دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:
"پەیامی پشتیوانی لە ئازیزان
وەک چۆن لە ساڵی 2010 دا "محەمەد" ێک، لە شاری ”سیدی بوزید"ی توونس، لە داخی هەژاری و بێچارەیی ئاگری لە خۆی بەردا، بە بڵێسەی بەدەنی خۆی هەموو وڵاتی خرۆشاند و ڕێژێمی"بنعەلی"ی ژێروژوور کرد، هەرواش، خۆبەختکردنی"ژینا" ڕۆژهەڵاتی کوردستانی یەکپارچە جۆش دا، ڕق و کینەی 43 ساڵ خەفەکراوی هەموو ئێرانی تەقاندەوە، بەرانبەر بە "ویلایەتی فەساد" گشت زمان و دیالێکت و نەژاد و مەزهەبەکانی خستە ناو سەنگەرێکەوە.
(ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێکی مژدەبەخشە، نیشانەی ڕۆڵی پێشڕەوانەی ژنانە، پڕە لە ئومێدی دواڕۆژێکی جوانتر و درەوشاوەتر بۆ مرۆڤ. ئەوانەی ئەم دروشمە بەرز دەکەنەوە و دەیچڕن سەوداسەری ژیان و ئازادین، پەیامی ڕێنیسانس و خۆخوێندنەوەی سەرتاپێیان هەڵگرتووە. ژینا، بە مەرگی پێشوەختی خۆی، بە هەموو دنیای گوت کە سەپاندنی یەک دین، یەک مەزهەب، یەک دروشم، یەک زمان، یەک پۆشاک و یەک ڕەهبەر تونێلێکی تاریکی بێ دەرچەیە، مایەی شەرمەزارییە، دابڕانە لە گیانی سەردەم.
ڕابوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر تێکڕای نەتەوەکانی ئێران، نەک هەر بۆ ئێران خۆی، بەڵکوو بۆ گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش گرنگە، بۆیە پێویستە بێ دوودڵی، بێ چەندوچۆن، پشتیوانیی لێ بکرێ.
بەڵێ، ڕابوونی جوگرافیایەکی فرەڕەنگی پانوپۆڕ کاریگەرە، بەڵام کاریگەرتر و چارەنووسسازتر پایتەختی دەسەڵات و دەوروبەرەکەیەتی، چونکە پێگەکانی ڕێژێمی تێدایە، هەروا، چونکە ئەو زەبروزەنگ و کوشتارەی ڕژێمی ئاخوندان لە کوردستان و بەلووچستان و پەراوێزەکان بەکاریان دێنێت، ناتوانێت بە هەمان شێوە لە پایتەخت پیادەیان بکات، نەک هەر لەبەر ئەوەی لە تەنینەوەی ئاگری نێزیک دەترسێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەش کە سێنتەری بڕیار پتر چاوی کامیراکانی جیهانی لەسەرە.
بۆ ئەوەی چنینی بەری ئەو ڕابوونە مسۆگەرتر و پشتگیریی نێونەتەویی کردەکیتر و یەکڕووانەتر بێ، پێویستە هەوڵی سازکردنی پڵاتفۆرمێکی سیاسی بدرێت و بکرێتە نەخشەڕێی سەرکەوتن. دەبێت هەمووان لەوە دڵنیا بکرێنەوە کە لە داهاتوودا مۆدێلی فەرمانڕەوایی لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و مافی چارەنووس بنیات دەنرێت. هەر لەم ڕێگەیەشەوە، ئێران دەتوانێت ئەو دێوەزمەیەی چۆکی لەسەر سنگی خۆی و مرۆڤایەتی داداوە لاببا و تاریکستانی سەدەکانی ناوەڕاست جێ بهێڵێ.
نەمری بۆ ژینا.
سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازان".
عەبدوڵڵا پەشێو
06.10.2022
سەرچاوە: nnkurdistan@