كێن پاڵەوانەكانی دە ساڵ بێبەشكردنی خانەنشینان

 

 

 

 

 

 

محەمەد کیانی

 

پیرۆزەبایی لە خانەنشیان دەكەم بە بۆنەی بەدەستهێنانەوەی ئەو مافە یاسایانەی بۆ ماوەی دە ساڵە حكەمەتی هەرێم لێی زەوت كردوون كە بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فەرمانبەران عێراقی ساڵی ٢٠١٤ پێیان بەخشراوە و بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالی ئەو مافانەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە.

بەم بۆنەیەوە، بە پێویستی دەزانم ستایشی پڕۆفیسۆر ڕەعد ڕەفعەت بكەم بۆ هەوڵ و تەقەلا بێوچانەكانی لە پێناو گەڕانەوەی مافی خانەنشینان،  بە سكاڵاكردنی لە دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەسەر پرسی مەحروم كردنی خانەنشینان لەو مافانەی یاسای یەكگرتووی خانەنشینانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤وە پێیداون كە زیادبوو نی مووچەی خانەنشینان لەخۆ دەگرێ. 

دەبایە لەساڵی ٢٠١٤ بە پڕۆسەیەكی ئاسان، كە بریتی دەبوو لە بردنی یاسا نوێیەكەی خانەنشینی بۆ پەڕلەمانی هەرێم و دەنگدان و مسادەقەكردنی  (پەسندكردنی) ئەندامانی پەڕلەمان لەسەری بێ گیروگرفت. بەڵام بەداخەوە كەمتەرخەمی سەرۆكایەتی پەڕلەمان ئەو كات و خۆدزینەوەیان لە مسادەقەكردنی یاساكە و  گوێڕایەڵ بوونیان بۆ خواستی نێچیرڤان بارزانی كە فەرمانی پێكردن مسادەقەی ئەم یاسایە نەكەن، بوونە هۆی بێبەشكردنی خانەنشینانی هەرێم لەو دەستكەوتانەی بەگوێرەی یاساكە بەدەستیان هێناوە ولە ساڵی ٢٠١٤وە تاكو ئێستا.

دكتۆر یوسف محمد وەك سەرۆكی ئەو كاتی پەڕلەمانی كوردستان، بە كەمتەرخەمی كردنی لە ئاست دەستكەوتەكانی خانەنشینان و بەهەند هەڵنەگرتنی باش بوونی باری ژیانی خانەنشینان بە گوێرەی یاسا نوێیەكە، هۆكاری بێبەشكردنی خانەنشینان بوو لەوەی بەهرەمەند بن لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فەرمانبەرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٤، چونكە دكتۆر یوسف وەك سەرۆكی پەڕلەمان یاساكەی نەبردە پەڕلەمانی كوردستان تا دەنگی لەسەر بدەن و لە هەرێمیش ببێتە یاسایەكی بكارا و جێبەجێ بكرێت. دكتۆر یوسف بە كەیفی نێچیرڤان  و لەسەر فەرمانی ئەو خانەنشینانی هەرێمی بۆ ماوەی دە ساڵ لە مافی یاسایی خۆیان بێبەش كرد. بڕیارەكەی نێچیرڤانی پێ گەورەتر بوو لە مافی سەدان هەزار خانەنشینی كەم دەرامەد. دەبێ لەسەر زەرەری ئەو دە ساڵەی مەحروم بوونی سەدان هەزار خانەنشینان لە مافی ڕەوایان، كە هەر یەكەی چەندین دەفتەر دۆلاری بە فێڕۆ چووە بۆ دەسەڵاتدارە گەندڵەكان، هەق وایە یوسف دادگای بكرێت نەك ستایش. ئەمەی خوارەوە كۆپی بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانییە كە ئەمر بە پەڕلەمانی كوردستان دەكات  بێدەنگی بكەن لە مسادەقەكردن لەسەر یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فەرمانبەرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٤. پەڕلەمانیش كۆیلە ئاسا پەیڕەوی فەرمانەكەی نێچیرڤانیان كرد، كە بە نەس ئەمر دەكات و دەڵێ ”لە ئێستادا پێویستە پەڕلەمان گفتوگۆكردن لەسەر جێبەجێكردنی ئەم یاسایە لە هەرێم كوردستان دوابخات”، هەروها لە خوارتر دەڵێ،”وەزارەت و لایەنە پەیوەنددارەكان ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكەن”، بێ ئەوی ناوی پەڕلەمانیش دووبارە بكاتەوە. سەرۆكایەتی پەڕلەمانیش ملی بۆ بڕیارەكەی كەچ كرد و بۆ ماوەی دە ساڵ سەدان هەزار خانەنشینیان لە شایستەی دارایی خۆیان بێبەشكرد بۆ دەسەڵاتدارانی گەندەڵ.

دەبێ ئەوەش بوترێ; جگە لە حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەڕلەمان، هەموو حیزبەكانی بەشداربووی كابینەی هەشت و نۆ و حیزبەكانی فڕاكسیۆنیان هەبووە لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەڕلەمانی كوردستان، بەشدارن لەو زوڵمە گەورەیەی لە خانەنشینان كراوە لە ماوەی ئەو دە ساڵەی ڕابردوو، چونكە ڕۆژێك لە ڕۆژان یەك كەس و یەك لایەنیان پرسی ئەو بێدادیەی لە خانەنشینان بە بەردەوامی كراوە نەهێناوەتە بەر باس و هەوڵی ڕاستكردنەوەیان نەداوە نە لەناو حكومەت و نە لەناو پەڕلەمان. هەرچەندە پارتی و یەكێتی و گۆڕان دیاریترینیانن، بەڵام یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ وەك فراكسیۆن و تاك تاكی وەزیر و ئەندام پەڕلەمانەكانیان بەشداری ئەو بێدەنگی كردنەن لەو ستەمەی بە هەوەسی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە خانەنشینانی مافخوراو كراوە.

سەرچاوە : سپی میدیا