لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگى راستەوخۆى نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە ئەندازەى سەرنجەکان لەسەر هێرش و پەلامارە مووشەکی و ئاسمانییەکانى هەردوو وڵات بۆ سەر یەکدی، جیهان چاوى لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم جەنگە فراوانتر دەبێتەوە، یاخود نا؟ چونکە لە واقیعدا سرووشتى ناکۆکیى و ململانێى نێوان وڵاتان، جیهانى بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، ئێران و ئیسرائیلیش لەم دابەشبوون و ململانێیەدا هەریەکە و سەر بە یەکێک لە بلۆکە جیهانییەکەن. بۆیە پرسیارى گرنگ لەم بارودۆخەدا ئەوەیە ئایا چاوەڕوان دەکرێت جەنگى نێوان ئەم دوو وڵاتە سەربکێشێت بۆ بەریەککەوتنى بلۆکە جیهانییەکان، یاخود لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا دەمێنێتەوە.
وەک پێدراوێک ئەگەر لە جەنگى نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت، کە ئەوانیش لەو هاوسەنگییە جیهانییەدا نەک هەر سەر بە دوو بەرە جیاوازەکەى جیهانن، بگرە رووسیا سەرکردایەتیی جەمسەرێک دەکات و ئۆکرایناش نوێنەرایەتیی جەمسەرەکەى دیکە، سەربارى ئەوەى کۆریاى باکوور لەڕووى کردارییەوە بەهێزى سەربازى بۆ پشتیوانى رووسیا چووەتە جەنگەکەوە و وڵاتانى ئەورووپاش بە چەک و پارە پشتگیریى ئۆکراینا دەکەن، بەڵام جەنگى نێوانیان پەلی نەکێشاوە بۆ وڵاتانى دیکە. بۆیە ئەگەر تەنیا ئەو دابەشبوونە بەسەر جەمسەرەکان پێوەربێت، چاوەڕوانى ئەوە ناکرێت جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیل فراوان بێتەوە.
هەرچەندە سرووشتى ململانێ و ناکۆکیی نێوان ئیسرائیل و ئێران پاشخانێکى دوورودرێژى هەیە لە کێشەى نێوان عەرەب - ئیسرائیلەوە بۆ ناکۆکیی جیهانى ئیسلامى و ئیسرائیل و دواتر چڕبوونەوەى بۆ ململانێى تاران و تەلئەڤیڤ، بەڵام لێرەشدا ناتواندرێت هاوکێشەکە بەو شێوە گشتگیرە وێنابکرێت کە شەڕى جیهانى ئیسلامى و جولەکەیە، چونکە دواى ئەوەى لە چەند دەیەى رابردوودا کۆمارى ئیسلامی خاوەندارێتیی خۆى بەسەر کێشەى فەلەستیندا سەپاند، وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى، یەک لەدواى یەک خۆیان لەو ململانێیە کشاندەوە و کێشەکەیان بۆ شیعە بەجێهێشت. جیا لەوەش بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى، ئێستا لە بەرەى ئیسرائیلدان نەک لە بەرەى ئێران. بۆیە لەم تێڕوانینەشەوە هیچ ئەگەر و چاوەڕوانییەک نییە بۆ فراوانبوونەوەى جەنگى ئێران و ئیسرائیل.
ئەوەى وادەکات ئەم جەنگە لە هەموو ئەو پێوەر و لۆژیکانە بەدەربێت و ئەگەرى تێوەگلانى چەند وڵاتێک ببێتە ئەمرى واقیع، پێشینەى ئەم جەنگەیە، کە چەند ساڵێکە لەنێوان ئیسرائیل و وەکیلەکانى ئێراندا بەڕێوەدەبرێت. بەدیاریکراوى لە حەوتى ئۆکتۆبەرەوە شەڕى راستەوخۆ لەنێوان تاران و تەلئەڤیڤ هەڵگیرساوە، بەڵام ئێران کارتێکى زۆرى هەبوو، یەک لەدواى یەک وەک لەمپەر و دیواربەند بەکارى دەبردن تاوەکو نەهێڵێت پریشکى ئاگرەکە بگاتە تاران. واتا جگە لە ئێران، چەند وڵاتێکى دیکە تەرەفن لەم کێشەیە و کارتى ئامادەى دەستى ئێرانن بۆ فراوانکردنەوەى بەرەى جەنگ دژى ئیسرائیل.
