگرێتەبەر بۆ ئەو کێشانەی بەهۆی ئەو یاسایەوە ئەگەری روودانیان هەیە بۆ نموونە «سادەترین شێوەکانی هێز ئەوەیە لە پێگەیەکی ئەلیکترۆنی توانای ئەوەت هەبێت بڵێی نەخێر».
بەوشێوەیە چەمکی کۆماریی زیندوو دەکرێتەوە بە پێی دیدگای یۆنانی کۆن کاتێک کۆمارەکانیان پێویستی بە هێز و توانای یەکگرتووی هەموو لایەک هەبوو لەگەڵ رێزگرتنی یەکتر بۆ ئیدارەدانێکی باشتر و بەشێوەیەکی راستتر، بۆیە داوای پێکهێنانی گروپی بچووکتر و لیژنەی تایبەت دەکات پێکەوە بۆ کەیسە تاکەکان یەک بگرن و دەسەڵاتیان هەبێت داوای یاسای نوێ بکەن یان داوای راپرسیی، قەدەغەکردنی هەندێ چالاکی، پاشان ئەو گروپانە هەڵدەوەشێنەوە و ئەندامەکانی سەرلەنوێ لەسەر ژیانی خۆیان بەردەوام دەبن، ئەم پرۆسەیە کە پێشی دەوترێت دیموکراسی کەرەستەیەکە بۆ هێشتنەوەی گروپەکانی فشار و بەرژەوەندییە تایبەتەکان لە دەرەوەی پرۆسەکە، بەپێی وتەکانی ئەو نووسەرە بێت هیچ پارت یان هەڵمەتێکی دووبارە هەڵبژاردنەوە و کۆکردنەوەی کۆمەک نابێت، بەڵکو کەیسەکە بریتی دەبێت لەوەی ئەندامانی ئەم کۆمارە دۆخی خۆیان هەڵدەسەنگێنن و بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک رووبەڕووی کۆمەڵگە ببێتەوە.
کێشەکانی ئینتەرنێت
لێرەوە دەتوانرێت کێشە سەرەکییەکەی ئینتەرنێت بۆ پێنج خاڵ پۆلێن بکرێت:
*کۆمپانیا تەکنۆلۆجییە گەورەکان هێزی راستەقینەیان هەیە و نابێت رێکنەخرابن
* تەکنەلۆجیا بێ لایەن یان بابەتیی یان دوور لە سیاسەت نییە.
*تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیی بە تەواوەتی لە دیدگای ئابوری بازاڕەوە دابەشنەکراوە.
*هیچ شتێکی سروشتی یان حاشاهەڵنەگر لە کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکاندا نییە، بەڵکو هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە لە هەر کاتێکدا و بەبێ هیچ سانسۆرێک.
*هەموومان پێداویستییەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکانمان پڕکردۆتەوە لە رووی تاکڕەویی لە بازاڕدا لەجیاتی ئەوەی وەکو کۆمپانیای خزمەتگوزار رێکیانبخەین.
لەوێوە ئەو نووسەرە رەخنەی زۆر ئاراستەی فەیسبووک دەکات بەهۆی درۆ و فریودانەکانییەوە لە رووی سیاسەتی تایبەتمەندیی کەسیی فەیسبووکەوە بەجۆرێک زەحمەتە لێی تێبگەیت، بەڵام راستییەکی تاڵ هەیە ئەوەیە لەگەڵ پەیدابوونی فەیسبووکدا وایلێهاتووە ژیانی کۆمەڵایەتی و کەرەستەکانی سۆشیاڵ میدیا ناتوانرێت لێک جیابکرێنەوە.
جیمی سسکیند دەیەوێت هەموو شتێک لە بواری تەکنەلۆجیادا بکات بە پیشە، وەکو ئەوەی پێویستی بە ژمێریار و پارێزەر و بڕوانامە و مۆڵەتی رێگەپێدان هەبێت و بە روونی پیشانیان بدات، کەواتە بۆچی داوا لە ئەندازیاری داتاکان ناکرێت هەمان شت بکەن؟ وەکو پرۆفێشناڵی تاقیکردنەوەی بەکاربەر و پرۆفێشناڵی تایبەتمەندی و پرۆفێشناڵی سیستەمی سەرەکی و پرۆفێشناڵی بازرگانی ئەلیکترۆنی..هتد.
پێداچوونەوەی تێدا بکرێت
ئەگەر دۆخێک بڕەخسێنرێت تێیدا ئەگەری ئەوە هەبێت مافی کارکردنیان لەدەست بدەن یان پێژماردن بدەن یان ناویان بزڕێ لە کاتی نەبوونی توانای پێویست بۆ کارکردنیان ئەو کاتە ئینتەرنێت زۆر جیاوازتر دەبێت و بۆ شێوەیەکی پۆزەتیڤ دەگۆڕێت، چونکە ئینتەرنێت بۆ کۆمەڵگە زۆر گرنگە و قورسە باوەڕ بەوە بکرێت پێویستی بە بڕوانامەی کارکردن تێیدا یان کارپێکردنی نەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر رێکخەرانی پێداچوونەوە بە پەیڕەوکردنی ئەو شێوازە بکەن و سزای سەرپێچیکەرانیش بدەن، چونکە ئەوە ئەو ستایلەیە دنیای نوێ کاری پێدەکات بە تەنیا تەکنەلۆجیای گەورە نەبێت.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت «کۆماری دیجیتاڵی» لە دوو بابەتی گرنگ پێکهاتووە یەکەمیان کێشەی زۆر و گەورە لە بواری رێکخستنی تەکنەلۆجیادا دووەم، دەتوانرێت زۆربەی بە باشی بەڕێوەببرێت لە رێگەی مەنتیق و هەستی گونجاوەوە.
د. أحمد خیر ندمان
و: دڵان سامان
سەرچاوە: knwe