كه‌ڵه‌كه‌تڕێ‌ و ماڵه‌ شه‌قشه‌قه‌

لەتیف فاتح فەرەج
 

ئێرڤین هێكس بڕوات بۆ لای دیندار زێباری یان نه‌ڕوات ، راپۆرته‌كه‌ لابدات یان لانه‌دات ، ئه‌مه‌ هیچ له‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بارو دۆخێكی زۆر خراپ و ناجۆردایه‌و زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌م بارو دۆخه‌ رازی نین ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ پێی به‌شداری  خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان . 

هه‌رێمی كوردستان ، ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی نیوه‌ حكومه‌ته‌ ، یان كه‌متر له‌ نیوه‌ ، هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ بری نیشتمانی حزبیه‌ ، له‌ گه‌ڵ عیراقدا ده‌ستی له‌ ژێره‌وه‌یه‌و ئه‌و ریفراندۆمه‌ی به‌ عه‌زیمیش ناو ده‌برێت ناوی له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕدا نه‌ماوه‌، ئه‌گه‌ر ئێستاش ئه‌و ئه‌مه‌ریكایه‌ بڵێ‌ بای بای هه‌رێم به‌ بیست و چوار سه‌عات باره‌گای بارزانی ده‌چێته‌وه‌ راژان ، ئه‌مه‌ به‌رهه‌می ئه‌و ناجۆری مامه‌ڵه‌ كردنه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ سێ‌ ده‌یه‌یه‌ ئه‌م حزبانه‌ی ده‌سه‌ڵات وڵاتی پێ‌ به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، به‌ڵام حه‌زره‌تی سوله‌یمان وته‌نی " گێل خۆشی له‌ تێگه‌یشتن نابینێت " .

هه‌قیقه‌ته‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ یه‌كه‌مجار ده‌وترێن ، وامزانی رادیۆ بوو له‌ ژێر فشاردا بێت یان له‌ به‌ر خاتری هه‌ر كه‌س هه‌قیقه‌ته‌كه‌ ناشارنه‌وه‌ ، من له‌و رۆژه‌وه‌ی خۆم ناسیوه‌ خه‌ون به‌ ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه‌ ده‌بینم ، بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ش كۆشاوم ، به‌ هه‌ڵوێست به‌ به‌گژدا چوونه‌وه‌ به‌ نووسین ، سی و پێنج ساڵ له‌مه‌و به‌رو له‌ 11ی 4دا به‌ كراس و پانتۆڵێكه‌وه‌ له‌ ناو چه‌مچه‌ماڵ به‌رمان به‌ سوپای به‌عس گرت ، ئه‌و كاته‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك پارتیزان یه‌ك سه‌ركرده‌و سه‌رۆك له‌ شاخه‌كانی كوردستان " باشور"یش نه‌مابوون ، پێیان وتین ئه‌مانه‌ شێتن، ته‌نانه‌ت هاوڕێ‌ نزیكه‌كانیشم ده‌یان ووت "له‌ته‌ شێت" شێتی بوو، به‌ڵام هه‌قیقه‌ت بوو ، ده‌مانوویست شه‌هید بین پێمان وابوو به‌ شه‌هید بوونی ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت دروست ده‌بێت !

خه‌یاڵمان ده‌كرد ده‌بووینه‌ سوپه‌رمان و به‌ ته‌نها ده‌چوینه‌ نێو كۆشكی كۆماری به‌غداوه‌و له‌ نێو جێی خه‌ودا سه‌داممان ده‌ستبه‌ست ده‌كرد ، ده‌بووینه‌ ته‌ڕه‌زان و خۆمان لێده‌بوو به‌ رامبۆو ڤاندام ، كه‌ گه‌وره‌ بووین تێگه‌یشتین ئێمه‌ له‌ چ خه‌یاڵێكی كۆمیدیدا ژیاوین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ راستیه‌كه‌مان بوو ، چونكه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ وا په‌روه‌رده‌ كرابووین كورد بین ، باوكم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كوردی بمێنێته‌وه‌ به‌ نه‌بوونی مرد ، ته‌نانه‌ت ئه‌و حزبه‌ش سته‌می لێكرد كه‌ ته‌مه‌نی جوانی خۆی پێبه‌خشی ،سی و پێنج ساڵه‌ و پێشتریش شه‌ڕی من شه‌ڕه‌ له‌ گه‌ڵ سته‌مكاری و نادادی ، شه‌ڕه‌ بۆ بونیاد نانی خۆ خاوه‌نی و چوار چێوه‌یه‌ك كه‌ كوردی تیا پارێزراوبێت .