لەم چرکەساتەدا کە ئێران وەک کارت ئەو تەرەفانەى دیکە بەکارنابات، بۆ ئەوەیە بەدیاریکراوى ئەمریکا پەلکێشى ناو شەڕەکە نەکات، کە بەتاکتیکى گفتوگۆى ئەتۆمى تا ئەندازەیەک خۆى لە هێرشى راستەوخۆى ئەمریکا پاراستووە. دەشزانێ ئەگەر چەند وڵاتێکى دیکە شانبەشانى ئێران بەشداربن دژى ئیسرائیل، لەو حاڵەتەدا وەک گەلەکۆمە لەسەر ئیسرائیل دەردەکەوێت و ئەوکات راستەوخۆ ئەمریکا و وڵاتانى ئەورووپا بۆ پشتیوانیی تەلئەڤیڤ دێنە جەنگەکەوە. ئێران دەزانێت بەهاتنە ناوەوەى ئەمریکا بۆ ناو شەڕەکە، رۆژگارەکانى تەمەنى مانەوەى دەسەڵاتەکەى کورتتر دەبنەوە، بەڵام لێرەشدا پرسیارى گرنگ ئەوەیە ئەى ئێران ئەو کارتانەى بەدەستییەوە ماون، بۆ کەى هەڵیگرتوون؟ چەندین ساڵە ئەو گرووپە چەکدارییانە پەروەردە دەکات، مەشق و راهێنان و پڕچەکى کردوون، بۆ رۆژێکى رەشى واى نەبێت، بۆ چییەتى؟ وەڵامەکەى سادەیە، ئێران نایەوێ دەستپێشخەربێت لە پەلکێشکردنى ئەمریکا، هەرکات زانى ئەمریکا دێتە شەڕەکەوە، بەدڵنیاییەوە دوایین تیرى خۆى دەهاوێژێت و هەموو پاشماوەکانى حەماس و حیزبوڵڵا، حووسییەکانى یەمەن و حەشدى شەعبى دەخاتەکار.
ئایا ئەمریکا تاکەى وەک تەماشاکار لەم جەنگە دەڕوانێت، ئیدارەى ترەمپ تاوەکو چەند بەرگەى گوشارە ناوخۆییەکانى لۆبى جولەکە دەگرێت؟ بانگەواز و هاوارى نەتەنیاهوو بەوەى بەرگەى ئەو هەزاران مووشەکە بالیستییەى ئێران ناگرین، بۆ دروستکردنى گوشارە لەسەر ترەمپ، دوور نییە جۆرێک چاوپۆشیش هەبێت لەوەى مووشەکەکانى ئێران هەندێ لە ئامانجەکان بپێکن، بۆ ئەوەى زیانەکانى ئیسرائیل، ئەمریکا ناچار بکات راستەوخۆ بێتە ناو جەنگەکەوە.
ئەوەى سەنگى مەحەکە لێرەدا بەردەوامى و درێژەکێشانى جەنگەکەیە، ئەگەر پێبنێتە هەفتەى دووەم و سێیەمەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمریکاش دەبێتە بەشێک لە جەنگەکە و ئێرانیش حوسییەکانى یەمەن و عێراقیش وەک دوو دوایین کارتى دەستى پەلکێشى ناو شەڕەکە دەکات، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمان تەرەفن لە کێشەکە و لە ساڵانى رابردوو بە درێژایى شەڕى غەززە، گرووپەکانى ناو حەشدى شەعبى لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن کەمتەرخەمییان نەکردووە لە پشتیوانیکردنى ئێران و لێدان لە بنکە و بەرژەوەندیى ئەمریکا و ئیسرائیلیش.
