فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان لە رانیە، هەولێر و سلێمانی بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرانی دامەزراوەی رایەڵن، کاریان ئاڵوگۆڕی کولتوورییە لە نێوان کورد و گەلانی جیهان. لە 29 ئەم مانگە هەشتەم فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان ئەنجام دەدەن.
خالید قادر، بەڕێوەبەری دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری دەڵێت، "نەریتێکی ساڵانەی دامەزراوەی رایەڵەیە کە ئامانجی سەرەکیمان ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانی دونیایە، ئێمە پێمان وایە کوردستان وەک لانکەی مرۆڤایەتی کە هەمیشە شوێنی پێکەوەژیان بووە و رایەڵ کار لەسەر بەهێزبوونی ئەو هێڵە دەکات. ئەم گرووپانەی کە بەشداریی فیستیڤاڵەکە دەکەن هەر یەکەو هەڵگری خەسڵەتی تایبەتمەندی کولتوورەکەی خۆیەتی و تێگەیشتن لەم کولتوورانە بەشێک لە تێگەیشتنی کۆمەڵگە و دەبێت".

فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان، ساڵی 2010 بۆ یەکەمجار لە باشووری کوردستان لە رانیە کراوە، بۆ ئەمساڵ 16 گرووپ لە چەندین وڵاتەوە بەشداریی فیستیڤاڵەکە دەکەن.

ئێوارەی 29ـی ئەیلوولی 2022 بۆ دوو شەوی لە سەریەک لە پارکی دەروازەی رانیە فیستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت، ئێوارەی رۆژی 01-10-2022 لە سلێمانی و رۆژی دواتر لە بەردەم قەڵای هەولێر بەڕێوە دەچێت.

مەهدی وەرتی، لیژنەی ئامادەکاریی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "یەکەم فیستیڤاڵ کە لە ساڵی 2010 کە ئەنجامماندا بە بڕە پارەیێکی کەمی 10 ملیۆنی توانیمان گرووپەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراق کۆبکەینەوە و مایەی سەرنجی خەڵک بوو دواجار رایەڵ و فێستیڤاڵەکە بوو بە واقیع و لەو کاتەوە ساڵانە وەزارەتی رۆشنبیری بڕێک هاوکاریی ماددیمان دەکات."

نزیکەی 50 گەنجی رانیە لەژێر چاودێریی دامەزراوەی رایەڵ خۆبەخشانە کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەر سێ شارەکەی باشووری کوردستان کولتووری گەلان بە یەکدی و بە کورد بناسێنن.

 

سەرچاوە: rudaw- بەختیار قادر