"له مه‌هاباده‌وه تا بایكانۆر"، ناونیشانی بیره‌وه‌رییه‌كانی كۆچكردوو دكتۆر ڕه‌حمان حهلهوییه كه كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، رووداوه‌كانی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ری ڕۆژهه‌ڵات كوردستان ده‌گێرێته‌وه، پاش مه‌رگی له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه به زمانی فارسی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئێسته له‌لایه‌ن ره‌سووڵ سوڵتانی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و ناوه‌ندی ئاوێر چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌وه ره‌سووڵ سوڵتانی، به "وشه"ی گوت، دكتۆر ڕه‌حمان حه‌له‌وی كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌هه‌بادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و خۆی له ناوجه‌رگه‌ی ڕووداو و كاره‌ساته‌كانی پێش و دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا بووه، هه‌روه‌ها له سه‌رهه‌ڵدان و دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف و پاشانیش دامه‌زرانی حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆماری كوردستان به ڕێبه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی، ڕۆڵی گێڕاوه و به چاوی خۆی شاهیدی ئه‌و سه‌رده‌مانه بووه و به وردی مێژووی ئه‌م رووداوانه‌ی له‌م كتێبه‌دا گێڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌و گوتی، دكتۆر ڕه‌حمانی حه‌له‌وی، خوێندنی پزیشكی له سۆڤییه‌ت ته‌واو كردووه و هاتووه‌ته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات، له‌دوای رووداوه‌كانی كۆماری كوردستان چووه‌ته‌وه بۆ سۆڤییه‌ت، به‌ڵام له‌وێ گیراوه و خراوه‌ته گرتووخانه، به‌شێكی بیره‌وه‌رییه‌كانی ته‌رخان كردووه بۆ به‌سه‌رهات و ژیانی خۆی له گرتووخانه‌كانی سۆڤییه‌ت.
زیاتر ده‌ڵێت، زۆر به شێوازێكی ساكار و ڕاستگۆیانه ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی به خۆیدا ههڵبڵی و خۆی وه‌ك قاره‌مان پێشان بدات، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندیی كتێبگه‌لی بیره‌وه‌ری و مێژووی زاره‌كییه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه باسی سته‌ملێكراوی خۆی ده‌كات و زۆر جارانیش له‌به‌ر ڕاستی و ڕاستگۆیی و دروستكاری، خۆی تووشی چه‌رمه‌سه‌ری كێشه و ئازار هاتووه.
'' له‌م كتێبه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی بایۆگرافییه‌كان، نووسه‌ر خۆی به قاره‌مانی داستانه‌كان نازانێ و ته‌نیا بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی ده‌خاته ڕوو، ڕه‌نگه له زۆر جێشدا كه‌مكاری كردبێ له ده‌ربڕینی بۆچوون و باسكردنی ڕووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كه سه‌رپێی به‌سه‌ر زۆر ڕووداوی مێژوویی سه‌رده‌می كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف و كۆماری كوردستاندا بازی داوه، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر خاكه‌ڕایی كه‌سایه‌تیی خۆی و دووره‌په‌رێزی له خۆهه‌ڵكێشان بێ، یان له ترسی ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری فارس بێ و یان ویستبێتی هه‌موو شتێك بۆ كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر به‌جێ بهێڵێت.'' سوڵتانی وای گوت.
گێڕانه‌وه‌كانی دكتۆر ره‌حمان حه‌له‌وی زۆر ده‌گمه‌ن و جیاوازن و خوێنهرپهسندن و له ھه‌مان كاتدا سه‌رچاوه‌ی باش و جێی بڕوان بۆ نه‌وه‌ی ئێسته و داھاتووش. وه‌رگێڕ پێی وایه دكتۆر ڕه‌حمان زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له نووسینه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش ته‌نیا خۆی له یه‌ك خاڵدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ساده و ساكار و خۆمانه و خۆماڵییانه ده‌ست به گێڕانهویان ده‌كات، تا تۆیش ئاگادار بیت چی ڕووی داوه و وه‌ك فیلمی سینمایی تا كۆتایی پێت خۆشه سه‌یری بكه‌ی.
به‌گوته‌ی سوڵتانی، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییه ئه‌وه‌یه كه قه‌ت په‌نجه‌ی تۆمه‌ت و خیانه‌تی بۆ كه‌س درێژ نه‌كردووه، هه‌رچه‌ند خه‌ڵكێكی زۆریشی ھێناوه‌ته ناو داستانه‌كه‌ی و باسی ھه‌موویان ده‌كات، به‌ڵام له بازنه‌ی مرۆڤایه‌تی لانادا، ئه‌م شێوه نووسینه خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێ و ھه‌ست ده‌كه‌یت كه له كۆڕێكی دۆستانهدایت و ھاوڕێیه‌ك خه‌ریكه داستانێكت بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
كتێبه‌كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ئاوێر چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و ئێسته به‌رده‌سته له كتێبهخانهكاندا. دكتۆر ره‌حمانی حه‌له‌وی له مه‌هاباد له دایك بووه، ساڵی 1946 ده‌چێته وڵاتی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بۆ خوێندنی پزیشكی و له هه‌موو رووداوه‌كانی مه‌هه‌باد و كۆماری كوردستان رۆڵ و كاریگه‌ری هه‌بووه.
ڕه‌سووڵ سوڵتانی نووسه‌ر و وه‌رگێڕه و ساڵی 1976 له گوندی حاجیلهكی سه‌ربه شاری بۆكان له دایك بووه. ساڵی 2000 له زانكۆی بۆكان به‌كالۆریوسی له زمان و ئه‌ده‌بی فارسی وه‌رگرتووه، نزیكه‌ی 45 به‌رهه‌می تری چاپكراوی هه‌یه، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ئاوێره‌وه چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و ئێسته له به‌ردیدی خوێنه‌ردایه.
سەرچاوە: wishe- ئاسان محه‌مه‌د