فەرزاد مێهدی نیا ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی نوێ دەکات

هونەرمەند فەرزاد مێهدی نیا، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی بەناوی 'بێنە بێنە و گوڵەکەم نەقشانم' دەکات و لە ڤیدیۆکلیپەکەیدا دۆست و هاوڕێیانی بەشدارن.
فەرزاد مێهدی نیا، بە رووداوی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'بێنە بێنە و گوڵەکەم نەقشانم'یە کە بەرهەمێکی شادە و میوزیکژەن کەسرا کاوە لە سنە کاری میوزیکی بۆ کردووە. گوتیشی، ئەم بەرهەمە دوو ئاوازی فۆڵکلۆری هەورامان لەخۆدەگرێت و بە ستایلەکی سەردەمیانە و بە تێکستی باوی گۆرانی هەورامییەوە گوتراوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکەیە لە سوێد و کوردە عومەر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، روونیشیکردەوە، لە ڤیدیۆکلیپەکەدا دۆست و هاوڕێیان کە دانیشووتی شارەی ستۆکهۆڵم و ئۆپسالای سوێدن، بەشدارن.

هەروەها گوتی "هونەر و گۆرانی بە بێ جیاوازی بۆ هەموو کەسێکە، بۆیە دەکرێت بەشداربووانی نێو ڤیدیۆکلیپێکە خەڵکی ئاسایی و هۆگری گۆرانی بن".

فەرزاد مێهدی نیا، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە، لە گوندی ژیوار لە دایکبووە کە دەکەوێتە هەورامان لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2003یەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 2017 لە بەرنامەیەکی پێشبڕکێی بەهرەمەندان لە کوردستان بەشداربوو و ناوبانگی بەدەستهێنا و لە 2019ـەوە لە سوێد دەژی.

ئەو هونەرمەندە هەردوو ئامێری تار و ساز دەژەنێت و کار بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆری ناوچەی هەورامان دەدات و بە نۆتە تۆماریان دەکاتەوە.

فەرزاد مێهدی نیا، پێشتر لە نۆیەمین فیستیڤاڵی میوزیکی لە شاری بۆروجێن پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و لە فیستیڤاڵی بۆروجێن-ئێران 2015 میدالیای گەورەی زێڕی بەدەستهێناوە.

'هەوارو سانی' یەکەم ئەلبوومیەتی و لەلایەن رێباز سادقەوە کاری بۆ کراوە و لە 2021 بڵاوکراوەتەوە، دووەمین ئەلبوومی بەناوی 'هەوارو یارا' و لەلایەن ژمارەیەک میوزسیانی مهاباد و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ کراوە و لە 2022 بڵاوکراوەتەوە.

 

سەرچاوە: rudaw