كاتێك پێمان ده‌ڵێن ماڵه‌كه‌تان له‌ كه‌ڵه‌كه‌ تڕه‌ ده‌چێت ، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌وانه‌ دوژمنن، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ برینه‌كانمان نیشانده‌ده‌ن ، له‌ كورده‌واریدا نیشاندانی دۆخی ئاوا له‌ بواری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و هه‌ر دۆخێكی تردا مانای ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ دوای چاره‌سه‌ره‌ دروسته‌كه‌دا بگه‌ڕێین ،ئێ‌ باشه‌ ئێستا دۆخی هه‌رێم هه‌ر به‌ ڕاستی له‌ كاری ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ بچوكه‌ ده‌چێت كه‌ له‌ ته‌خته‌ دار كۆشك و ته‌لار دروست ده‌كات ، ئێ‌ باشه‌ نیشاندانی ئه‌م كه‌موكوڕی و كێماسیانه‌ دوژمانه‌یه‌تیه‌ یان ئه‌وه‌ی عه‌ڕابه‌كان هه‌قیقه‌ت له‌ " براگه‌وره‌" بشارنه‌وه‌ له‌ قه‌ڵاسێوكه‌و گۆپته‌په‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ره‌سا بابایه‌ك شتێك وه‌ك ئومێد باس بكات پێی ده‌ڵێن " بابه‌ پیاز گه‌یشته‌ پردێ‌ " یانی لافاو هیچی نه‌هێشت ، ئێ‌ باشه‌ یه‌كێك بێت پێت بڵێت پێش ئه‌وه‌ی پیاز بگاته‌ پردێ‌ حه‌لێك بكه‌ دوژمنه‌ یان دۆست ، مادام قسه‌ هاته‌ سه‌ر پردێ‌ شه‌رتبێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ بۆ میدیای ده‌سه‌ڵات هێنده‌ی شاته‌ شاتێكی مونا قاوه‌چی باسی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌یه‌ی نه‌كرد كه‌ حه‌شدی توركمانی له‌ پردێ‌ سوكایه‌تی پێكردن .

له‌ راستیدا ده‌بوو ته‌واوی میدیای ده‌سه‌ڵات ئه‌و راپۆرته‌ی فۆرین پۆلیسی بڵاو بكردایه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ خۆدا چوونه‌وه‌و نیشاندانی دیموكراسی ، چونكه‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ست له‌ سه‌ر برینه‌كان داده‌نێت ، ئه‌وه‌ی من ده‌ینووسم ئه‌گه‌ر دواتر قسه‌ی رادیۆش ده‌رچوو هه‌ر هه‌قیقه‌ته‌ ، ئه‌مه‌ به‌س بۆ ئه‌وه‌ بوو بزانن .

راپۆرتێكیان بۆ ناردوم کە پڕیەتی لە تۆمەت بۆ مایكڵ رۆبن ، نوسه‌رو ئه‌كادیمیست و مامۆستای زانكۆ  ھەروەھا شکاندنی شکۆی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و خوێندکارانیشە کە ڕەنگە لێرەدا بۆمن گێڕانەوەشی قورسە ،کە له‌ راستیدا ئه‌مه‌ سوكایه‌تیه‌ به‌ خوێندکارانی زانكۆكه‌ش ، خوا بكه‌م دواتر تۆمەیێکی ھاوشێوەش بۆ ئێرینی کونسوڵی گشتی ئەمریکا و رۆژنامه‌نووسانی کورد دانەتاشن.

 

سەرچاوە: خەندان