عەبدوڵڵا پەشێو

شاعیری نوێخواز، شاعیری بیری سەربەخۆ خواز، شاعیری نەتەوەیی عەبدوڵا پەشێو.
عەبدوڵا پەشێو لە ساڵی 1946 لە گوندی (بێرکۆت)، کە ئیستا لە گەڵ شاری هەولێر تێکەڵ بووە لە بنەمالەیەکی ئایینی لە دایك بووە، باوکی مەلای مزگەوتی گوندەکە بووە، پەشێو هێشتا منداڵ بووە باوکی کۆچی دوایی کردووە و مامەکانی هانی دەدەن کە قوتابخانە تەواو بکات، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (خالیدیە) بە زمانی عەرەبی دەخوێنێ و ناوەندی و دوا ناوەندی لە هەولێر و دەچێتە پەیمانگای مامۆستایان و تەواوی دەکات.
پەشێو لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان (باڵی مەکتەبی سیاسی) بووە، لە کۆتایی ساڵی 1969 واز لە کاری سیاسی دەهێنێ و بڕیار دەدات کە بیری سەربەخۆ خوازی هەڵبژێرت و لەم ڕێبازەدا خزمەتی میللەتەکەی بکات.
پەشێو لە ساڵی 1970 ئەندام بووە لە یەکیەتی نووسەرانی کورد و 
لە ساڵی 1971 ساڵێك مامۆستا بووە لە گوندی (کەنداڵ)ی سەر بە دەشتی هەولێر، لە ساڵی 1973 لە ڕێگای شەهید سەیدا سالح یوسفی زەمالەی خوێندن بۆ یەکیەتی سۆڤیەت وەردەگرێت و ساڵی 1979 ماجستێر لە وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزی لە زانکۆی Mauriice - Thorez وەردەگرێت و ساڵی 1984 دوکتۆرای لە ئەدەبیاتی کوردی بە دەست دینێ و نامەی دوکتۆراکەی لە سەر شاعیری گەورەی کورد (پیرەمێرد) بووە.
پەشێو لە ساڵی 1985 تا 1990 لە زانکۆی (الفاتح)ی لیبی لە طرابلس مامۆستای زمانی عەرەبی بووە، ئێستاش لە وڵاتی (فنلەندا) نیشتەجێیە و زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و ڕووسی و ئەلمانی زۆر بە باشی دەزانی و وەرگێڕدراوەکانی لە سەر (پۆشکین و ویتمەن) بەڵگەی لێهاتووییەتی لە ڕووی زمانەوە. یەکەم دەستپێکی پەشێو لە نووسینی شیعر لە هەفتانەی هەولێر بووە ساڵی 1961، دواتر لە رۆژنامەی (الاخبار) بووە کە ئەو کات هەفتانە یەك لاپەڕە بۆ کوردی تەرخان کرابوو، لە ساڵی 1967 یەکەم کۆمەلە شیعری (فرمیشك و زام) بڵاودەکاتەوە، دواتر لە ساڵی 1980 بە یارمەتی محەمەدی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس کۆمەلە شیعری (شەو نییە خەونتان پێوە 
نەبینم) بڵاودەکاتەوە.
پەشێوی شاعیر کۆمەڵێك شاکاری شیعری بڵاوکردۆتەوە گرنگەکانیان ئەمانەن: (فرمێسك و زام - یەکەم کۆ شیعریەتی لە ساڵی 1967، بتی شکاو نامیلکە شیعرێکە چاپی یەکەم 1968، شەونامەی شاعیرێکی تێنوو ساڵی 1972، دیوانی برا کوژی چاپی یەکەم هەولێر ساڵی 1994، دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغەكراوی س هرد همی خۆی ساڵی 1997، شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم ساڵی 1980، بروسکە چاندن سوید ساڵی 2000، بەرەو زەرده پەڕ سوید 2001، پرێسکەی عاشقێکی زگماك لە کوردستان 2006، پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕیوە کۆی شیعرەکانی 1965 - 1979، هەسپم هەورە رکێفم چیا کۆ شیعرەکانی 1980 - 2005، سەوڵم پۆڵا و کەناریش دوور کۆ شیعرەکانی  2006 - 2019، پۆشکین، ژیان و بەرهەمی شاکاری س.م - پیترۆف - وەرگێڕان لە گەل محەمەدی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس ساڵی 1983).

