عەبدولڕەحمان فەرهادی

نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و مامۆستای فیزیا و پەروەردەكار و سەرۆكی یەكیەتیی نووسەرانی كورد-لقی هەولێر-كاك عەبدولڕەحمان فەرهادی، ناوی تەواوی )عەبدوڕەحمان مەلا سادق فەرهادی(یە، لە 2/ 11 / 1963 لە گوندی )سێبیران( كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای هەولێر، لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە، تەمەنی یەك ساڵان بووە كە ماڵیان هاتۆتە هەولێر و لە گەڕەكی )عارەبان( نیشتەجێ بووین ه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە هەولێر تەواو كردووە، پاشان چۆتە كۆلێژی زانست )كلیە العلوم( لە زانكۆی سەڵاحەددین و بەشی فیزیای تەواو كردووە و بۆتە مامۆستای فیزیا لە قوتابخانەكانی دواناوەندیی شاخۆران و ئامادەیی شارستانی كچان و ئامادەیی هەولێری كوڕان و ئامادەیی كوردستانی كوڕان و ئامادەیی شەنگەبێریی كچان لە هەولێر.
مامۆستا فەرهادی لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانەوە دەستی بە نووسینی شیعر و ڕەخنە و وەرگێڕان كردووە و لە زۆربەی زۆری گۆڤار و ڕۆژنامە كوردییەكان سەدان وتار و ڕەخنە و وەرگێڕانی بڵاوكردۆتەوە، لە تەك كاری مامۆستایی، ڕۆژنامەنووسیش بووە و لە هەردوو رۆژنامەی )كوردستانی نوێ و ئاڵای ئازادی(، هەروەها سەرنووسەری هەردوو گۆڤاری )هزرین( بووە كە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان دەریكردووە و پاشان بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری )نووسەری نوێ( كە لە لایەن لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد دەرچووە.. لە ڕۆژی 9/ 9/ 2004 لە كۆنفراسێكی یەكێتی نووسەرانی كورد-لقی هەولێر-بە هەڵبژاردن دەبێتە سكرتێری یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێر و لە ڕۆژی 28 / 8/ 2010 دیسان لە كۆنفراسێكی تری یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر هەر بە هەڵبژاردن دەنگی یەكەمی هێناوە و بووەتە سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد/لقی هەولێر.
مامۆستا فەرهادی كۆمەڵێك بەرهەمی پوخت و پڕ چێژی چاپ و بڵاوكردۆتەوە، لە وانە )دیداری غوربەت و زامداریی نیشتمان( ساڵی 2014 ، مێژووی یەكێتی نووسەرانی كورد كورتە باس، هەروەها كۆمەڵە تەنزە چیڕۆكێكی سەرنجڕاكێشیشی بە ناوی )ماجەرای دختۆر كاكۆی سەگەوان( لە 2020 بڵاوكردۆتەوە، پێشتریش دیوانە شیعرێكی بەناوی )چۆڕاوی تریفە( لە 2017 چاپكردووە كە بریتییە لە كۆشیعرەكانی مامۆستا عەبدولڕەحمان فەرهادی كە لە بەرگێكی قەشەنگ بە قەوارەی )176( لاپەڕەیە و لەسەر ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیری چاپكراوە و ئێستا لە كتیبخانەكانی كوردستان دەستدەكەوێت.
مامۆستا فەرهادی سەرەڕای ئەوەی وەكوو سەرپەرشتیاری فیزیا لە 2005 ەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر بەردەوامە لە خزمەتی پەروەردە و زانست و پێگەیانی دەیان نەوە لە قوتابی و مامۆستا لە شاری هەولێر و بەردەوامیشە لە سەرۆكایەتی كردنی یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر، هەرچەندە بێ بودجە و كەم دەرامەتن، بەڵام پەكی نەخستوون لە بەردەوام بوون لە جموجۆڵ و چالاكیی ڕۆشنبیری، هەروەها لە ڕێز ڵێنان و ماتەمینی ساڵیادی شاعیران و نووسەرانی كورد لە ناو شاری هەولێر و دەوروبەری، ناوبراو پەیوەندیەكی پتەوی لەگەڵ هەموو شاعیر و نووسەرانی هەولێر و كوردستان هەیە، پیاوێكی ڕەوشت بەرزە و جێگای متمانەی هەموو لایەكە، بۆیەش ئەوەتا دەبینن خانەوادەی شاعیری گەورەی كورد نەمر )حەسیب قەرەداغی( و ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ لە یەكەمین ساڵیادی ئەو شاعیرە لە رۆژی 24 / 11 / 2021 لە ڕێوڕەسمێكی شایستە ڕێز لە مامۆستا فەرهادی دەگرن و وێنەی ڕێز لێنانەكەشم هاوپێچ كردووە. لای هەموومان. ئاشكراشە كە بەرهەمی شاعیران هەمووی وەكو جگەرگۆشەیە، نۆبەرەش زێدە خۆشەویستە، بۆیە كە مامۆستا فەرهادی یەكەم شیعری خۆی واتە نۆبەرەی شیعرەكانی لە ژمارە 26ی گۆڤاری كاروان بڵاوكردۆتەوە، بە دڵنیاییەوە زۆر لای خۆشەویستە بۆیە وا منیش تەواوی پارچە شیعرەكە لە گه ڵ پۆستەكەم هاوپێچ دەكەم.
مامۆستا عەبدولڕەحمان فەرهادی هێشتا هەر قوتابی دواناوەندی بووە لە پۆلی پێنجەمی زانستی كە ئەم پارچە شیعرەی لە گۆڤاری كاروان بلە ساڵی 1984 بڵاوكردۆتەوە:
چەندی چاوەڕوانم كردی
ئارەقی ڕەش و شینم دانا
تۆ نەهاتی
چەندی قسەو یادی دێرینت بیسترا
چەندی شیعر و گۆرانی نوێ
بە تۆی شیرین هەڵبەسترا
تۆ نەهاتی
چاو هەر چەند بینایی مابێ چاوەڕێتە
دڵ هەر چەندە عیشقی جوانی نیگای تۆیێ
هەر دەم بەندێكی ژێر پێتە
هەموو جەستەم ساردو سڕو ماندوو بووە
كەچی جێگای كۆنە زامی جارانی تیا وون
نەبووە
تۆ نازانی
هەموو كات و زەمانم لە چاوەڕوانیت سەرف
دەبێ
تۆ نازانی بە هاتنت
كۆنە زامی دێرینی جەستەم وون دەبێ ؟
تۆ نازانی بە هاتنت
ئاگری خۆشەویستی تۆ
گەشتر دەبێ ؟
وەرە گیانە
چاوەكانم لە تەنیا چركەیەك دا
سەدان هەزاران جار
نیگای جوانی تۆ دەكیشێ
لە كۆتاییدا تەمەن درێژی و سەرفرازی بۆ نووسەر و شاعیری گەورەی كورد كاك عەبدولڕەحمان فەرهادی و هەموو ئەو بەڕێزانەی ناویان لە پۆستەكە دا هاتووە، ئەوانەشی نەماون لە ژیان ڕوحیان شاد و ئارام بێت.

 

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكانێ؛ نەجمەدین عەزیز سمایل