فیلمی سینەمایی بەرازیلیە شینەکە لە نێوان حەقیقەت و چەواشەکاریدا

 

د. ئیدریس عەبدول کاکە

 

 

سینەما وەکو یەکێک لەرەگەزە کاریگەرەکانی هونەر توانای جوڵاندن و بارگاوی کردنی کۆمەڵگای هەیە و بەشێک لە وڵاتان لە رێگای سینەماوە کەلتور و پەیامەکانی خۆیان بەجیهان گەیاندووە.

بەداخەوە لە کوردستان گرنگی ئەو تۆ بە دراما بەگشتی و سینەما بەتایبەتی وەکو پێویست نەدراوە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا هۆڵی سینەماکان لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی بەتەواوەتی بێنازبوون و گەیشت بەو ئاستەی کە لە شوێنی ئەو هۆڵانە باڵەخانەی بازرگانی نوێ دروست بکرێت و شارەکان خاڵی بکرێنەوە لە هۆڵی سینەما.

بەڵام بە خۆشحاڵیەوە لەم ساڵانەی دواییدا جوڵەیەکی باش لە بواری سینەمادا ئەبینرێت و خۆشبەختانە چەندین فیلمی ناوازە هۆڵە نوێیەکانی سینەمای لە هەموو شارەکان ئاوەدان کردەوە لەوانەش ( تونی بابا، ١٩٨٨، شین، کفن ، ئاڵودە، خۆشەویستی لەسەردەمی کۆرۆنادا، ….هتد).

دواجار فیلمی ( بەرازیلیە شینەکە) کە لە دەرهێنانی محەممەد شێروانی، و نووسینی داروین وەیس، و لەلایەن کۆمپانیایی ئارت سیتی و سینە کوردەوە بەرهەم هێنراوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تاکو ئێستاش جێگای وتووێژو بۆچوونی جیاوازە و چەندین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێناوە.

 فیلمەکە گوایە باس لە چیرۆکی ڕاستەقینەی بەشێک لە رووداوەکانی شاری هەولێر دەکات لە ساڵانی نەوەتەکانی رابردوودا.

شایانی ئاماژەیە فیلمەکە لەرووی نواندن و وێنەگرتن و دەنگ و نمایشەوە بۆ من کە پسۆریم لەو بوارەدا نیە ، واتا بەپێوەری کەسێکی ئاسایی ئەتوانین بڵێین بەرهەمێکی جوان و دانسقەیە لە ئاستی هونەری سینەمایی لەشاری هەولێر و ئەو بابەتە بۆ تایبەتمەندەکانی ئەو بوارە بەجێ ئەهێڵین.

بەڵام ئەوەی کە ئێمە ئەمانەوێت زیاتر گفتوگۆی لەسەر بکەین لەرووی سیناریۆو دەقەوەیە، ئایا هەڵبژاردنی ئەم سیناریۆیە پێویست بوو؟ ئایا چ پەیامێکی گرنگی هەڵگرتووە بۆ بینەر؟

من وای ئەبینم دەرهێنەر  سەرکەوتوو بووە لە راکێشانی بینەر بۆ بینینی فیلمەکە لەشاری هەولێر بەڵام مەرج نیە بینەری زۆری هەبێت لە ئاستی کوردستان و دەرەوە، لەلایەکی ترەوە فیلمەکە باس لەقۆناعێکی سەختی ژیان ئەکات لە شاری هەولێر کە ئەو مێژووەدا ژیان لە هەموو شارەکانی تری هەرێمی کوردستان  لەهەمان دۆخ و بگرە خراپتریشدا بووە. 

ئەو دیاردانەی لەم فیلمەدا فۆکسی لەسەر دانراوە، جۆرێک لەپاشاگەردانی و نەبوونی دامەزراوەی یاسایی و لاوازی رۆڵی یاسا و مافیاگەری و دیاردەی چەکداری و دزی و تاڵانی و نەبوونی ئارامیە، ئەمەش تایبەت نەبووە تەنها بەشارێک بەڵکو ئەم دیاردەیە لە هەموو شارەکاندا بەرێژەی جیاواز هەبوو، هۆکارەکانیش زۆر بوون لەوانە :

١- نەبوونی ئەزموونی حوکمرانی بەئاستی پێویست.

٢- ئەزموونی خۆبەرێوەبەری بۆ کورد تازەبوو لەگەڵ زۆری و جۆراوجۆری ئاڵەنگاریەکان.

٣- پاشەکشێ کردنی دەسەڵاتی کارگێری حکومەتی ناوەندی و سەپاندنی ئابڵوقەی گشتی بەسەر هەرێمدا جگە لەبوونی ئابڵوقەی ئابووری گشتی بەسەر عێراقدا، کەبوو بووە مایەی قاتوقڕی و برسێتی و بەو هۆیەشەوە رێژەی تاوان زۆر زیادی کردبوو.

٤- هەبوونی هێزی چەکداری جۆراوجۆر لەشارەکان و نەبوونی سەرچاوەی یەکگرتووی هێزی سەربازی.

٥- ململانێی حزبی لەئاستێکی هەرە مەترسیداردا بوو ئەوەبوو دواجار لەساڵی ١٩٩٦ گەیشت بەترۆپکی براکوژی.