یەکێک لە خەسڵەتەکانى ئێران لە سەردەمى پێش کۆمار و دواى هاتنە سەر حوکمى مەلاکانیشدا، ئەوەبوو هەمیشە دەیانەوێ کێشەکان فڕێبدەنە دەرەوەى خۆیان. چى لۆژیکێک لەوەدایە ئەوکاتەى پزیشکى ئاگر نەگەیشتووەتە جەستەى ئێران، تاران هەموو ئەم گرووپانە لە دەرەوەى خۆى بەکاربەرێت بۆ لێدان لە دووژمنەکەى، بەڵام کە ئاگرەکە بگاتە ناو هەناوى وڵاتەکەى، نەیەوێ ئەم کارتانە بۆ فراوانکردنەوەى جەنگ بەکاربەرێت، بەتایبەت کە ئەم قۆناخەى شەڕ بۆ ئێران شەڕى مان و نەمان بێت.
بە یەقینیەوە ئێران هەموو تواناکانى دەخاتەکار بۆ بەرگرى لە مانەوەى سیستم و دەسەڵاتەکەى کە یەکێک لە کارتە بەهێزەکانى، بەتەرەفکردنى عێراقە لە فراوانکردنەوەى شەڕەکەدا. لە ناوخۆى عێراقیشدا زەمینەى ئەم بە تەرەفبوونە ئەگەرێکى بەهێزى کراوەیە، چونکە ئەوانەى بڕیاریان بەدەستە، هەموویان دەستەمۆى ئێرانن و بەدەست بەپشتەوەگرتنى ئێران پێیان لە حوکم گیربووە و دەزانن مانەوەیان بەستراوە بە پێگەى ئێرانەوە. لە دەرەوەى جومگەکانى دەسەڵاتیشدا گرووپگەلێکى چەکدارى تووندڕەو هەن کە راستەوخۆ وابەستەى تارانن و بڕیار لەوانەوە وەردەگرن. بۆیە ئاسان دەتواندرێت عێراق بکرێتە بەشێک لە جەنگەکە.
عێراق بۆ ئیسرائیلیش ئامانجێکى دیکەیە، لە درێژەى شەڕى غەززەدا، دەیان جار گرووپەکانى عێراق بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، بە پێى راگەیێندراوى رەسمیی خۆیان، چەندین گورزیان لە سوپاى ئیسرائیل داوە. بۆیە بۆ ئیسرائیلیش دەرفەتە هاوشێوەى حەماس و حیزبوڵڵا، کۆتایى بە مەترسیی حەشدى شەعبیش بهێنێت. تەنانەت بۆ ئەمریکاش هەر راستە، چونکە لە دەرەوەى کردەوەى چەکدارى دژ بە بنکە و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، لەژێر گوشار و هەژموونى حەشدى شەعبیدا پەرلەمانى عێراق یاسایەکى تایبەتى دەرکرد بۆ دەرکردنى ئەمریکا لە عێراق، تەنانەت داواى داخستنى باڵوێزخانەى ئەمریکا و دەرکردنى شەریکات و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشیان دەکرد. لەکاتێکدا ئەمریکا هەزاران سەربازى بەکوشتدا بۆ رووخاندنى سەدام. واى نابینم ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمانەیان بیرچووبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەى گۆڕینى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست کە ئەمریکا و ئیسرائیل دیزاینى دەکەنەوە، شوێنى گرووپى چەکدارى نادەوڵەتى تیا نابێتەوە. بۆیە جیا لەوەى لە بنەڕەتەوە عێراق بەشێکە لە کێشەکە و ناتوانێت نەبێتە تەرەف، لەبەر بوونى ئەو هەموو گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەش بێت، پێشهاتى هەرە نزیک ئەوەیە چارەنووسى بەسترابێتەوە بەم جەنگەى ئێران و ئیسرائیلەوە.
سەرچاوە : ڕووداو