فیلمی ژان نوێترین بەرهەمی هونەری ماهیر حەسەنە، کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدراوە، لە ڕۆژانی داهاتوو لە شاری سلێمانیەوە دەست بە نمایش دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە هۆڵی سینەما سالم بە ئامادەبونی هونەرمەند ماهیر حەسەن و هەریەکە لە بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرا دەرهێنەرانی فیلمی (ژان) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕیوەچوو لە بارەی فیلمەکەوە زانیاری وردیان ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی وتەی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە ماوەی 40 خولەکە و لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، بەرهەمی هاوبەشی مەهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدیە.
هونەرمەند ماهیر حەسەن وتی: سەرەتا پەیوەندیم پیوەکراوە بۆ ئەوەی کاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجام بدەم، کە خوێندمەوە زۆر جوان بوو بەلامەوە، سەرنجی راكێشام، چونکە باس لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەکات و زۆر بە کەمی کار لە سەر ئەو جۆرە چیرۆکانە کراوە، بۆیە پێمخۆش بوو وەکو یەكێک لە ئەکتەرەکانێش رۆڵ ببینم.
وتیشی: بە داخەوە زۆربەی ئەو کارانەی دیکە کە کراون بۆ چینێکی بینەر بووە، لە کوردستان نمایش نەکراون، ئێمە ئامانجمانە ئیتر کورتە فیلیمیش نمایش بکرێت، هەروەها داوا دەکەم چیتر کەرتی تایبەت تەنیا لە چوارچێوەی تەلارسازیدا نەبێت بەڵکو لە مەیدانی هونەریشدا ڕۆڵیان هەبێت.
پاشان بورهان ئەحمەدی، دەرهێنەر، لە باری بیرۆکەی فیلمەکەوە ڕایگەیاند: فیلمەکە بیرۆکەی لەیلا باغ پیرای هاوژینمە، هەمان کات وەکو دەرهێنەریش پێکەوە کارمان کرد، زۆر سوپاسی ماهیر حەسەن دەکەین کاری بەرهەمهێنانی لە ئەستۆ گرت، کارەکەمان لە بەرهەمێکی هونەری زیاتر کارێکی بەڵگەییە.
بڕیارە 18ی ئەم مانگە مەراسیمی فەرشی سور و نمایشی تایبەتی فیلمەکە لە هۆڵی سینەما سالم بەڕێوەبچێت، پاشان 19ی ئەم مانگە و ڕۆژانی دواتر نمایشەکانی لە چوار کاتی جیاوازدا بەردەوامیان هەبێت، دواتریش لە شارەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە نمایش بکرێت.