هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجەی پایتەختی هەنار بەردەوامی هەیە و تاوەکو رۆژی 29ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت. جووتیار و باخەوانەکانی دیکەی هەنار لە هەڵەبجە و شارەزوور بەنیەتی بەبازاڕکردن و زۆرترین فرۆش بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە کردووە.
محەممەد ساڵح، باخەوانێکە کە لە منداڵییەوە لە باخە هەنارەکانیان گەورە بووە، بۆ یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکە یەک تۆنی لە هەموو جۆرەکانی هەنار بردبوو بەنیەتی فرۆشتنیان و دەڵێت: ساڵانە کێشە لە بەبازاڕکردن هەیە چونکە هاوکارییەکی ئەوتۆ نییە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانمان، راستە حکومەت ساڵی رابردوو هەندێکی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام شتێکی ئەوتۆ نەبوو.
کچان و ژنان بەشێکی دیکەبوون لە خاوەن کار و بەرهەمەکانی فێستیڤاڵەکە کە لە 500 خاوەنکار 120یان ژنان و کچانی هەڵەبجە بوون و بە بەرهەمی جیاواز بەشداریانکردووە. ڤەرسین عیزەت، ژنە باخەوانێکە و دەڵێت: کێشەکەیە ئەوەیە هیچ پێداویستیەک بۆ جووتیاران دابین ناکرێت و نرخی هەنار ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو گرانترە بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵییەوە.
گەشتیار و سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە بۆ فێستیڤاڵەکە هاتوون؛ بەشێکیان لە دهۆک، بەشێکی دیکەیش لە هەولێر و کەرکوک و سلێمانییەوە چوون و ئامادەکاری کراوە بۆ رۆشتنی زیاتر لە 100 هەزار کەس.
عەلی حەمە ئەمین، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و گوتی: ئێمە ساڵانە بەشداریی دەکەین چونکە پڕیەتی لە شتی خۆش بەتایبەت خواردنەکانی کەلانە و کولێرەکانی هەمووی بەدەستی خانمی دەست رەنگین دروست دەکرێت.
ئەرکان محەممەد، هاونیشتیمانییەکە کە لە دهۆکەوە چووەتە فێستیڤاڵەکە و دەڵێت: لەبەر نێوبانگی هەناری هەڵەبجە هاتین کە دەیانگوت زۆر بەتام و تایبەتە بە راستی وابوو زۆر خۆشبوو.
فێستیڤاڵ و بازاڕی پاییزە یەكێکن لەو رێگەیانەی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ بۆ هاوکاری بەبازاڕکردن بۆ جووتیاران و باخەوانەکانی ئەنجامدەدەن، بەڵام هێشتا نەتواندراوە بە تەواوەتی بەبازاڕکردنەکە لە سوودی خاوەن بەرهەمەکان بێت.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: ساڵانە بەشێک لە کڕیارانی هەنار لە خوارو و نێوەڕاستی عێراقەوە دێن بۆ هەڵەبجە بۆ ئەوەی بیکڕن و بیبەنە بازاڕەکانی ئەوێ، بەڵام ئەوەیش گەرەنتی نییە چونکە هەر کێشەیەک دروست ببێت ئەوان ناتوانن بێن.
زۆرترین بەرهەمی هەنار ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە کە لە نۆ هەزار دۆنم، بەنزیکەی 35 هەزار تۆن هەناری ساڵانە دەخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی و سارد و سەرمای زستانی رابردوو بەرهەمەکە بۆ نیوە کەمیکردووە.
سەرچاوە: rudaw- پێشەوا بەختیار