ئا/ کامیز شەدادی
هۆڵی سینەما پارکی مۆس فیلم.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بە پێشاندانی فیلمی 'شنگال' دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی پێنج رۆژ دا لە چوار سینەمای مۆسکۆ 52 فیلم لە ژانرەی جیادا پێشاندەدرێن.
هۆڵی سینەما پارکی مۆس فیلم، کە کۆنترین ستودیۆی فیلمی مۆسکۆ یە، میوانداریی چوارەمین فیلمە فێستیڤاڵی کوردی لە مۆسکۆ دەکات.
پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، هەوادارانی سینەمای کوردی لەسەر فەرشی سوور لەگەڵ دەرهێنەر و ئەکتەرانی کورد وێنەیان گرت.
گولیزار گەردەنزەری، سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ دەڵێت: "بۆ یەکەم جار دەرهێنەرانی باشووری کوردستان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە دا کرد. ئێمەوە بەوە دڵخۆشین. پێشتر، وەرگرتنی ڤیزە زۆر قورس بوو. بۆ ئەم ساڵ، سوپاس بۆ خودا ڤیزەیان وەرگرت، دەرهێنەری زیاتر هاتن. بەداخەوە، هیچ کەسیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەشدار نەبووە. بەڵام بە فیلم بەشدارن. پرۆگرامی فیلمی چوار پارچەی کوردستان هەیە. بەڵام ئەکتەر و دەرهێنەر لە رۆژئاڤاوە نەهاتوون."
لە پێشبڕكێی فێستیڤاڵەکەدا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە 12 وڵات حەوت فیلمی درێژ، هەشت بەڵگەفیلم، 15 کورتەفیلمی سینەمایی و نۆ کورتەفیلمی دۆکیومێنتاری بەشدارن.
چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ سەرنجێکی تایبەتی خستووەتە سەر دۆخی کوردانی ئێزدی. فێستیڤاڵەکە هەر خۆی بە فیلمی 'شنگال'ی دەرهێنەری کەتەلۆنی ئانا ماریا بۆفارۆڵ دەستیپێدەکات.
ئانا ماریا، دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشم چونکە ئەمە زۆر گرنگە و شتێکی تایبەتە بۆ هەر دەرهێنەرێک کاتێک دەتوانێت فیلمێک لەگەڵ بینەردا هاوبەشی پێبکات. بێگومان بوونی ئێمە لێرە لە مۆسکۆ شتێکی تایبەتە. من هەرگیز پێشتر نەهاتوومەتە ئەم شارە. هەر بۆیە دڵخۆشم کە توانیم فیلمەکەم لەگەڵ بینەران هاوبەشی پێبکەم."
محەممەد عەفرینی، هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانە و لە فێستیڤاڵەکە دا بەشداری کردووە، دەڵێت: "برینە کۆنەکان و زوڵم و ستەمی لەسەر میللەتەکەمانی پێشاندا. ئێمە خۆمان دەزانین کە میللەتەکەمان چەند زوڵم و ستەمیان بینیوە. ئەمەیان پێشانی میللەتی رووسی و بیانییەکان دا."
رووداو دیجیتاڵ