گوڵزار فەرەج
مرۆڤ بەئەزمون سەردەكەوێت، لەمامەڵەكردنو پەیوەندیكردنو بەرنامە دانان بۆ ژیان، مەڵۆی خەرمانی كارو كردەوەی هەنگاوەكانی زیاد دەكات، ئەو كارەی دێتە زەینەوە ئەبێت هەنگاوی جدی بۆ بنێتو ئەمەش یەكێك ئەبێت لەپلەكانی سەركەوتن بەسەر ئەو گومانانەی لەناخیدا دروست دەبێت، هەركات ئەیەوێت كارێك بكات كە پەیوەندی بە قووتی ڕۆژانەو داهاتویەوە هەبێت، بڕینی ڕێگەی دڕك و داڵ و هەورازو نشێوو شەكەتی ژیان بێگومان ئومێد دەبەخشێت بەتاك، ئەو كات وێستگەی ڕوانینەكان بەدوو ئاڕاستەدا دەڕۆن، ئەگەر هەوڵدانێك هەر لەیەكەم ساتی هەورازو نشێوەوە كۆڵت پێ بداتو دەستبەرداری خەونەكانت بیت، یاخود ئاراستەی كۆڵنەدان بەر نەدەیت و
ئالودەبون بەخەون و ئارەزوەكان شەكەتت نەكات و بەردەوام بیت.
سۆزت لەقوڵی كارەكەتەوە بێت، ئەوا ئاراستەی دووەم دەتگەیەنێت بەتڕۆپكی جوانییەكان، نیشانەن بۆ دامەزڕاوەیت لەداهاتوت سەرەتا بەرزكردنەوە و پتەوكردن و ئەستور كردنی دیواری متمانە بەخۆبون و بیرمەندانە، چاوخستنە سەر دونیا بۆ ئەو كارو مەبەستەی هەوڵی بۆ دەدەی، یەكێكە لە هەنگاوە باشەكان و هەروەك زەخیرەیەكی پڕ ئەزمون چاوی لێدەكرێت، هەروەك سوقرات دەڵێ: خۆت بناسە، خودناسین و چی لەهەگبەدا بون ئەزمونێكی دیكە دەدات بە ڕێڕەوی سەركەوتن و ئاواتەكان و ئەزمونی چەندین ساڵ دەتباتە پێشەوەو بە ناخی جیهان شاراوەكاندا ڕۆدەچیت، جان جاك ڕۆسۆ دەڵێت: بۆ ئەوەی شتەكانی ڕۆژانە فێر بیت، دەبێ فەلسەفەیەكی زۆرت هەبێت، بەمانایەكی دیكە ئەبێ پڕ زانیاری بین و هیلاكی حەقیقەت بین و پەی بەهەموو ڕێگەكانی سەركەوتن و ئەزمونەكانی پێش خۆمان بەین و سڵنەكەینەوە لە كەوتن.
زۆرن ئەوانەی لەبەرەبەیانەوە لەگەڵ مەلەكان هەڵدەستنوكۆشش دەكەن، بەڵام بەبێ پەیڕەو پڕۆگرام لەئەنجامدا هیلاك بونێكی زۆرو ناگەنە ئەنجام بەشێوازێكی گشتی،
بەردەوامی لەكۆشش و سۆز بۆ هەركارێك دەگاتە نمرەیەكی تایبەت لەسەركەوتن.
سەرچاوە: گۆڤاری تەوار