لە فیلمەکەدا رۆڵی سەرەکی دراوە بەچەند گروپێکی چەتە و مرۆڤ کوژ و مافیا کە کارەکانیان بریتین لە کوشتن و دزی و دەستدرێژی و حکومەت و یاساش لەئاستیان بێدەسەڵاتە.  بەڵام دواجار هێزی حکومەت سەرکردەکەیان دەستگیر ئەکات و پاش دادگایی کردن لە رێوشوێنێکی توندوتیژو نایاساییدا گولەبارانی ئەکەن و تەرمەکەشی لە چۆڵەوانیەکدا فرێ ئەدەن، بەپێی ئاماژەکانی فیلمە روونە ئەو کارەکتەرانە کێن ، هەرچەندە دەرهێنەرەکە ویستویەتی خۆی لەبەرپرسیارێتی دەرباز بکات و ناوی پاڵەوانی فیلمەکەی پشتگوێ خستووە و ناونیشانی فیلمەکەش لەجیاتی ناوی کارەکتەرەکە کراوە بەبەرازیلیە شینەکە کە پاڵەوانە راستیەکە ئەو کەسەیە کەبەرازیلیەکەی دزیوە نەک خودی بەرازیلیە شینەکە( کە لەراستیدا سوربووە رەنگەکەی ئەوەش هەر بۆ خۆدەربازکردن بووە لەبەرپرسیارێتی)  بەڵام هەر نەیتوانیوە راستی بابەتەکە پەردەپۆش بکات و راستیەکانیش هاوار دەکەن چونکە مێژووەکە تەنها (٢٥-٣٠ ساڵ ) لەمەوبەرە.

ئەم فیلمە جگەلەوەی کە توندوتیژیەکی زۆری تێدایە و بەجۆرێک لەجۆرەکان هاندانی بۆ توندوتیژی و مافیاگەری لەخۆگرتووە، بۆیە بینینی ئەو دیمەنانەو بەپاڵەوان کردنی چەتەو دەرمانخۆرو مافیاکان کارێکی نادروستە و ئەبێت رێگری لێ بکرێت چونکە ئەم کارەکتەرانە لەدۆخێکی نالەباردا لەناوچوون و نەوەی نوێ پێیان ئاشنا نیە و ناکرێت بکرێن بەنمونە بۆ ئازایەتی تاکو گەنجەکان لاساییان بکەنەوە،  لەو قۆناعەدا کورد لەباشور لەدۆخێکی زۆر نالەباردا ژیانی بەرێ ئەکرد و بەهەزاران مرۆڤ نانی وشکیان بۆ ژەمەکانی خواردن بەدەست نەئەکەوت و شەرەفمەندانە کەلوپەلی ماڵەکانیان ئەفرۆشت تاکو نانی پێ بکرن بەڵام کاری نامرۆڤانەیان ناکرد، بەهەزاران مرۆڤی تر لە دوایی دەراسەکانەوە گوڵە چنەیان ئەکرد رۆژ تاکو ئێوارە تاکو قزناخێک گەنمی حەڵاڵ پەیدا بکەن و پەنایان بۆ دزی و مرۆڤ کوشتن نائەبرد.

دەیان کورد بۆ پەیداکردنی نانێکی حەڵاڵ بوون بەقوربانی لوغم  ودزیشیان نەکرد. لەو رۆژگارەدابوو مامۆستاکان بەبێ مووچە مناڵانیان فێری خوێندن ئەکرد و بەدەنگێکی دلێرەوە ئەیانوت سەری بەرزمان نەوی ناکەین بۆ مووچە، لەلایەکی تریشەوە بیرمان نەچێت لەو رۆژگارەدا رژێمی بەعس هێشتا گوروتینی کوردی تێدامابوو و هەرەشەبوو لەسەر خاکی کوردستان و پێشمەرگەش لەسەنگەرەکاندابوون بەسکی برسی و ورەیەکی بەهێزەوە.

بۆیە من پێم وایە زۆر بابەتی گرنگتر و بەنرختر و پێویستتر هەبوو بکرێت بەفیلم تاکو بەنەوەی نوێ بوترێت ئێمە بە چ زەحمەتێک گەیشتوین بەئەمڕۆ، یاخود زۆر سەربازی وونمان هەبووە لەو ساڵانەدا بەرۆحی نیشتیمان پاروەریەوە تێکۆشاوەو کاری چاک و مرۆڤ دۆستانەی کردووەو مافی لەسەر کۆمەڵگایە کە یادی بەرز رابگرێت نەوەکو کەسانێکی لەو جۆرە کە قەتماغەی برینە کۆنەکان لای قوربانیەکان و کەسوکاریان ئەکولێنێتەوە.

هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەنددارەکان رۆڵی جدی بگێڕن لەوەی کە هونەر ببێت بە میکانیزمێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی و سەرەروەری یاسا و پتەوکردنی ژێرخانی دیموکراسی و پەروەردەکردنی دروست بۆ کۆمەڵگا و رێگری کردن لە توندوتیژی و لەناوچوونی بەها مرۆییەکان.

 

سەرچاوە : سپی میدیا