زۆر لە شیعرەکانی پەشێو کراونەتە گۆرانی لە 
لایەن گۆرانیبێژانی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات لەوانە: (وەرە با برۆین ئەی بووکی تازە - فوئاد ئەحمەد، شیعری ئاڵای کوردستان - بژار دیان، شیعرەکانی خاتوون و چاوەڕوانی و دارستانی سووتاو لە بەر دەرگا - عەدنان کەریم، شیعرەکانی لە دەرگا و دڵی من و کێ و بێ نەورۆزی ساڵی ١٩٧٠ - مریەم ئیبراهیم پوور، شیعرەکانی لەو رۆژەوە لە گەڵمانیت و نیشتمان و سەربازی ون - خالید رەشید، شیعرەکانی دوانزە وانە و چۆن دەتوانم لە بیرتکەم - عەزیز شارۆخی، لە دەستم دێ - تایەر تۆفیق، شیعری دەرگاكەتم لێ بکەوە - هاوتا ئەسعەد، شیعری نامە - مەرزیە فەریقی، شیعری جوانی ئەفسوناوی - عەتا قەرەداغی، شیعری ساردیت دەمکوژی - ناسر کەریمی، شیعرەکانی گەر هاتی بە تەنیا وەرە و سەربازی ون و تۆش بە جێم دیڵی - کاروان عوسمان). هەروەها پەشێو لە گەرمەی شەڕی کۆبانی دەقێکی شیعری بە ناو نیشانی (مەنەفێستی کۆبانی) بڵاوکردەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، هەر لە شەڕی بەرخودانی عەفرینیش شیعرێکی بە ناوی (عەفرینگراد) بڵاوکردۆتەوە ئەویش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
سەبارەت بە پەشێو پرۆفیسۆر دوکتۆر مارف خەزنەدار دەڵێت: زستانی باکوور بێ بەفر نابێ، کوردستانی ئێمە بێ گوڵ نابێ، پەشێوی شاعیریش بێ شیعر نابێ، پەشێو توانیویەتی تۆزێ ووردەکاری ڕۆمانتیکی، هەندی شیکردنەوەی سایکۆلۆژی، بڕێك ووردبوونەوە و سەرەنجدان لە تەنگ و چەڵەمەی ژیان و دڵداری و بزووتنەوەی نەتەوایەتی بکاتە هەوێنی شیعرەکانی.
شێرکۆ بێکەس شاعیری گەورەی کورد دەڵێت: عەبدوڵا پەشێو یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، هاوتەمەن و هاوجیلی یەکترین، پەشێو خۆی بە خۆی تەئسیرێکی گەورەی کردە سەر بەشێك لە شاعیران و بەهرەدارانی شاری هەولێر، دیوانەکانی دوواییشی تا ئەوەی من دیومە هیچ وەختیك خالی نەبووە لە جووڵەی جوانی شیعری کوردی.
پرۆفیسۆر دوکتۆرە شوکریە ڕەسول دەڵیت: پەشێو جگە لەوەی خەڵکی شاری هەولێرە، بەڵام ئەو شاعیرێکی کوردستانیە، خوێنی کوردە، 
عەقلی کوردە، هەڵوێستەکانی کوردە، باشترین بەڵگەشم ئەوەیە هەرچەندە ژنەکەی ڕووسییە، بەڵام وەکوو بیستوومە لە ه هندێ کەس و کاری فێری زمانی کوردی کردووە و مندالەکانیشی فێری زمانی کوردی کردووە.
کریم دەشتی شاعیر دەڵێت : پەشێو ڕۆڵی غاندی بینی لە بە نرخ کردنی خۆی و دەنگی ئەراگۆنی نواند لە بانگەشەی ئازادی و ڕۆڵی )ئیلۆت( ی بینی لە تازە کردنەوە.
بیرەوەریەکانی خۆم لە گەڵ شاعیری گەورەی کورد پەشێو، لە ساڵی 1972 هاتە بەشی کوردی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا، لای پرۆفیسۆر دوکتۆر مارف خەزنەدار یەکتریمان بینی و پێشتریش لە هەولێر دەمناسی، تازە کۆمەلە شیعری (شەونامەی شاعیرێکی تینوو)ی لە بەغدا لە چاپ دابوو، داوای لێکردم ئەگەر بکرێت لای من 500 دانەیەک بەجێبهێلێت لە ناو قوتابیانی بەشی کوردی و قوتابیانی کورد لە کۆلیژەکانی تری زانکۆی بەغدا بۆی بفرۆشم، منیش چۆنی ووت وام کردوو نرخی کیتابەکانیشم بۆ بردەوە هەولێر و لە شەقڵاوە تەسلیمم کردوو زۆر سوپاسی کردم و پێی وتم: بمێنەوە بۆ ئێوارە پێکەوە دەچینەوە هەولێر، منیش وتم : ناوەڵا دەگەڕێمەوە بەغدا سبەینێ دەوامم هەیە، هەر ئەو کات پێی وتم کاك نەجم ئەو پارانە و لە گەڵ هەندێکی تر (سولفە)م وەرگرتییە خەریکی سەفەری دەرەوەم بۆ خوێندن، منیش پیرۆز باییم لێکردوو ووتم: خێری تێدایە، گەڕامەوە بەغدا.
لە خوارەوە شیعری سەربازی ونتان بۆ دەنووسمەوە:
سەربازی ون
کە وەفدێك دەچێتە شوێنێ،
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون،
تاجەگوڵینەیەك دێنێ.
ئەگەر سبەی وەفدێك بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسی :
((کوانی گۆڕی سەربازی ون ؟))

دەڵێم :
((گەورەم !
لە کەناری هەر جۆگەیێ،
لە سەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لە بەر دەرگەی
هەر ماڵێ، هەر کڵێسەیێ، هەر ئەشکەوتێ،
لە سەر گابەردی هەر شاخێ،
لە سەر درەختی هەر باخێ،
لەم وڵاتە !
لە سەر هەر بستە زەمینێ،
لە ژێر هەر گەزە ئاسمانێ،
مەترسە ! کەمێك سەر داخەو
تاجەگوڵینەکەت دانێ !)).

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان