كتێبی (شاعیر ده‌مرێت شیعر نا) چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌

كتێبێكی تری سدیق سه‌عید ڕواندزی به‌ ناوی (شاعیر ده‌مرێت شیعر نا) چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیعری درێژه‌ كه‌ تێیدا نووسه‌ر، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌قی شیعری پاكانه‌ی موزه‌فه‌ر نه‌واب شاعیری ئازادیخوازی عێراقی كردووه‌. 
رواندزی ئه‌مڕۆ شه‌موو 19ی تشرینی دووه‌م، بۆ "وشه‌" قسه‌ له‌سه‌ر چه‌مكی پاكانه‌كردن، پاكانه‌ و لێكه‌وته‌كانی، پاكانه‌ له‌ نێوان كولتووری ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ده‌كات، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كرده‌ی پاكانه‌كردن، به‌ ئێسته‌شه‌وه‌ كرده‌یه‌كی ناشیرین و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ پاكانه‌ ده‌كه‌ن، له‌ تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ چاوێكی تر سه‌یر ده‌كرێن و فڕێ ده‌درێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژیان. به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و پاكانه‌كردنه‌، پێوه‌ست به‌ دۆزێكی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌وه‌ بێت و له‌ گرتووخانه‌ بكرێت. 

به‌پێی ئه‌وه‌ی رواندزی روونی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕی خۆیان له‌ سه‌رده‌می به‌عس نه‌بوون و قاره‌مانانه‌ په‌تی سێداره‌یان هه‌ڵبژارد و پاكانه‌یان نه‌كرد، تاهه‌تایه‌ به‌ نه‌مری ناویان له‌ مێژووی خه‌بات و تێكۆشاندا ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی پاكانه‌یان ده‌كرد، ده‌خرانه‌ زبڵدانی مێژوو. 

سدیق سه‌عید رواندزی زیاتر له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی هانی دام ئه‌و كتێبه‌ بچكۆڵه‌یه‌ بنووسم، هه‌ڵوێستی به‌شێك له‌ نووسه‌ران و سیاسییه‌كان بوو كه‌ له‌ په‌راوێزی مه‌رگی نه‌وابی شاعیره‌وه‌، ڕه‌خنه‌یان له‌ شاعیر و له‌و شیعره‌ش گرت و بڕوایان وابوو، مرۆڤ ئازاده‌ پاكانه‌ ده‌كات یان نا، ئه‌مه‌ ته‌نیا پێوه‌ندی به‌ ژیانی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی كولتووری ڕۆژهه‌ڵات به‌ گشتی و له‌ ناو ئێمه‌شدا به‌تایبه‌تی، دژی ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ هیچ كاتێك پاكانه‌كردن له‌ ناو ئێمه‌دا نه‌ كرده‌یه‌كی كه‌سییه‌، نه‌ ته‌نیاش پێوه‌ندی به‌ كه‌سی پاكانه‌ كردوو هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی له‌ ژووری گرتووخانه‌دا پاكانه‌یان ده‌كرد و ده‌یان هاوڕێی خۆیان به‌ گرتن و سێداره‌دان ده‌دا،  ئه‌وانه‌ دوای ئازادبوونییان نه‌ك ته‌نیا خۆیان ڕێسوا ده‌كرد، به‌ڵكو كه‌سوكاره‌كه‌شیان به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ڕێسوا ده‌بوون.

رواندزی ده‌ڵێ ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌، بۆیه‌ نابێ به‌ هه‌ر پاساوێكه‌وه‌ بێت، ڕه‌وایه‌تی به‌ پاكانه‌كردن بده‌ین، به‌تایبه‌تیش  كه‌ له‌ ناو ئێمه‌دا ئه‌و كرده‌یه‌ بێزراوه‌ و به‌ توندی ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌واب له‌و شیعره‌یدا كردوویه‌تی.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌دا نووسه‌ر باس له‌ دیوه‌ شاراوه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌ ده‌كات و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ بۆچی دایك و خوشكه‌كه‌، هێنده‌ به‌ توندی به‌ گژ براكه‌یاندا دێن و نایانه‌وێت پاكانه‌ بكات؟ ئه‌مه‌ وێڕای ئاماده‌یی ژن له‌و ده‌قه‌دا كه‌ نووسه‌ر هۆكاره‌كانی خستووه‌ته‌ ڕوو، له‌ كاتێكدا نه‌واب له‌ شیعره‌كه‌یدا، هیچ ڕۆڵێكی به‌ كوڕه‌كه‌ و باوكیشی نه‌داوه‌، ته‌نیا دایك و خوشكه‌كه‌ ده‌دوێن. 
شایه‌نی ئاماژه‌كردنه‌ سدیق سه‌عید ڕواندزی له‌ شارۆكه‌ی ڕواندز له‌ دایك بووه‌ و ده‌رچووی به‌شی كوردیی په‌یمانگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی مامۆستایانی هه‌ولێره‌، ئێسته‌ وه‌ك مامۆستای پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی، له‌ گوندێكی سنووری ڕواندز وانه‌ به‌ منداڵه‌ چاو گه‌شه‌كان ده‌ڵێته‌وه‌.

 

 

سەرچاوە: wishe- وشیار ئەحمەد ئەسوەد