كەمێك پێش ئێستا نووسەر و وەرگێڕی دیاری كورد، د. عەیز گەردی لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
د. عەزیز گەردی گرێیەکی شیرپەنجە لە گورچیلەیدا ھەبوو، بەو ھۆیەوە مانگی ئازاری ئەمساڵ نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدراوە و دواتر دۆخی تەندروستی باش بووەتەوە، بەڵام لەدوای چەند رۆژێک لە نەشتەرگەری، دۆخی تەندروستی تێکچووەتەوە و دووبارە رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کرايەوە، هەر بەو نەخۆشییەش كۆچی دوایی كرد.
عەزیز گەردی كێیە؟
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە ساڵی 1948 لە هەولێر لەدایكبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە دەبێت و لە هەرزەكاریدا دەست بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی كوردی و بیانی دەكات، كتێبی زانستەكانی رەوانبێژی و عەرووز دەخوێنێتەوە و لای خۆیشی هێدی هێدی یاداشتیان دەكات، وەكو خۆی وتوویەتی: لەگەڵ خوێندنەوەی هەر كتێبێكدا، تێبینی و سەرقەڵەمی تایبەتیم دەنووسییەوە، تا وای لێهات چەند دەفتەرێكم پڕ كردەوە.
یەكەم بەرهەمی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوكراوەتەوە كە كتێبی رەوانبێژییە، دواتر كتێبەكانی ئەدەبی بەراوردكاری، پەخشانی كوردی، رابەری شیعری كلاسیكی كوردی و چەندین كتێبی دیكە دەنووسێت و تائێستاش بەردەوامە لە نووسین و وەرگێڕان.
لە ساڵی 1994 بڕوانامەی ماستەر و لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دكتۆرا بەدەستدەهێنێت كە تێزەكەی بە ناونیشانی (سەروا)یە، دەزگای ئاراس هەمان ساڵ چاپ و بڵاوی دەكاتەوە.
عەزیز گەردی لە چەندین قوتابخانە وانەی وتووەتەوە و پاشان دوای تەواوكردنی زانكۆ لە كۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی كوردی دەبێتە مامۆستا، خۆی لەبەر نەپڕژان بەسەر كاری وەرگێڕاندا دەستلەكاردەكێشێتەوە و بەیەكجاری تەنیایی هەڵدەبژێرێ، خانوویەك لە شارەدێی بەحركە دەكاتە شوێنی ژیان و نووسینەكانی.
عەزیز گەردی، جگە لە شێوەزارەكانی كورمانجی سەروو، كورمانجی خواروو و هەورامی، هاوكات چوار زمانی جیهانیشی بەباشی دەزانی، ئەو بەشی زمانی فەڕەنسی لە زانكۆی بەغدا خوێندووە، زمانەكانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیش بەباشی دەزانێت.
عەزیز گەردی ژیانی هاوسەرگیری پێكنەهێاوە بەڵام، تا دوا ساتەكانی ژیانی كەسوكاری لێی نزیكبوون و تەنها نەبووە.
سەرچاوە: pukmedia